کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی ئەمریکا

15:23 - 12 رێبەندان 2716

ڕۆژی ٢٨ی ژانویەی ٢٠١٧ ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ بەرزڕاگرتنی یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی ئەمریکا لە دەڤەری واشنگتۆن بە بەشداریی گەرموگوڕ و بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها نوێنەر و ئەندامانی ئەحزابی سەرەکی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو. سەرەتای ئاهەنگەکە بە خوێندنەوەی پارچە پەخشانی "کۆمارەکەم" لە لایەن خوشکە نەسرین کەریمی دەستی پێکرد. سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لە لایەن پێشمەرگە دێرینەکان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداری ژن و پیاو پێشکەش کرا و لە کردەوەیەکی داهێنەرانەدا هاوکات ڕێز لە ئاڵای کوردستان گیرا و لەە لایەن  شەریف حەسەن‌زادە و خوشکە ئارەزوو ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵکرا. پاشان پەیامی دەفتەری سیاسی حیزب لە لایەن  پەیمان ڕەحیمی خوێندرایەوە. دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی منیرە قازی کچی پێشەوای نەمر و بووکی حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی لەسەر ٢ی ڕێبەندان بڵاوکرایەوە. پاشان کامڕان باڵنوور نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بابەتێک‌دا ئاماژەی بە دەوری "پشتی جەبهەی" کۆماری کوردستان کرد کە خەڵکی ئاسایی بە ژن و پیاو و بە گەنج وو پیر لە ڕووی هەست و سۆزەوە و لە هەمان کات‌دا شعوور و ئاگاهی سیاسییەوە پاڵپشت و پشتیوانی کۆمار بوون. پەیامی پیرۆزبایی نوێنەرایەرتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن نەسرین خانم کەریمی بەڕێوبەری بەرنامە پێشکەش کرا. پاشان بەڕێز حیکمەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٧ی پارتی دێموکراتی کوردستان لە ئەمریکا و کانادا پەیامی خۆیانی پێشکەش کرد. سامی ساڵەیی بەرپرسی کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە واشنگتۆن پەیامی حیزبەکەی خوێندەوە کاک جەلیل ئازادیخواز وەک نوێنەری کۆمەڵەی شوڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وتارێک‌دا کۆماری کوردستانی وەک چەقی ناوەندی ئەندیشەی بزووتنەوەی دێموکراسیخواز و ڕزگاری‌ویستی کورد پێناسە کرد. لە رۆژائاوی کوردستان  خاتوو ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک (PYD)، لە باکووری کوردستان محەممەد یووکسەل هاوسەرۆکی پارتی دێموکراتیکی گەلان (HDP) و خاتوو شیلا محەممەدیان لە لایەن پارتی فێمێنیستی کوردستان پەیامی خۆیان پێشکەش کرد. دوایین وتاربێژی بەرنامەکە بەڕێز کاک ناسر باباخانی کەسایەتی سیاسی ڕۆژهەڵاتی بوو کە لە وتارێک‌دا لە ژێر سەردێڕی کۆماری کوردستان و ئەرکی ڕووناکبیریی وڵامی مێژوونووسە فارسەکانی دایەوە کە کۆماری کوردستان بە بەرهەمی بۆشایی دەسەڵات و دواجار "جبر ژئوپلیتیک" دادەنێن و ئیرادەی سیاسی خەڵک لە سەردەمی کۆمار، ڕێبەرایەتی کاریزمای پێشەوای نەمر وەک کارگێڕی سەرەکی و پێشینەی جووڵانەوەکانی بەر لە کۆمار پشت گوێ دەخەن. جێگەی ئاماژەیە لە پەراوێزی بەرنامەکەدا پێشانگای کتێبی کوردی و ئینگلیسی لە بوارە جۆربەجۆرەکان‌دا وەک مێژوو، ئەدەب، سیاسەت، بیرەوەری و... لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی بەدرخان بەڕێوەچوو.