کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی موئەییەدی: ئەگەر پێویست بێ ‌ لیستی بەرپرسانی گەندەڵ و قاچاخچی بڵاو دەکەینەوە

23:00 - 18 بەفرانبار 2718

عەلی موئەییەدی سەرۆکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخیی دراو و کەلوپەل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "تەسنیم" هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران، هەڕەشەی کرد کە مناڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کە لە ئێران بە "ئاغازادە" ناو دەبرێن ئاشکرا دەکات کە خەریکی قاچاخچیەتین. ناوبراو گوتی: هەر "ئاغازادە"یەک کە لە پشتی پەردە خەریکی کاری نایاسایی بێت و، بە شاراوەیی دەستی لە ئابووریی ئێراندا هەبێ، ئاشکرای دەکەین. جێی ئاماژەیە کە پێشتریش حەسەن ڕووحانی سەرۆک‌کۆماری ئێران باسی لەو گەندەڵییە کرد و داوای کرد کە لێپرسراوان دەبێ بەرەنگاری ئەو دیاردەیە ببنەوە. شایانی باسە کە دەمێکە بەرپرسانی پلە بەرزی ڕێژیم و کەسوکاریان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بە سەر ئابووریی ئێراندا گرتوە و، خەریکی گەندەڵیی ماڵی و بە تاڵان بردنی ماڵ و سامانی خەڵکی ئێرانن. گەندەڵی لە ئێران گەیشتۆتە ئاستێک کە بەرپرسانی ڕێژیمیش ناتوانن حاشای لێبکەن و هەر ڕۆژە چەند کەسێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم بە تۆمەتی تێوەگلانی گەندەڵی ئاشکرا دەبن و، ناویان لە مێدیاکان بڵاودەکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بە دەست نەبوونیی و برسیەتی و بێکارییەوە دەناڵێنن و ئابووری ئێران داڕماوە و، کاربەدەستانی ڕێژیم توانای وڵامدانەوەیان بە ویستی خەڵک و چارەسەری قەیرانەکانیان نییە.