کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ٧٢ لەسەدیی قوربانییانی شەڕ لە جیهاندا

15:54 - 30 جۆزەردان 2724

بە پێی ڕاپۆرتی "سی بی ئێس نیووز"، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان، ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و سەبارەت بە زیادبوونی قوربانییانی مەدەنی لە شەڕەکاندا هۆشداری دا و ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا لە شەڕ و ململانێ سەربازییەکاندا کوژراون، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٧٢لەسەد زیادی کردووە.

 

لەوم بارەیەوە فولکر تورک، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "ئەو لایەنانەی کە لە شەڕەکاندان یاسا و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن.

ناوبراو وتی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا منداڵان بە تەقە و بۆردومان کراونەتە ئامانج، و نەخۆشخانەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون بە توندی بۆردومان کراون و بە مووشەک کراونەتە ئامانج و لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەری ئەو منداڵانەی کە لە شەڕەکاندا کوژراون، سێ هێنده و ژمارەی ئەو ژنانەی کە بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕانە دوو هێندە زیادی کردووە.

 

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە بەشێکی گرینگی زیادبوونی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان پەیوەندی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەوە هەیە،. تورک وەک ڕەخنەیەک وتی کە بێبایەخکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هەردوو لاوە و ئاستی دڕندەیی بۆ کوشتن بۆ مرۆڤەکان ترسناک و جێگای نیگەرانییە.

هەروەها ناوبراو وتی کە بە پشتبەستن بە ئاماری ئەنجومەنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، کوژراون یان بریندار بوون.

هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا دامەزراوە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوانە یوونیسێف، ژمارەی ئەو منداڵ و ژنانەی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراونی بە بێ وێنە ناو بردووە و بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری بۆ غەززە بنێرن داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە حەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەری ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ماوەیەکی کەمە لە ڕەفەحەوە گەڕاوەتەوە ڕایگەیاند بە هۆی هێرش و بوردوومانی ئیسرائیل هاوکاری و یارمەتیدان بە خەڵکی غەززە مەحاڵە و ناکرێ.