کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد: لە ئیدارەی ئیتلاعات هەر دوو گورچیلەم لە دەست داوە

16:27 - 18 بەفرانبار 2718

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی ئیسماعیل بەخشی لە پێوەندی لە گەڵ ئەشکەنجە و ئازار لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، مەحموود ساڵحی باس لە ترس و وەحشەتی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سنە دەکا و نامەیەکی بۆ چەند کەس لە نوێنەرانی مەجلیس و "عەلی ئەکبەری" گورجی جێگری بەدواداچوونەوە بۆ جێبەجێ کردنی یاسای بنەڕەتیی ئێران ناردوە. دوای بڵاوبوونەوەی نامەی ئیسماعیل بەخشی لە سەر ئەشکەنجەدانی لە بەندیخانە، چەند نوێنەرێکی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و جێگری پێوەندییەکان و بەدواداچوون جێبەجێکردنی ڕێساکانی قانوونی بنەڕەتی ڕایانگەیاند کە ئیسماعیل بەخشی دەتوانێ شکایەتەکەی بباتە دەزگا پیوەندیدارەکان. مەحموود ساڵحی چالاکی کڕێکاری خەڵکی سەقز ڕوو بە نوێنەرانی کورد لە مەجلیس دەڵێ: ئێوە کە نوێنەری مەجلیسن تەنیا لە چوار دیواری مەجلیسدا پارێزراون و لە دەرەوەی مەجلیس هەرچی بیڵێن بە تاوان حیساب دەکرێ و، دوای تەوابوونی نوێنەرایەتیتان لە مەجلیس، دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن. ناوبراو لە درێژەی نامەکەیدا دەنووسێ: لە ساڵی ١٣٩٤ لە کاتێکدا کە لە گرتنگە ترسناکەکەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بەرپرسی گرتنگە ئیزنی نەدا بۆ ماوەی ٣٢ کاتژمێر دەرمانکانم بەکاربێنم بەو هۆیەوە هەردوو گورچیلەکانم لە دەست دا. شایانی باسە کە ئازار و ئەشکەنجەی بەندییە مەدەنی و سیاسییەکان لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە یاسا و رێسا نیونەتەوەییەکان دەستی پێکرد و بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاری دژە مرۆڤانەی کاربەدەستانی زیندان، هەزاران زیندانی گیانیان لە دەست داوە یا نەخۆش و نقوستان بوون. لەوبارەوە ساڵانە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا مەحکووم دەکرێ.