کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێورەسمێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبه‌ندان له وڵاتی‌ ئاڵمان بەڕیوەچوو

19:59 - 4 رێبەندان 2716

کۆمیته‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ ئاڵمان ڕیکه‌وتی ٢١.٠١.٢٠١٧ی زایینی بۆ ڕێزگرتن له‌ بیره‌وه‌ری ٧١مین ساڵوه‌گه‌ڕی کۆماری کوردستان مه‌راسـمێکی تایبه‌تی له‌ شاری کۆڵن پێک‌هێنا. له‌م ڕیوڕه‌سمه‌دا که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ ئه‌ندامان،لایانگرانی حیزب و هۆگرانی کۆماری کوردستان تێیدا به‌شدار بوون ،سه‌ره‌تا به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب و دواتر ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێکرد. دواتر په‌یامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزب به‌م بۆنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هاورێ  کامڕان عوسمانپوور و په‌یامی کۆمیته‌ی حیزب له‌ ئاڵمانیش له‌ لایه‌ن هاورێ خالق شه‌ریفی خوێندرایه‌وه‌. به‌ دوای ئه‌وه‌دا که‌سایه‌تی ناسراوی نه‌ته‌وه‌که‌مان کاک دوکتۆر حه‌سه‌ن شه‌ته‌وی له‌ باره‌ی ٢ی ڕێبه‌ندانه‌وه‌ وتارێکی جێی سه‌رنجی پێشکه‌ش کرد. به‌ رێزیان وێرای ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی لایه‌نه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کۆمار، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا که‌ هه‌نووکه‌ش کۆماری کوردستان و ده‌ستکه‌وته‌کانی بوونه‌ته‌ چرای ڕووناکی خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌مڕۆی گه‌لی کورد. لە بڕگەیەکی دیکەدا کیژوڵە‌یه‌کی کورد به‌ ناوی بەهار قوربانی به‌ پارچه‌ شێعرێک مه‌راسمه‌که‌ی ڕازاوه‌تر کرد. په‌یامی یه‌کیه‌تیی لاوانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ لایه‌ن کاک بهزاد و هه‌روه‌ها به‌ زمانی ئاڵمانیش له‌ لایه‌ن کاک ژیلوان حه‌سه‌نه‌وه خوێندرایه‌وه‌.‌ هونه‌رمه‌ندانی به‌رێز محمد بۆکانی، به‌کره‌له‌کزی، ئه‌نسار عه‌زیزی و گرووپی هه‌ندرێن به‌ چه‌ندین پارچه‌ مۆسیقا و گۆراییەکی خۆش جۆش و خرۆشێکی تایبه‌تیانبە ڕیورەسمەکە بەخشی . پێویست بە ئاماژەیە کە ژماره‌یه‌کی به‌رچاویش له‌ حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییه‌کان وێرای به‌شداریان، په‌یامیان بۆ ئه‌م مه‌راسمه‌ ناردبوو که‌ هاورێ  شوکری ته‌ریق وێرای خویندنه‌وه‌ی به‌شیک له‌ په‌یامه‌کان، سپاس و پێزانینی کۆمیته‌ی ئاراسته‌ی نوێنەری حیزب و ڕێکخراوە به‌شداربووان  کرد. نێوئاخنی به‌رنامه‌که‌ش بریتی بوو له‌ چه‌ندین پارچه‌ شێعرو په‌خشان له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆڕه‌که‌وە. ئه‌م هێزولایه‌نانه‌ی که‌ په‌یامیان بۆ مه‌راسمه‌که‌ش ناردبوو بریتی بوون له‌: - پارتی ذیموکڕاتی کوردستان - یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان - لقی رێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمەڵە - کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان - کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - پارتی دێموکراتی کورد له‌ سوریه‌ - ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی کورد له‌ سوریه‌ - پارتی دێموکڕاتی کوردستان-  باکوور - پارتی ئازادی کوردستان- باکوور - پارتی یه‌کیه‌تی کورد له‌ سوریه‌ - ناوه‌ندی به‌ڵگه‌نامه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ی کورد - پارتی سوسیالیستی کوردستان پەسەکە