کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی نۆروێژ کۆڕیادێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی کاک فەتاح کاویان بەڕێوە چوو

16:28 - 11 رێبەندان 2716

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ژانویە ٢٠١٧ی زایینی، کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، لە کۆمۆنی شیسمۆ، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی، بۆ ڕێزگرتن لە دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی تێکۆشەر و خۆشەویستی ناو ڕێزەکانی حیزبەکەمان، کۆچکردوو کاک فەتاح کاویان ڕێکخست. ڕێوڕەسمەکە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و کۆچکردوو کاک فەتاح دەستی پێکرد. پاشان هاوڕی سەعید بیگزادە ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب لە دەرەوە وڵات، وتارێکی تێروتەسەلی لە سەر ژیان و خەبات و تێکۆشان و هاوکات جێگە و پێگەی بەرزی کاک فەتاح، چ لە ناو ڕیزەکانی حیزب و چ لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا پێشکەش کرد. کاک سەعید باسی خەبات و تێکۆشانی کاک فەتاحی کاویانی لە بوارەکانی فەرهەنگی و ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ومامۆستایەتی ولێهاتوویی و لێزانی ناوبراوی لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزبی دا چ ئەوانەی تێیدا بەرپرس بووە و چ ئەوانەی هاوکار و یارمەتیدەریان بووە کرد. دوابەدوای وتەکانی بەڕێز سەعید بیگزادە پەیامی کۆمیتەی نۆروێژ لە لایەن رزگار حەبیب زادە پێشکەش کرا، کە لەو پەیامەش‌دا چەندین لایەن گرینگ لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی هاوڕێ فەتاح کاویان هاتبووە بەر باس. پاشان پەیامی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لایەن ئیبراهیم کۆنەپۆشی پێشکەش کرا، هەروەها پارتی سەربەخۆیی کوردستان و کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پەیامی هاودەردی خۆیان پێشکەش کرد. لە بەشێکی دیکە ئەو ڕێوڕەسمە دا هاوڕێیان کوێستان گادانی چەند وتەیەکی سەبارەت بە کاک فەتاح هێنایە زمان و بە دوای ئەو دا کورتە فیلمێک لە سەر ژیان و بەرسەهاتی کاک فەتاح، کە لە لایەن بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی نۆروێژەوە ئامادە کرابوو پێشانی بەشداران درا. لە بڕگەیەکی دیکە‌دا ئەنوەر سوڵتان پەنا، چەند وتەیەک و پارچە هۆنراوەیەکی لە وەسفی تێکۆشەر فەتاح کاویان دا پێشکەش کرد و دوابە دوای ئەو، کاک عەوڵا حیجاب چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. پاشان هاوڕێ هاشم ڕۆستەمی وتارێکی تیروتەسەل و پارچە هۆنراوەیەکی بۆ وەسف لە پلەی بەرزی کاک فەتاح، وەک تێکۆشەرێکی گیان بەختکردوو لە پێناو ئازادی گەلەکەی دا بە هەست و سۆزێکی زۆرەوە خوێندەوە. یەکێک لە خزمانی کاک فەتاح بە ناوی کاک محەممەد مەلازادەگان، چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد. بە دوای ئەو دا جەعفەر حامیدی باسێکی سەبارەت بە کاک فەتاح کاویان پێشکەش کرد. لە بەشی کۆتایی کۆڕیادەکە دا، خاتوو سەرگوڵ کاویان، کچی هاوڕێی کۆچکردوومان کاک فەتاح کاویان پەیامی بنەماڵەیکاویان خوێندەوە.