کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی ئێران، لوتکەی تێڕامان لە شکان و کەوتنە نیشتمانییەکان

18:36 - 1 جۆزەردان 2717

کورد و گەلانی دیکەی ئێران بە رێژەیەکی بەرچاو جارێکی دیکە لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بەشدار بوون. راستییەکی تاڵە، کە هەڵبژاردنەکان لە ژێر سێبەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تەنیا روخساری مۆرەکان دەگۆڕێ و خوڵقێنەری ئاڵوگۆڕ نین. هەڵبژاردن لەو کۆمەڵەگە و وڵاتەدا بە جۆرێک پلانیان بۆ دادەڕێژرێ، کە هەڵگری مانا راستەقینەکەی خۆیان نین و لە رێکار و بایەخە دێموکراتیکەکان بەتاڵ دەکرێن و دەبنە ئامرازی خۆسەپاندن و خەڵک گەوجاندن. حاشا لەوە ناکرێ، کە لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا بەرەی جیاواز لە بەرامبەر یەکتردا قوت دەبنەوە و لە پانتایی شار و گوندەکاندا چین و توێژی جیاواز بە مەبەستی سەرخەستنی بەربژێری خۆیان هەوڵدەدەن. قەوارەی نیزام، سروشتی کۆمەڵگە، باڵادەستبوونی دەسەڵاتی رووت و راهاتنی خەڵک بە سیاسەتی سەرکوت و ژێردەستەبوون فەزایەکی کراوە بۆ موهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکان دەڕەخسێنێ. نەبوونی ئازادی هێزە سیاسی‌یەکان، لاوازی لە رادەبەدەری کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراونەبوونی خەڵک و نەبوونی پاشخان و کولتووری خەباتی ئازاد و شارستانی بەردەوام لە سەر کار و تێکۆشانی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات شوێنەواری نەرێنی دادەنێ. جووڵەی هێزە سیاسیی و چالاکانی دەرەوە و نێوخۆ یەکانگیر نین و لە رەوتی هەڵبژاردنەکاندا بە شێوازی شاراوە و نارێکخراو سیاسەتی بایکۆت لە بازنەیەکی بەرتەسکدا قەتیس دەمێنێ. هاوکێشەی ئاڵۆز و نهێنی رووداوەکان لەو وڵاتەدا درێژەکێشانی دەسەڵاتی سەرکوت و سیستمێکە، کە باوەڕی بە ئازادی‌یەکان و دەسەڵاتی خەڵک نییە. دەنگی ناڕەزایەتیەکان دەبیسترێن، بەڵام لە ژێر سێبەری سێدارە و تۆقاندندا بەڕێوەبەرانی رێژیم هێشتا سوار و خەڵک و ناڕازی‌یەکان پیادە و پەراوێزخراون. شایانی باسە، کە سروشتی نیزام لە گەڵ کولتوور و سروشتی کۆمەڵگە و پەروەردەی تاک و کۆدا ئاوێتەیە، بۆیە هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا بە گەمەی چاوبەستنی یەکتر و بە لووتکەی لاوازیی ژیری کۆمەڵگە دەژمێردرێ. دیوی تاریکی هەڵبژاردنەکان باس لە تراژیدییای خەڵک و جۆری پێوەندی نێوان ئەوان و دەسەڵات، تاک و دەسەڵات و هتد... دەکات. خەڵکی ئێران و زۆربەی گەلانی ئێران لە قسە و وتەدا بەو رێژیمە رازی نین، بەڵام دەسەڵات و کەشی سیاسی وڵات و کولتووری خۆپەنادان ناچاری کردوون، کە سیاسەتی دوو یان چەند رووخساری هەڵبژێرن. لە وڵاتانی دواکەوتوو و خاوەنی سیستمی سەرەڕۆ مرۆڤ دەرفەتی بیرکردنەوە و دەربڕینی ئازادانەی نییە و بە گوێرەی رۆژ روانگە و تێروانینی دەگۆڕێ. لە درێژەی رەوتی سەرکوت و سێدارەدا خەڵک فێری کولتووری بێدەنگی رواڵەتی یان ژاوەژاوی شاراوە دەبن. ئەوان بە گوێرەی بارودۆخەکە وتەکانیان دەگۆڕن و لە باشترین حاڵەتدا دەچنە قاوغی خۆیان و بێدەنگی هەڵدەبژێرن. رەگداکوتانی دیکتاتۆری و درێژەکێشانی سیاسەتی “پەرت بکە و ئیدارە بکە” نەک هێزە سیاسی‌یەکان بەڵکوو خەڵک و تاکەکانی لە یەکتر دابڕاندوە. لە وڵاتێکدا کە سیاسەتی زیندان و سەرکوت زاڵ بێ، بێگومان زۆرایەتی خەڵک بۆ تێپەڕکردنی رۆژانی تەمەنیان رێگای بێدەنگی یان سەلامەتی هەڵدەبژێرن. لە کۆمەڵگە و بە تایبەت نیزامە نیمچە یان تەواو داخراوەکاندا، مرۆڤەکان دەرفەتی هەللاجیکردن و تەتەڵەی دەسەڵات و مافەکانیان نییە. دەسەڵاتدارن بە خوڵقاندن و پەرەپێدانی رایەڵکەی جاڵجاڵوکەیی سەرکوت و کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە تێدەکۆشن ئەمڕۆ و داهاتوی وڵات و خەڵکەکەی بخەنە ژێر رکێفی خۆیان. لەو رەوتەدا زۆربەی بەستێن و کایەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن و شێواز و رێکارە دێموکراتیکەکان بە نیوەچڵی یان بە پوچەڵەکراوی جێبەجێ دەکرێن. ئێرانی ئەمڕۆ و دوێنێ وێنەیەکی ئاشکرای ئەوجۆرە لە وڵات و نیزامانەیە، کە چەند سەدەیەکە لە سەر کولتووری داپڵوسینی مرۆڤەکان، ئیدارەکردنی زۆرەملی کۆمەڵگە و خۆسەپاندنی دەسەڵاتدارەکان کار و سەرمایەگوزاری کراوە. لەو کولتوورانەدا شکان و کەوتنەکان وەک هەن تاوتوێ ناکرێن و مێژووی سیاسی و رووداوەکان بە ویستی دەسەڵاتداران و بژاردەی نێو بازنەی دەسەڵات پێناسەدەکرێن. رێگا نادرێت، کە تاکەکان و کۆمەڵگە دیاردە و رووداوەکان بناسن و شارەزای چیرۆکی راستەقینەی کەوتن و شکانە بەردرێژەکان ببن. دەسەڵاتداران لە جوڵەی سەربەخۆی کۆمەڵگە و تاکەکان دەترسن و دەزانن، کە ئەو رەوتە ئیرادە و ژیری نیشتمانی دەخوڵقێنێ و رێگا نادات سیستمێکی ناڕەوا و نەیار درێژە هەبێ. سایکۆلۆژی شکست و کەوتنەکان لە ئێراندا بە فاکتەرەکانی وەک دوژمنانی دەرەکی و هێزە ئەهریمەنی‌یەکان گرێدراون. لەو ژینگەیەدا، رواڵەتی رووداوەکان و بابەتە لاوەکیەکان جێگە بە بنج و بناوانی نەهامەتی‌یەکان و شکستەکان لێژدەکەن و بابەتە راستەقینە و گرینگەکان لەبیردەکرێن. بە واتایەکی دیکە، قامک لە سەر برینەکان دانانرێن و بە بیانووی جیاواز پرسە سەرەکیەکان لەبیردەکرێن. لە ژێر سێبەری نیشتمانپەروەریی و وڵاتپارێزیدا شکۆی مرۆڤ و خەڵک دەشکێندرێ و بە کەڵک‌وەرگرتن لە سەرکوت، تۆقاندن، دین و کولتوور گیانی بەرەنگاربوونەوەی خەڵک لە وزە دەخەن. مافی دەنگدان و خۆبەربژێرکردن و هەروەها چارەی‌خۆووسین لە ئاستە جیاوازەکاندا بە گوێرەی تێڕوانینی دیکتاتۆرانە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و تێدەکۆشن دەست و چاوی رێبەر، لە شانۆی هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگی هاوڵاتیان سەرخەن. خەڵکی ئێران لەو بەستێنەدا بێ دەست و ددانە و زۆر بە ئاسانی تەسلیمی چارەنووس و ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری بوەتەوە. خەڵک، هێزە سیاسی‌یەکان، چالاکوان و بژاردەی کۆمەڵگە دەنگ و وزەکانیان یەکی نەگرتوە و هێشتا خاوەنی روانگەیەکی ئاشکرا بۆ دوارۆژی خۆیان و وڵاتەکەیان نین. خەڵک و بژاردەی کۆمەڵگە لەو دۆخەدا و بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی رێچکەی سەرەکی ناگرن و درێژە بە سیاسەتی “چۆن دەڕوا با بڕوا یان لە کوێ پسا لەوێی گرێدەوە” دەدەن. لەوە تاڵتر ئەوەیە، کە چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لە گەڵ دوارۆژی خۆیان و پرسی بەرپرسیاریەتی بە دەستی نادیار دەسپێرن و وەک لشکری شکاو لە بەردەم سیاسەت و پلانەکانی رێژیمدا چەماونەوە. ئەوان بە مانایەکی راستەقینە لەو گۆڕەپانەدا بوونێکی پڕ مانا و راستەقینەیان نییە و بە ویستی خۆیان جووڵە ناکەن. ئەوان تەنانەت لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکاندا وەک تاک و کۆ خاوەنی بڕیار و ئێرادەی دەنگدان یان بایکۆت کردن نین. ئەوان راهاتوون، کە بە گوێرەی شەپۆلە باوەکان و هەروەها ئەمر و فەرمانەکان لە کایە سیاسی‌یەکاندا بەشدار بن و بە گوێرەی تێگەیشتنی راستەقینەی خۆیان هەنگاو هەڵناگرن. نەبوونی ویستی راستەقینە و دووربوون لە پلان و بەرنامە خەڵکی خستوەتە نێو چنگی دەسەڵاتێکی نادێموکراتیک و بژاردەیەک لە بەرپرسانی رێژیم، کە گەمە بە چارەنووسی خەڵک دەکەن. خەڵک لە ئێراندا وەک زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی دەسەڵاتی تۆتالیتەرن، راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونە نێو بازنەی پاسیڤ‌بوون. ئەوان بە دوای پاڵەوان و رزگاریدەرە ئەفسانەیی‌یەکاندا عەوداڵن و ناخوازن لە خەباتی ئازادیخوازنە و دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا خۆیان ماندوو بکەن. لە ئێراندا تەوەزلی سیاسی باڵی بەسەر خەڵک و تاکەکاندا کێشاوە و کۆمەڵگە لە ناتەبایی‌یەکی قووڵدا دەژی. ئەوان لە سەر شەقام و لە مەیدانی هەڵبژاردنەکاندا وەک مردوی گۆڕستانەکان پڕن لە بێ دەنگی و کردەوە و لە ژوورە تاریکەکانی خۆیاندا هاوڕێ و یاری رۆستەم و سۆهراب. هەڵبژاردنەکان و چۆنیەتی هەڵوێست‌وەرگرتن لە بەرامبەر رۆژە بەفەرمی‌کراوەکانی دەسەڵات بەستێنی دەرکەوتنی خەڵک و چۆنیەتی ئیرادەی تاک و کۆیە. هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری، ئەنجومەنی شار و گوندەکان وێنەیەکی زیندوو لە سایکۆلۆژی دەنگدەران، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەخەنەڕوو. لەو دیمەنەدا دەسەڵاتێک دەبینین، کە بە ویست و ئایدۆلۆژی خۆی چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنەکان، بەربژێرەکان و تەنانەت سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن دیاری دەکات. بەڕێوەبەرانی نیزام، لە رێگای جۆراوجۆر پرسی هەڵبژاردنەکانیان کردوەتە مەیدانی شەرعییەت وەرگرتن لە خەڵک و بە هەموو رێگایەک تێدەکۆشن، کە شانۆی هەڵبژاردن گەرمتر بکەن و بە تاکتیکی جۆراوجۆر کەسە دڵخوازەکانی خۆیان بۆ وەرگرتنی دەنگی زۆرینە ئامادە بکەن. ئەوان لە ماوەی چوار دەیەدا بە بردنی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆن و وڵاتانی دەرەوەیان راگەیاندوە، کە خەڵکی ئێران بە دەنگی خۆیان وڵامێکی توندی نەیاران و دوژمنانی ئیسلام، خوا و ئێرانیان داەتەوە! لە لایەکی دیکە ئۆپۆزسیۆنی ئاشکرا و پەڕیوەی هەندەران هەیە، کە لە ئاست و بە تەوژمی جیاواز لە نێو گەلانی ئێراندا خاوەنی مێژوو و تێکۆشانن. ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا دژ بە رەوتی باوی رێژیم بڕیاردەدەن و زیاتر پاڵپشتی بایکۆتکردنن. لە روانگەی ئەوان، هەڵبژاردن سروشتی دەسەڵات لە ئێراندا ناگۆڕێ و کۆماری ئیسلامی ئێران کایەی هەڵبژاردنی بە قازانجی خۆی بەکاردێنێ. ئۆپۆزیسیۆن و پارتە سیاسی‌یەکان وەک باوە، لە دوای هەڵبژاردنەکان بە گوێرەی تێڕوانینی خۆیان باس لە سەرکەوتنی سیاسەتی بایکۆت دەکەن و سپاسی خەڵکانێک دەکەن، کە لەو پێوەندییەدا لە گەڵ ئەواندا هاوهەڵوێست بوون. شایانی باسە، کە رەوتی رووداوەکانی ئێران و بابەتی هەڵبژاردنەکان دەیسەلمێنن، کە لە ژێر کارتێکەری زۆر فاکتەردا رێژەیەکی بەرچاو دەنگ بە بەربژێرەکان دەدەن و بەشێکیش بە هۆکاری جیاواز بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەن. لە ئاکامدا کایەی هەڵبژاردنی کۆنتڕۆڵ کراو دەربڕی ئیرادەی راستەوخۆی دەنگدەران نییە و نابێتە ماکە و سەرچاوەی ئاڵووگۆڕ. خەڵک و تاکەکانی کۆمەڵگە لەو بارودۆخەدا دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆی راستەوخۆی رێژیم و هەروەها جۆرە سۆزێک بۆ ئۆپۆزسیۆن. ئەوان لە نێو جەرگەی بارودۆخەکەدا وەک خۆیان راهێنانیان لەسەر هەڵبژاردن، رەوایەتی بەشداربوون یان بایکۆت‌کردن نەکردوە. پاڵنەری بەشداریکردن یان بایکۆت‌کردن لە گەڵ تێگەیشتنی تاک و کۆی کۆمەڵگە یەکانگیر نەبوون و هێشتا نەخشەرێگەی تاکەکان بۆ دەنگدان هەڵسەنگاندنی ورد و بابەتیانە نییە. لە گەمە سیاسیەکەدا رێژیم و بەرپرسان بە رواڵەت سەرکەوتوون و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بژاردەی کۆمەڵگە لە بەر لاوازی کۆمەڵگەی مەدەنی و بارودۆخی گشتی بۆیان نەلواوە سیاسەتی بایکۆت سەربخەن. خەڵک لەو ژینگەیەدا لە کۆنەوە، لە ژێر پاڵەپەستۆ و هەروەها دەنگدانی زۆرەملی سیستمی فەرمانڕەوا رێگای چوونەسەر سندووقەکانی دەنگدانیان گرتوەتەبەر و رێژەی دەنگدەرکان ئەگەربە نابەدڵیش بووبێت زۆرایەتی‌یەکی پێکهێناوە. ئەوان لەو مەیدان و بەستێنەدا بە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ سیاسەتی بەشداربوون یان بایکۆت‌کردنی هەڵبژاردنەکان رەچاو ناکەن. خەڵک لەو پرۆسەیەدا خاوەنی راستەقینەی بڕیار نین و دەنگەکانیان ئامانج ناپێکن. ئەگەر خەڵک لە رێبازی خۆتاقیکردنەوە کەڵکیان وەرگرتبایە، بێگومان دەرفەتی سازبوونی بەستێنی روانگە و کردەی گشتی بەرفراونتر دەبوون. جێگەی خۆیەتی، کە بیر لە رێباز و تاکتیکی دیکە بکرێتەوە و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە بەرامبەر سیاسەتی فێڵبازانەی دەسەڵاتدارانی تاراندا، ئاسنی سارد نەکوتن. گونجاوە، کە هێزە سیاسی‌یەکان لەمەودوا بۆ پرسی هەڵبژاردنەکان داوا لە خەڵک نەکەن، کە بەشدار بن یان بایکۆت بکەن، بەڵکو گرینگە کە خۆیان وەک هێزی سیاسی پەیامی حیزب و پارتەکەیان رابگەیەنن و بڕیاردان بە خەڵک و تاکەکان بسپێرن. بە واتایەکی دیکە، خەڵک فێری بڕیاردان و بیرکردنەوەی لە ئاستی رووداوە گەورەکان بکرێن و هانبدرێن، کە خۆیان لەو بەستێنەدا کارساز و خاوەن ئیرادەن. مێژوو سەلماندوویەتی، کە هەتا خەڵک لە نێوخۆدا رەوتەکە نەگۆڕن، رەنگە رێنوێنی و پەیامە دوورەکان لەو سەردەمەدا زۆر کارساز نەبن. پرسی ئێران و دواڕۆژی ئەو وڵاتە ئاڵۆزە و لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن و نێوخۆدا کەسایەتی‌یەک یان هێزێکی سیاسی نابیندرێ، کە بە کاریزما و هێزی یەکلاکەرەوە پێناسەبکرێن. ئێران، وڵاتێکی یەک دەست نییە و گەلانی جۆراوجۆر لەسەر خاکی خۆیان دەژین، بۆیە دەرفەتی کاری بزووتنەوەیەکی یەک دەست و کاریگەر کەمە. لە ئاکامدا پڕش و بڵاوی‌یەکی زۆر پانتایی گۆڕەپانەکەی داگرتوە و رێژیم کۆنتڕۆڵی تەنانەت زۆربەی جووڵەکان دەکات و بە سیاسەت و رێگای جیاواز خەڵکی لە دوارۆژ و پەیامی هێزە سیاسی‌یەکان نائومێد کردوە. سیاسەتی رێژیم بۆ لێدان لە وزە و هێزی باوەڕبەخۆبوونی خەڵک و بە تایبەت ئەو تاکانەیە، کە دەخوازن لە هێزێکی پەرتەوازە ببنە وزەیەکی وشیار و ئامانجدار. رۆژی هەڵبژاردنەکان بۆ گەلانی ئێران وەک رۆژی کەوتن و شکانی نیشتمانی پێناسە دەکرێن. لەو رۆژانەدا خەڵک دەنگ بە ژێردەستەبوونی خۆیان و درێژەکێشانی بارودۆخەکە دەکەن و پەیمانی بێدەنگی لە گەڵ سەرانی نیزام نوێ دەکەنەوە. ئەو رۆژانە بارتەقای بێدەنگیی گەلانی ئێران و تاکی ئەو وڵاتەن، کە چەندە لە بەرامبەر دیکاتۆرییەت و سەرکوتدا دەست و پێ بەستراون. دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکان بە “رۆژی شکان و کەوتنە نیشتمانی‌یەکان “ ئاماژەیەکی رۆژانە و کولتووری بە هەڵوێست و سروشتی چاوەڕوانی‌یەکانی خەڵکە، کە چەندە و چۆن لە گەڵ خۆیان و یەکتردا تەتەڵەی گیرۆدەبوون بە داوی سەرکوت و تۆقاندن دەکەن. خەڵکی ئێران شایانی ئەوەیە، کە رۆژێک وەک رۆژی خۆسەرکۆنەکردن دیاری بکەن و لەو رۆژەدا لووتکەی ژێردەستەیی خۆیان پێناسە بکەن. گەلان وەک تاکەکان مافی تاقیکاری شکست و شکانیان هەیە و گونجاوە گەلانی ئێران لەو مەیدانەدا ئەزمون کۆبکەنەوە. شکست و کەوتنی پاش تێکۆشان و جووڵەکان لە خەبات و سیاسەتدا بە سەرکەوتن دەژمێردرێن، چوونکە سەرئەنجام رێگا و ئامانجەکان لە یەکتر جیادەکەنەوە و مەودای خۆفریودان ناهێڵن. لە رۆژی هەڵبژاردنەکان و تەنانەت رۆژە فەرمی‌یەکانی وەک “دەیەی رووناکی”دا خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پێ لەسەر ویژدانی خۆیان دادەنێن و سەڵەوات لە دیداری سیستمێک لێدەدەن، کە نان و ئازادی بردوەتە هەناوی مردن. لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگدەران بە هەموو عورفێک لە گەڵ بەڕێوەبەران و سیستمی زاڵ پەیمان نوێ دەکەنەوە و درێژە بە چەرخی سەرکوتی خۆیان و مانەوەی پایەکانی زوڵم دەدەن. دەنگدەران و خەڵکی تەنانەت بێدەنگ و دوور لە هەڵوێست بە چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان کەلەپچەی دەستە بەستراوەکانیان توندتر دەکەن. مانەوەی دەسەڵاتێکی تۆقێنەر و دژ بە بەها و بایەخە مرۆییەکان لە ئێراندا رەگ و ریشەی لە هەناوی کولتووری خەڵک و پەروەردەی تاکەکان و تەنانەت تێڕوانینی کرچ و کاڵی بژاردەی کۆمەڵگەدایە. پێناسەکردن و دەستنیشان کردنی رۆژی شکان و شکستی نیشتمانی پێستی ئەستوری سەر رووخسارەکان لادەدا و دیوی شاراوە و ژوورەوەی کۆمەڵگە دەخاتە بەرچاو. داننان بە شکست و لاوازی رێژەی وشیاری تێکڕایی، بڵقە خەیاڵیی و ناڕاستەکانی تێڕوانینە هەڵەکان دەپوکێنێتەوە و هاوڵاتیان دەخاتە بەردەم خۆناسین و بەرپرسیاریەتی راستەقینە. لەو دۆخەدا خەڵک تێدەگەن، کە نە تەنیا سەرتۆپی گەلانی ئازا و ژیری جیهان نین، بەڵکو لە گێژاوی رووداو و دیاردەکاندا توانای چارەسەرکردنی پرسی ئازادیی و نانیان نییە. نەتەوە و گەلانی بەختەوەر لە هەڵبژاردنەکاندا بیر لە خۆیان و داهاتووی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و رێگا نادەن ماف و چارەنووسیان بخەنە بەردەستی ئەوانەی کە شایانی متمانەپێدان نین. لە ئێراندا دەنگدەران و خێڵی بێ دەنگان هەست بە قوڵایی نەرێنی هەڵوێستی خۆیان ناکەن، بۆیە بە ئازایەتی و بەرپرسیاریەتییەوە تەتەڵەی چارەنووسی خۆیان و نەوەکانی داهاتوو ناکەن. ئەوان لە سەر بەستێنی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی و سایکۆلۆژی و هەروەها سروشتی پڕ لە چەرمەسەری دەسەڵات و تەنیا لە بەر خاتری ئەم و ئەو ئەرکی دەنگدان رادەپەڕێنن یان بایکۆتی دەکەن. ئەگەرچی بۆ رێژیم تەنیا ئامادەبوونی ملیونی خەڵک لە سەر سندووقەکانی دەنگدان گرینگە، بەڵام بۆ خەڵک کۆی پرۆسەکە بە مانای درێژەدان بە دۆخی ئێستا و تەنانەت نادڵنیایی زۆرتر و زیاترە. خەڵکی ئێران و گەلانی ئەو وڵاتە بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون و ژیری پێویستیان بە راتڵەکاندن و بومەلەرزەیەکی بیرکردنەوەیە. چاوپۆشینی دوور و درێژ لە خاڵە لاواز، خۆشاردنەوە لە بەرپرسیاریەتی و هاودەست بوونی شاراوە لە درێژەکێشانی ئیستبداد بەشێکن لە سایکۆلۆژی خەڵکی ئێران. خەڵکی ئەو وڵاتە، لە پرسی پێوەندی نێوان دەسەڵات و خۆیاندا هێشتا یەکلانەبوونەوە. ئەوان گوێ بۆ بژاردە و ئۆپۆزیسیۆن راناگرن و تەنیا بە وتە و دەربڕینی زارەکی لە گەڵ ئەواندا دەدوێن. ئەوە راستە، کە خەڵکی ئێران لە ئاڵوگۆڕ دەترسن و سامی رووداوەکانی پێش و پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیان وەک مۆتەکە لە سەرە. ئەوان دەبینن، کە شۆڕش و راستبوونەوەی گەلانی ناوچە دژ بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان خوێن و فرمێسکی زۆری دەوێت و زەمانەتی چاکسازی بارودۆخەکە ناکات. شایانی باسە،کە خەڵکی ئێران بە درێژایی مێژوو خۆیان لە گەڵ بارودۆخەکاندا گونجاندوە و ئازایەتی گوتنی راستەوخۆی نایان بە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارە غەددارەکان نەبوە. ئەوان لە هیچ کام لە قۆناخەکانی ژیانیاندا لە گەڵ پرسی رەخنە و هەڵوێستەکردن لە سەر خۆیان و هەڵوێستەکانیان و بابەتی دەسەڵات و ماف ئاشنا ناکرێن. مرۆڤی ئێرانی، خاوەنی کەسایەتی‌یەکی تایبەتە و بە پارێزەوە لە گەڵ رووداوەکان دەدوێ و زۆر درەنگ هەنگاو هەڵدەگرێ. لە ئاکامدا لە تەمەنی گەورەساڵیی و لە ژیانی رۆژانەدا هەڵويست و تێڕوانینەکانیان ورد ناکەنەوە و لە سەر ماف و چارەنووسیان بەرگریکارێکی ئازا نین.ستراتیژی و قوڵایی سیاسەت لە ئێراندا ئەوەیە، مرۆڤەکان لە بیرکردنەوە لە خۆیان و بەڕێوەبەرانی وڵات دوور راگرن و جار و بار شووتی گەورەیان لە بن هەنگڵ نێن. دەسەڵاتدارانی وڵات باوەڕیان بە درێژەدان بە رەوتی فریودانی خەڵکە و دەزانن، کە خەڵکی ئازا و وریا بە ئاسانی باری قورسی زوڵم و سەرکوت هەڵناگرێ. هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا رەنگە بۆ خەڵکی دەرەکی و لە روانگەی یاسا بەرکارەکانی وڵات بە مانای بەڕێوەچوونی کایەی دێموکراسی بێت! بۆ ئەوانەی لە گەڵ ئەو دۆخەدا ژیاون و بە چاوێکی کراوە کۆی وێنەکە دەبینن، هەڵبژاردنەکان لە شانۆیەک زیاتر نین و بەوجۆرە هەڵبژاردنانە نەک دێموکراسی بەڵکوو زڕە دێموکراسیش جێگیر نابێت. خەڵک و تاکی ئێرانی بۆ دەربازبوون لە گەمەی “خۆڵ وەسەر خۆ کردن” پێویستی‌یان بە ناسین و وردبوونەوە لە شکست و شکانە مێژوویی‌یەکانە، کە بە دەستی خۆیان دووپاتی دەکەنەوە. ئەوان دەبێ، رووداو و دیاردە پێوەندیدارەکان وەک هەن تاوتوێ بکەن و هۆکارەکان هەللاجی بکەن و بە ناخی شکانەکاندا ڕۆبچن. ئەگەر رۆژی هەڵبژاردن و دەنگدان لە ئێراندا بە رۆژی شکانە گەورە و نیشمانی‌یەکان پێناسە بکرێن، رەنگە مۆمێک لە تاریکەسەلاتی سووڕی سەرکوت و قەیراندا هەڵبکرێ. لە دۆخێکی ئەوتۆدا، گەلانی ئێران و تاکەکان بە هاوکاری بژاردە و هێزی ئۆپۆزیسیۆن بیر لە خۆیان و پشکی ئەوان لە درێژەکێشانی سەرکوت دەکەنەوە و لە ناخی شکانەوە پلانی هەستانەوە و ژیانێکی نوێ بۆ خۆیان و نەوەکانی داهاتوو دادەڕێژن. مانەوەی دەستەوئەژنۆ لە ژێر دەسەڵاتی ترس و تۆقاندن و قبوڵکردنی ئەو دۆخە رێگەچارە نییە و سووڕی ستەم و سەرەڕۆیی ناوەستێنێ. شکاندنی تەلسم و سنوورە ناپیرۆزەکان، تووڕهەڵدانی چیرۆکە درۆزنینەکان و ئاشنابوونی خەڵک لە گەڵ زامە مێژوویی‌یەکان بەشێکن لە پڕۆسەی خۆئازادکردنی تاک و کۆ لە داوبەندی دەسەڵاتێکی قۆرخکار و خەڵک خەسێن.