کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکان چی دەوێ؟

18:46 - 29 جۆزەردان 2724

شەماڵ تەرغیبی

 لە ٨ی پووشپەڕی ئەمساڵدا خولێکی دیکە لە جادووگەریی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بۆ دەسنیشانکردنی سەرکۆماری نوێی پاش مەرگی ئیبراهیم ڕەییسی بەڕێوە دەچێ. ئەوەیکە ڕوونە کۆماری ئیسلامی نایهەوێ لە ڕێگەی ئەم بەناو سندوقی دەنگدانەوە ڕەوایی و مەشروعیەت بۆ خۆی وەدەست بهێنێ چونکە باوەڕی وایە کە مەشروعیەت و ڕەوایی ئەو ئیلاهی و ئاسمانییە و لە لایەن خوداوە پێی بەخشراوە!کەواتە ئامانج لە وەها شانۆگەرییەک چییە؟

سەرەتا دەبێ بگوترێ ئەوەیکە لەژێر ناوی هەڵبژاردن لە سیستمی سیاسیی ئێراندا دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پێوەر و پێوانەکانی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیکی دونیای مۆدێڕندا ناگونجێت و ناکرێت پێناسەی هەڵبژاردنی بۆ بکرێت، بەڵکوو ئەم پڕۆسە ئینتساباتێکە لە بەرگی هەڵبژاردن و بە تامی هەڵبژاردن کە ئامانج لێی ڕازاندنەوەی ڕووی دەرەوەی ڕێژیمە بە کۆمەڵگای جیهانی و خۆهەڵکێشانی ڕواڵەتی بۆ نیشاندانی ڕەوایەتی و پێگەی جەماوەریی خۆی.

دەکرێت خوێندنەوە یان گرینگیی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە بۆ هەر یەک لە گەلانی ئێران، ڕێژیمی ئیسلامیی و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە جیا جیاواز بێت، بەو واتایە کە هەر یەک لەوان بە مەبەست و ڕوانینێکی جیاوازەوە لێی دەڕوانن. هەرچی خەڵک و گەلانی ئێرانن بە ناسینی نێوەڕۆک و چیەتی ئەو ڕێژیمە، هیوایەکیان بەو هەڵبژاردنانە و باندەکانی نێو ڕێژیمیان نییە و بە شانۆگەری و گاڵتەکردن بە دێموکراسیی دەزانن. کۆمەڵگای جیهانیش بە داخەوە فریوی دوالیزمی سیاسیی و پارادۆکسیکاڵ لە پێکهاتەی ڕێژیمیان خواردووە و زۆر جار لەو بەناوهەڵبژاردنانەدا بە چاوی هیواوە سەیری ڕەوتەکانی نێو دەسەڵات و ڕیفۆرمخوازی و درووشمەکانیان کردووە، کە پێدەچی ئێستا ئەوانیش لەم پێوەندییەدا بێ هیوا بووبێتن؛ بەڵام بۆ خودی ڕێژیم دەکرێت گرینگیی زیاتری هەبێت، چوونکە خروجیی کار، سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم لە بوارگەلی جۆراوجۆر و لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا، کۆمەڵێک گرفت و قەیرانی جیددی هێناوەتە ئاراوە کە ئاراستەی کەشتیی ئەو نیزامەی بەرەو ئاقار و چارەنووسێکی نادیار پاڵ پێوەدەنێت. بۆیە بۆ دەرچوون و ڕزگاربوون لەو کریزە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانە و هەروەها نوێکردنەوەی مەشرووعیەتی خۆی ، ئەو هەڵبژاردنە بە دەرفەتێکی گرینگ دەزانێت، بەڵام لە ڕاستیدا مارئاسا، لە سەر سرووشتی هۆڤانەی خۆی بەردەوامە و تەنیا ماوە بە ماوە ناچار بە کاژخستن دەبێت. 

ئەو قۆناخە لە ژیانی سیاسیی ڕێژیم زۆر تایبەت و هەستیارە، چوونکە خەست و چڕتربوونی دیکتاتۆریی نیزامی – دینی لە شێوەی ویلایەتی فەقیهی، سیاسەتی سەرکوت و ئاژاوەگێڕییەکانی، سەرکێشییە ناوکی و مووشەکییەکانی، پشتیوانی لە تێرۆریزم و هەڕەشە و دەستێوەردانەکانی و ...هتد، بوونەتە هۆی ئەوەیکە مەودا و درزی نێوان خەڵک و ڕێژیم لەلایەک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ڕێژیمیش لەلایەکی دیکەوە، زیاتر ببێت و ئەمەش بە تێچووی لەدەستدانی ڕەوایی لە نێوخۆ و هەوسارکردن لە ڕێگای دورپێچ لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ڕێژیم تەواو ببێت. بۆیە کێشەی ڕێژیم لەگەلڵ ڕۆژئاوا و هەوڵدان بۆ لابردنی گەمارۆکان، شەڕی نێوان باندەکانی، کەلێنی نێوان خۆی و خەڵکی ئێران و لە هەموویان گرینگتر مەسەلەی ڕێبەری و ئامادەکاری بۆ شوێنگرەوەی خامنەیی لە دوای مردنی بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە وەلیی فەقیهی و دارودەستەکەی، خۆیان بۆ قۆناخێکی دژوار لە ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و ئازادیخواز لەلایەک، باندەکانی نێو دەسەڵات لەلایەکی تر و کۆمەڵگای جیهانی لەلایەکی ترەوە ئامادە بکەن و بە موهەندیسی کردنی ئەمجارەی "ئینتسابات"ـەکەیان وردتر و خەستتر و بازنەی دەسەڵاتیش بە وەلانانی "خودیـ"ـیەکان بەرتەسکتر بکەنەوە. یان بە واتایەکی دیکە، ڕێکخستنێکی نوێ لە سەر بنەمای پاڵاوتنی ئیستراتێژیک بۆ قۆناغی دیکەی شۆڕش بکەن.

پێشینەی ڕێژیم و وەلیی فەقیهی لە موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرکۆمار و یاریکردن بە دەنگی خەڵک، ڕوون و ئاشکرایە و ئەوەیکە دەنگی خەڵکی هیچ کاریگەرییەکی لە دیاریکردنی سەرکۆماردا نابێت، گومانی تێدا نییە، چوونکە "میزان" دەنگی وەلیی فەقیهی یە، نەک خەڵک، بەڵام ئەوەیکە گرینگە، ڕەوایی ڕێژیم لە گرەوی بەشداریی ئەو خەڵکە و درێژبوونی ڕیزی دەنگدەراندایە، بۆیە هەوڵ دەدات پێناسەیەکی شەرعی، یاسایی و بایەخی بە بەشداریی خەڵکی بدات ئینجا چ بە هەڕەشە و گوڕەشەوە بێ و چ بە تەماح وەبەرنان و هەڵخەڵەتاندنەوە بێت. تاکە شتێک کە بۆی گرینگە سەفی بەشداریی خەڵک لە سەر سندووقەکان دوورودرێژ بێت هەتا وەکوو دواتر لە میدیاکان و کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا وێڕای ئەوەیکە بە ڕیشی ئەو خەڵکە پێبکەنن و ئیدیعای ڕەوایەتی و پێگەی بەرزی جەماوەریی خۆیان لەنێو خەڵکیدا بکەن، و بەم چەشنە خۆیان و ڕێژیمەکەیان لە گۆشەگیری و بنبەستی سیاسیی نێودەوڵەتی ڕزگار بکەن. 

ئەوە سرووشتی هەموو دیکتاتۆرەکان و یەک لەوانیش ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە کە بە ساختەکاری، موهەندیسی کردن و ئاماری درۆیینە، لە ژێر ناوی هەڵبژاردندا یاری بە چارەنووسی نەتەوە و کۆمەڵگاکان دەکەن و خۆیان بە کارنامەی پڕاوپڕ لە جینایەت بە سەر خەڵکیدا فەرز دەکەن. بە گشتی ڕێژیم ترسێکی زۆری لە بەشداری نەکردنی خەڵکی هەیە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر فەتوا و حەدیس و هەڕەشە و تەکفیری خەڵک و هاویشتنی هەر دەنگێک بۆناو سندووق، بە "بەڵێ" یەک بۆ نیزام دەزانێت. بۆیە ئەرکی هەموو تاکێکی ئازادیخوازە کە هەست بە بەرپرسایەتی مێژوویی خۆی بکات و بە بەشدارینەکردن لەو شانۆگەرییەدا، چەکی مەشرووعیەتی لە دەست دەربێنن و هەنگاوی پراکتیکی بۆ ڕووخانی هەڵبگرن. چوونکە لەو حاڵەتەدا، ئەو ڕێژیمە نامەشرووعە ناتوانێ ئیدیعای نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بکات و جیهانیش بەو چاوەوە سەیری ناکات، بۆیە هەنگاو بەهەنگاو پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی خەڵکی و ناڕەزایەتییە گشتییەکان دەست پێدەکات و زەمینە بۆ ڕووخانی خۆش دەکرێت.