کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکڕاتی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

15:38 - 17 رێبەندان 2716

شاندێکی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکڕاتی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەو دیدارە کۆمەڵە بابەتێکی پێوەندیدار بە دۆخی سیاسیی کوردستان ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١٦ی ڕێبەندان هەیئەتێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک عەبدوڵلا نازەنینی، سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی رێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا شاندی میوان سەرەتا هاوخەمیی قووڵی خۆی سەبارەت بە هێرشە تێرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا بۆ سەر حیزبی دێموکرات دەربڕی‌ و پێی وابوو ئەو پەلامارە لە کوردستانی ئازاددا نەک هەر بۆ سەر حیزبی دێموکڕات، بەڵکوو هێرشێکە بۆ سەر هەموو کورد و حیزبە سیاسییەکان لە باشووری کوردستان کراوە. شاندی بزووتنەوەی ڕزگاریی دێموکراتی کوردستان هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ دوایین ئاڵوگۆرەکان لە پێکهاتەی ڕێبەریی حیزبی دێموکڕات‌دا پیرۆزبایی هەڵبژێرانی سکرتێری نوێی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. لەو دانیشتنەدا وێڕای باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دۆخی سیاسیی کورد، هەیئەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باسیان لە بایەخ و پرەنسیپەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ هێزە کوردییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد و دوولایەن پێداگرییان لەسەر زەروورەتی ئەو پێوەندییانە بەلەبەرچاوگرتنی بایەخە هاوبەشەکان‌ و لە سەروو هەموویانەوە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌دا کرد.