کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوتاری کۆشکی سپی و هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە ئێران؟!

14:33 - 5 بانەمەڕ 2717

دوای هاتنە سەرکاری دۆنالد ترامپ، هەڵوێستەکانی کۆشکی سپی بەرانبەر بە ئێران بۆ جارێکی دیکەش "توند" کرانەوە. ترامپ کە دژایەتی لە گەڵ رێکەوتنی ناوکی لە گەڵ ئێران یەکێک لە تەوەرە تەبلیغی‌یەکانی بوو لە کاتی کاندیدبوونی بۆ سەرکۆماری، هەر کە وەک براوەی هەڵبژاردن ناوی دەرکرد، دەوری بۆ ئێران هەڵگرت و رۆژانە دژ بە رێژیمی تاران و کاربەدەستانی ئەم رێژیمە تویتی دەکرد. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و شارەزا لە گوتاری کۆشکی سپی بەتایبەت لە حەوزەی کاروباری خارجی‌دا ئەم هەڵسووکەوت و هەڵوێست و دەربڕینانەی ترامپیان بە جۆرێک پێ "سەرشیتانە" بوو و، رایانگەیاند کە "ئەمە ناتوانێ گوتاری دەوڵەتی ئامریکاو کۆشکی سپی بێت". ئەوان پێیان وابوو ئەم شێوە دەربڕین و ئاخاوتنانەی سەرکۆماری نوێ، شیاوی دەوڵەتی ئامریکاو کۆشکی سپی نیە. وێدەچێ کە ئەم نیگەرانیانە تا رادەیەک گوێیان لێ گیرابێ، بۆیە دەبینین ماوەیەکە دۆناڵد ترامپ، یان سەبارەت بە هەموو بابەتێک ئیزهاری نەزەر ناکات، یان ئەوەیکە ئاگاداریان کردۆتەوە کە شێوە ئاخاوتن و دەربڕینی بگۆڕێ. هەر لەبەر ئەوە بوو کە هەر دوای مانگێک لە هاتنە سەرکاری سەبارەت بە هێندێک بابەتی وەک بڕیاڕدان لە سەر درووستکردنی دیواری نێوان وڵاتەکەی لە گەڵ برزیل و، هەروەها دەرکردنی بڕیاری مەنعی هاتوچۆی خەڵکی کۆمەڵێک وڵات بۆ ئامریکا پێداچوونەوەی کرد. ئەگەر لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا کە دۆنالد ترامپ هاتۆتە سەر کار، چاوێک بە هەڵوێستەکانی‌دا بخشێنین، هەست بە جۆرێک لە ناسەقامگیری لە گوتاری سیاسی و هەڵوێستەکانی کۆشکی سپی‌دا دەکەین. بە مانایەکی دیکە دەکرێ بڵێین، هەڵوێستەکانی دەوڵەتی ترامپ ئەوەندەی تاکتیکی‌یە، زۆر کەم دەکرێ ئیستراتیژی تێدا بخوێندرێتەوە. لە گەڵ ئەوەیکەراستە کە جۆری دەربرینەکانی ترامپ بەرانبەر بە ئێران وەک حەوتووەکانی سەرەتای هاتنە سەر کاری نیە، بەڵام بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئامریکا بەردەوام باس لە رۆڵی خراپ و دەستێوەرانەکانی ئەم رێژیمە(ئێران) لە ناوچەکە‌دا دەکەن. وەزیری دەروەی ئامریکا لە دوایین لێدوانی‌دا سەبارەت بە ئێران، پێی وایە ئێران تا ئێستایش سەرەکیترین پشتیوانی تێروریزمی نێودەوڵەتی‌یەو رایگەیاندوە کە کۆشکی سپی بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ئەم وڵاتە لە ئاڵۆزی‌یەکانی ناوچەکە بێ دەنگ نابێ. ناوبراو سەبارەت بە رێکەوتنی رۆژاوا لە گەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ناوکی دەڵێ: ئەم رێکەوتنە جیا لە هێندێک دوورخستنەوەی ئێران لە رووی زەمانی‌یەوە بە دەستپێڕاگەیشتنی بە بۆمبی، ئەتۆمی ناتوانێ شتێکی دیکە بێت. رێکس تێلێرسۆن، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا وتی: ئەم رێکەوتنە هەمان ئەو روویکەردە شکست‌خواردوویەیە کە ئێمەی گەیاندە ئەم رۆژەی کە وڵاتێکی مەترسیداری خاوەن بۆمبی ئەتۆمیی وەک کۆرەی باکوورمان هەبێت. بۆیە لە درێژەی قسەکانی‌دا وتی: دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ چیدیکە نایهەوێ کێشەی ئێران بۆ دەوڵەتانی داهاتووی کۆشکی سپی بهێڵێتەوە!!. تیلێرسۆن هەر لە پێوەندی کە گەڵ کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا باس لە وڵاتانی یەمەن، عێراق، سووریە و لوبنان دەکات و ئەم وڵاتە بە هۆکاری نائەمنی و پشتیوانی لە تاقم و گرووپە توندڕەوە تێرۆریستی‌یەکان دەزانێ و راشکاوانە دەڵێ: دەوڵەتی ئامریکاو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ناتوانن چیدیکە چاوپۆشی لە وەها کردەوەگەلێک بکەن و ئەم رێژیمە لە مێژە خەتە سوورەکانی بەزاندوەو ئەوە قبووڵ ناکرێ. وەک بینیمان لە درێژەی ئەم هەڵوێست و کاردانەوانەی دەوڵەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران، راست لە سەر داوای  کۆشکی سپی بۆ یەکەم جار لە مێژووی دامەزرانی شوورای ئەمنیەتی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان‌دا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی٣٠ خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی ئەم شوورایە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ قسەکردن لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران‌دا رێک خست و  نوێنەری کۆشکی سپی بە توندی هێرشی کردە سەر رێژمی ئێران کە نارەایەتیی نوێنەری رووسیەی هاوپەیمانی ئێرانی لێ کەوتەوە. بۆ ئەو کەسانەی کە لە ماوەی ئەم نزیک بە چواردەیە بە وردی چاودێریی هەڵوێست و دەربڕینەکانی دەوڵەتانی کۆشکی سپی‌یان بەرانبەر بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کردبێ، لەوانەیە زۆریان ئەم قسانەی تیلێرسۆن، وەزیری دەورەی دەوڵەتی ترامپ‌یان بەرانبەر بە ئێران پێ تازەو سەیروسەمەرە نەبێ. چونکی لە زۆربەی دەوڵەتەکانی کۆشکی سپی‌دا لەم جۆرە دەربڕینانە و تەنانەت توندتریش باس کراون. بۆ نموونە ئەوە بۆ یەکەمجار دۆناڵد رێگانی سەرکۆماری پێشووتری ئامریکابوو کە هەوڵی بە تێرۆریست ناساندنی رێژیمی ئێرانی‌دا و، ئەوە جۆرج واکێر بووشی سەرکۆمار بوو کە، ئێرانی لە ریزی وڵاتانی "مێحوەری شەرارەت"‌دا دانا. بۆیە ئەوەی تیلێرسۆن لە سەر ئێرانی باس دەکات، جیا لە باسکردن لە خاڵێکی "جیاواز و گرینگ"، شتێکی تازەی تێ‌دا نیە. ناوبراو لە دوایین لێدوانی‌دا کە باس لە رۆڵی ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە ناوچەکەو پشتیوانیی ئەم وڵاتە لە تێرۆریزمی نێونەتەوەیی ‌دەکات، بەدوای ئەو‌دا دەڵێ: "دەوڵەتی دۆناڵد تڕامپ چیدیکە نایهەوێ کێشەی ئێران بۆ دەوڵەتانی داهاتووی کۆشکی سپی بهێڵێتەوە!!." ئەگەر بە زمانێکی زۆر سادە تەرجەمەی ئەم قسەیەی تیلێرسۆن بکەین دەبێتە ئەوەیکە دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دەسەڵاتداری خۆی‌دا بۆ هەمیشە کۆتایی بە "دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە" و بابەتی "پشتیوانی‌کردنی ئەم وڵاتە لە تێرۆریزم" دەهێنێ.!! لێرەدایە کە پرسیارە گەورەکە لە ئامریکاو دەوڵەتی ترامپ دەێتە ئاراوە کە، بە گرتنە پێشی کارم رێکار دەیانهەوێ "کێشەی ئێران" بە مانای "کۆتایی‌هێنان"، چارەسەر بکەن؟! وڵامدانەوە بەم پرسیارە ناتوانێ هەروا ئاسان بێت و، لەوانەیە ئامانجی ئەم وتارەیش نەبێت. بۆیە بە هێنانە ئارای پرسیارێکی دیکە کە لەوانەیە وڵامدانەوەی بە رادەی پرسیارەکەی پێشوو چەتوون نەبێ، کۆتایی پێ دەهێنین. لە کەس شاراوە نیە کە کۆشکی سپی زۆر بە وردی چاودێری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری دەکات و دەزگا فکری و سیاسی‌یەکانی ئامریکایش زۆر باش و شارەزایانە ئاگاداری تەیفبەندی‌یە جەناحی و سیاسی‌یەکانی نێو نیزامی سیاسیی ئێرانن. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە: ئەم لێدوان و هەڵوێستانەی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئامریکا لە تاکتیک‌دا دەتوانێ لە قازانجی کام تەیف و جەناح‌دا بێت و کۆشکی سپی لە سۆنگەی ئەم گوتارەیەوە لە ئێستادا بەدوای چ ئاکامێک لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری‌دا دەگەڕێ؟! سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢.