کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی حەوت هەزار کەس لە ئێران

16:21 - 4 رێبەندان 2718

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ لە ئێراندا ئاماژەی بە دەسبەسەرکرانی حەوت هەزار کەس کرد کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و ساڵی ڕابردووی بە " ساڵی شەرم" بۆ حکوومەتی ئێران ناوبرد. لە کاتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویی دا زیاتر لە ٣٠ کەس کوژران و خەڵکێکی زۆر بریندار بوون یا لە بەندیخانەکانی ڕێژیم دا ئەشکەنجە و ئازار دران و بەشێکی زۆر لەو حەوت هەزار دەسبەسەرکراوە بە تۆمەتی جۆراوجۆر حوکمی بەندکردنیان بەسەردا سەپا. دەسبەسەرکرانی ناڕازیان لە ئێرانی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەروا دریژەی هەیە. دەسبەسەر کردن، بەند کردن بە تۆمەتی جۆراوجۆر، ئەشکەنجە و ئێعدام و هەزاران جینایەتی تر بۆتە کاری ڕۆژانەی کاربەدەستانی حکوومەت و بەشێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ. ساڵانە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مەحکووم دەکەن. ئەمسالێش بە دەرکردنی بیاننامە لە دژی لەژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، ئەو ڕێژیمەیان مەحکووم کردووە. لەو پێوەندییەدا ڕاپۆرتی تازەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی کە ڕۆژی پێنج‌شەممە بڵاو کراوەتەوە دەڵێ، ساڵی ٢٠١٨ زایینی ناڕەزایەتییەکان لە ژانویەدا دەستی پێکردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەجێی وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی ئێران هەردەم پەنای بۆ تۆمەت و سەرکوت و بەند کردن بردووە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا، گەندەڵی، بێکاری، گرانی و نەبوونی، خەڵکی تووشی برسیەتی و نەهامەتی کردووە. خەڵک بۆ داواکردنی مافەکانیان دەڕژینە سەر شەقامەکان، داوای نان و ئازادی دەکەن بەڵام ڕێژیم کە توانای جێبەجێکردنی داخوازییەکانی خەڵکی نییە، وڵامی داواکارییە ڕەواکانیان بە کوشتن و ئەشکەنجە دەدرێتەوە.