کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان هەیئەتێکی حیزبی دێموکڕات و نوێنەری پارتی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ

04:13 - 25 خەرمانان 2716

لە سەر بانگهێشتی رەسمیی پارتی سوسیالیستی چەپی نۆروێژ، هەیئەتێکی کومیتەی نۆروێژی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە پارلمانی ئەو ولاتە لەگەڵ نوێنەری ئەو حیزبە کۆبوونەوە. ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەرمانان، هەیئەتێکی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ولاتی نۆروێژ و یەکیەتیی ژیانی دیموکرات لەو وڵاتە، پێکهاتوو لە کاک ناسر قادرپوور، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزب و خاتوو نەمام زرینفام، ئەندامی دەستەی بەڕێوەریی یەکیەتیی ژنان، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان کرد و لەلایەن " هەیکی هەلمۆس"، ئەندامی پارلمانی نۆروێژ لە سەر "حیزبی سوسیالیستی چەپ"ەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لەو دانیشتنەدا چەندین تەوەری جیاواز کەوتنە بەر باس و ڕاوێژ کە سەرەکیترین باس دۆزی ڕەوای کورد بە گشتی و ئەو بارودۆخە نالەبارە بوو کە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستی پێدا تێپەڕ دەبێ. باسێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژاوای کوردستان و هێرشەکانی حکومەتی تورکیە بۆ سەر ئەو بەشە ئازادکراوەی کوردستان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوو کە لە نێوان هەردوو لا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. لەو پەیوەندییەدا هەیئەتی حیزبی داوای لە بەڕیز هەلمۆس کرد کە لە ئاست دەستدرێژییەکانی حکومەتی تورکدا بۆ سەر ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە باکوور و خۆرئاوای کوردستان بێدەنگ نەبن. لە تەوەرێکی دیکە ئەو دانیشتنەدا باس لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوشارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی کورد کرا و چەند دێکۆمێنتێک لەسەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی رێژیم لە ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران لە ئێران خرایە بەردەستی بەڕێزیان. لە بەشێکی دیکەی ئەو دانیشتنەدا باس لە پشتگیریی حیزبە نۆروێژییەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرا و هەیئەتی حیزبی داوایان کرد کە حیزبی سوسیالیستی چەپ، وەک چۆن هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی دۆزی ڕەوای کورد بووە، هەروا پێشقەدەم بێ بۆ هەر هەوڵێک کە بە ئاڕاستەی ڕزگاری نەتەوەیی کورد دا دەدرێ. باسی پەنابەران و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ کەیسی ئەو کەسانەی کە بە هۆی شۆڕش و خەبات دژ بە ڕژیمی ئێران پەڕیوەی هەندەران بوون و لە وڵاتی نۆروێژ گیرساونەتەوە بەشێکی دیکە ئەو دیدارەی پێکهێنا. لە کۆتایی ئەو دیدارە دا جگە لە پێداگری بۆ پتەوتر کردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری نێوان هەردووک حیزب، هەیئەتی حیزبی سپاسی حیزبی سوسیالیستی چەپ،یان کرد کە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردوو پشتگیر و پشتیوانی کورد و بزووتنەوە ڕەواکەی بووە.