کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی ڕێژیم لە پێگەی ژنان بۆ بەشداریکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکان

15:59 - 30 جۆزەردان 2724

لەکاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا، شەقامەکانی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕ دژی ژنان، بەربژێرەکانی پەسندکراوی ڕێژیم بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی ژنان هەوڵ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدەن.

لە یەکەمین شانۆی وتووێژی بەربژێرەکانی سەرۆکۆماریدا، بە پێچەوانەی ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ژنان لە کۆمەڵگەدا، ٦ بەربژێرەکەی سەرۆکۆماری باسیان لە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا کرد و پرسی ژنیان وەکوو یەکێک لە گرینگترین پرسەکانی کابینەی خۆیان ڕاگەیاند.

پاسدار محەممەدباقر قاڵیباف لەمبارەوە وتی: پرسی ژن و بنەماڵە گرینگترین پرس لە چوارچێوەی فەرهەنگدایە؛ ژن وەکوو دایک گرینگترین بەشی بنەماڵەیە و کۆڵەکەی سەرەکیی کۆمەڵگەیە.

لەلایەکی دیکەوە، سەید ئەمیرحوسێن قازیزادەی هاشمی دروشمی دەوڵەتەکەی خۆی "دەوڵەت، خەڵک و بنەماڵە" ڕایگەیاندووە و وتوویەتی کە پرسی بنەماڵە بۆ ئەو وەکوو پرسی سەرەکی دێتە ئەژمار و ژنان کێشە نین بەڵکوو دەرفەتن.

هەروەها سەعید جەلیلی ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە ژن و بنەماڵەی بەتەواوەتی فەرهەنگی و بەپێی فەرهەنگی ئێرانی_ئیسلامی ناو برد و ئاماژەی بە ڕۆڵی ژن لەم فەرهەنگەدا کرد و ڕایگەیاند کە پرسی ژن و بنەماڵە لە ڕۆژاوا گەیشتووەتە بنبەست.

عەلیڕەزا زاکانی، یەکێکی دیکە لە بەربژێرەکانی سەرۆکۆماری ڕایگەیاند کە پرسەکە کچان نین، ئەوان هیوای ئێمەن کە دەبێ ستەمی مێژوویی بەرانبەر بە ئەوان قەرەبوو بکرێتەوە و تەنانەت بەرەو هەڵاواردنی ئەرێنیش بچین.

مەسعوود پزشکیان، بەربژێری ڕێفۆرمخواز وێڕای پێداگری لەسەر دروستکردنی داهاتووی وڵات لەلایەن ژنانەوە ڕایگەیاند کە دادپەروەریی ڕەگەزی وەکوو ئامانجێکی ڕێفۆرمخوازانە لە بەرپرسایەتیی خۆیدا ڕەچاو دەکات.

 

ئاخوند مستەفا پوورمحەممەدیش لە قسەکانیدا باسی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنان و کچان و دۆخی کار و پیشەی ئەم توێژە کرد و وتی دەبێ پێگەی ژنان لە بواری کار و پیشە سەرنجی پێ بدرێ و نابێ پرسی ژنان لە پرسی حیجابدا قەتیس بکەینەوە.

پڕوپاگەندەی بەربژێرەکانی سەرۆککۆماری سەبارەت بە پرسی ژنان لەکاتێکدایە کە بەپێی ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە جێگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی گەشتی ئێرشاد، حیجاببانان و هێزە ئینتیزامییەکان و هێزی سەرکوتکەری بەسیج لە ئاستی گۆڕەپان و شەقامەکانی شارەکاندا لە چوارچێوەی جێبەجێکرانی "گەلاڵەی نوور"، دەستی بە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی کچان و ژنان بە توندوتیژییەوە کردووە.