کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەدی‌نژاد: بەرپرسانی دەزگای قەزایی تاوانبارانی پلە یەکی گەندەڵییەکانی ئێرانن

00:59 - 25 رەشەمه 2717

سەرکۆماری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوە بە بەندکرانی یەکێک لە جێگرانی خۆی، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک بەرپرسانی باڵای قەزایی ئەو وڵاتە بە تاوانبارانی پلە یەکی گەندەڵی ناو برد. بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئێران، ئەحمەدی‌نژاد ڕۆژی ڕابردوو یەک ڕۆژ دوای ناساندنی حەمید بەقایی بە گرتووخانە کە 15 ساڵ بەندکران و دانی 43 میلیار تمەن غەرامەی بۆ بڕاوەتەوە، ئەو نامەیەی ڕوو بە خەڵکی ئێران بڵاو کردووەتەوە و ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی دەزگای قەزایی ئێران گرتووە و نووسیویە: "سادق لاریجانی سەرۆکی دەزگای قەزایی بە سەلیقەی کەسۆکی هەڵدەسووڕێ و دەڵێ ئەو دەزگایە لەژێر چاودێریی ئەودا قازییەکان هیچ سەربەخۆییەکیان نیە". ئەحمەدی نژدا لە درێژەدا نووسیویە: "بەرپرسانی باڵای ئەو دەزگایە بە تێڕاوانینی سیاسی، هەموو قانوونەکان و تەنانەت ئەو ڕێوشوێنانەی کە خۆشیان دیارییان کردووە و کەرامەتی قانوونیشیان ڕاشکاوانە پێشێل کردووە، لە حاڵێکدا خۆیان تاوانبارانی پلە یەکەمی گەندەڵیەکانن و بە درۆ بانگەشەی دژایەتیی گەندەڵی دەکەن". بە قسەی ئەحمەدی‌نژاد، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خراپترین باردۆخ دایە و بەرپرسانی ئەو دەزگایە بە ئامانجی سیاسی، هەر کەس کە بزانن دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوانن زۆر بە ئاسانی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن و هیچ سەرچاوەیەکیش بۆ لێپرسینەوە لەوان و پێڕاگەیشتن بە سکاڵای خەڵک نەماوە". مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، کە ماوەی ٨ ساڵ، سەرکۆماری ئێران بوو، ماوەی ٢ ساڵە بووەتە یەکێک لە ڕەخنەگرانی حکوومەت و بەتایبەت دەزگای قەزایی و لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، وێڕای ڕەخنەگرتن لە هەڵسوکەوتی دەزگای قەزایی داوای چارەسەکردنی کێشەکانی کردووە و تەنانەت داوای کردبوو سەرۆکی ٣ دەزگای قەزایی، قانووندانان و جێبەجێکاریش بگۆڕدرێ. خامنەییش لە چەند لێدوانێکدا زۆر بە نەرمی روو بە ئەحمەدی‌نژاد گوتوویەتی، کەسێک کە خۆی ماوەی ٨ ساڵ بەڕیوەبەری وڵات و دەسەڵاتی بەڕیوەبەری بووە، نابێ وەک ئۆپۆزیسیۆن بجووڵێتەوە.