عەلی بداغی
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دواجار توانی بە دیپلۆماسیی بارمتەگیری لەبری بەردانی یوهان فلۆدرێس، دیپلۆماتی سوێدیی یەکیەتیی ئورووپا، حەمید نووریی بکوژ و یەکێک لە ئەندامانی تیمی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسیی ساڵی ٦٧ بۆ تاران بگەڕێنێتەوە.
حەمید نووری ماوەی نیزیک بە ٥ ساڵ بوو لە سوێد بەند کرابوو. ئەو کە لە دادگای ستۆکهۆڵمدا بە تاوانی جینایەت دژی مرۆڤایەتی و بەشداری لە ئێعدامی زیندانیانی سیاسیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپابوو، دوای پشتڕاستکرانەوەی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، بە ساتوسەدای سیاسیی ئێران لەگەڵ وڵاتی سوید لە بری ئازادکردنی دوو هاووڵاتیی سویدی کە لە تاران بە بارمتە گیرابوون، گەڕایەوە ئێران و لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە چەپکەگوڵ پێشوازیی لێکرا. کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێک لە پووشپەڕی ساڵی ڕابردووشدا توانیبووی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆمات تێرۆریستی خۆی کە لە بێلژیک بە تاوانی بەشداری لە کردەوەی تێرۆریستیدا داگایی و سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، لەبری ئازادکردنی "ڤاند کاستێل"، هاووڵاتییەکی ئاسایی بێلژیکی کە بە بارمتەی گرتبوو؛ ئازاد بکات.
ئەمە یەکەمجار و دووهەمجار نییە وڵاتانی ئورووپایی لە حاند دیپلۆماسیی تێرۆر و بارمتەگیریی کۆماری ئیسلامیدا نەرمی دەنوێنن. ٣٢ ساڵ لەوەپێش دوای تێرۆری مێکۆنووس و لە کاتی ناشتنی د. شەرەفکەندی و هاوڕێیانیدا لە وتاری سیاسیی حیزبدا هاتبوو کە ئەگەر دەوڵەتی ئۆتریش دوای تێرۆری د. قاسملوو سەرەڕای بەردەستبوونی هەموو بەڵگەکان دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی بەرەو تاران ئێسکۆرت نەکردبا، ڕەنگبێ کۆماری ئیسلامی ئاوا ئاسان دەستی بۆ تێرۆری مێکونووس نەچووبا. هەر لەو ڕێوڕەسمەدا د. برنارد گرانژون، سەرۆکی ئەوکاتی ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور گوتی "ئێمە تەنیا هەست بە خەم و ناڕەحەتی ناکەین، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ڕق و نفرەت و تووڕەییەکی زۆر دایگرتووین و دەپرسین هەتا کەی دەبێ بەهەر نرخێک تەسلیمی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بین و ڕێگای پێبدەین بە کەیفی خۆی هەرکەس کە پێی خۆش بوو لەهەر شوێنێک کە ویستی بیکوژێت". کلودیا ڕوت، لە ڕێبەرانی سەوزەکانی ئاڵمانیش کە لەو ڕێوڕەسمەدا وتاری پێشکێش کرد، گوتی: "خەم و ماتەمی من ئەو شوورەیییەشی پێوە زیاد دەبێ کە دەبینم لە وڵاتەکەی مندا نوێنەرانی حیزبی دێموکرات دەکوژرێن. وا دێتە بەرچاو کە لەمەودوا ئەوە سووننەتێکی ڕێژیمی تیرۆریستیی تارانە کە لە کەرەستە و ڕێگا سیاسییەکان بۆ داپۆشینی ئاکارە تیرۆریستییەکانی کەلک وەرگرێت و بە سەرنجدان بە پێوەندیی گەرمی نێوان وڵاتە غەربییەکان و ئێران زۆر هاسانتر لە تاوانەکانی بەردەوام بێت. ئەمن ماتەمبارم لەوەی تووڕەیی و بێزاری لەدژی ڕیئالپولتیکی حکوومەتەکەم هەیە کە بۆ پاراستنی کوردەکان لەم کوشتارە خوێناوییانە دەستەوەستانە و پشتیوانی لە ڕێژیمێکی سەرەڕۆ دەکا." مخابن دوای ٣٥ ساڵ لە تێرۆری ڤییەن ئێستاش وڵاتانی ئورووپایی بە چاوپۆشی لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی، برەودان بە ئیسلامی سیاسی لە ئورووپا و گۆڕینەوەی تاوانباران، بکوژان و تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زیندانیانی بەبارمتەگیراو، هەم باج بە ڕێژیم دەدەن و هەم سیاسەتی دیپلۆماسیی بارمتەگیریی ئەم ڕێژیمە بەهێزتر دەکەن.
بەڵام پێوەندیدار بە بڕیاری گۆڕینەوەی حەمید نووری لەگەڵ دوو بەندکراوی هاووڵاتیی سوید کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەبارمتە گیراون چەند ڕاستییەک کرێتی و شوورەیی ئەم بڕیارەی حکوومەتی سوید زیاتر دەکات. پێش هەموو شتێکیش ئەو جۆرە ساتوسەودایە لەگەڵ ڕێژیم لە داهاتووشدا ئەمنییەتی هەر هاووڵاتییەکی ئورووپایی و کەسانی دوووڵاتە دەخاتە مەترسییەوە کە سەردانی ئێران یان تەنانەت وڵاتانی دراوسێی ئێران دەکەن، چونکی پەیامەکەی بە کۆماری ئیسلامی ئەوەیە ئەتۆ هەر تاوان و جینایەتێک بخوڵقێنی بازاڕی سەودا و مامەڵەمان هەر لەجێی خۆیدایە! جا کەوابوو ئازادکردنی نووری و ئەسەدییەکان جیا لە لاوازکردنی هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ وەڵامدەرکردنی ئێران و هاندانی ئەم ڕێژیمە بۆ بەردەوامیی لە تێرۆر و جینایەت ئاکامێکی تری نابێت.
لەلایەکی دیکەشەوە دادگای ستۆکهۆلم لە پڕۆسەیەکی تەواوی یاسایی و دادپەروەرانە بە بەشداریی پارێزەر و لەسەر بنەمای هەموو ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکان حوکمی لەسەر حەمید نووری دا. هەر لەو حوکمەشدا تیشک خرایە سەر ئەوەی حەمید نووری لەگەڵ ئیبڕاهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری کوژراوی ڕێژیم ئەندامی تیمێک بوون کە بە هەیئەتی مەرگ دەناسران و دادگای ستۆکهۆلم بە بەڵگەوە جینایەتەکانی ڕێژیم لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی و کۆمەڵکوژکردنی هەزاران زیندانیی سیاسیی بە بەڵگەوە سەلماند؛ بۆیە حکوومەتی سوید نەدەبوا هەڵەی حکوومەتەکانی ئۆتریش و بێلژیکی دووپات کردباوە و ئەو سەودایەی لەگەڵ ڕێژیم کردبا و ناحەزی و شوورەیی ئەو بڕیارەی بۆخۆی کڕیبا. بێگومان ئەگەر دادگاییکردنی حەمیدی نووری و سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی لە سۆنگەی جینایەتەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بۆ سیستمی دادی سوید وەک لاپەڕەیەکی پڕ شانازی دەمێنێتەوە، بڕیاری حکوومەتی ئەو وڵاتە و سیاسەتی ساتوسەودای لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش بە سووکایەتی بە دێموکراسی، خیانەت لە سیستمی دادوەریی وڵاتەکەی خۆیان و پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و، هاوکات تاوانێکی گەورەش دەرحەق بە خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران دادەنرێت کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا پەیامی خوێ بە گوێی هەموو خەڵکی دنیا گەیاندبوو.
بێگومان چاوەڕوانیی خەڵکی ئێران قەت ئەوە نەبووە دەوڵەتانی ئورووپایی لەشکرکێشی بکەنە سەر ئێران و لە جیاتی خەڵکی ئێران ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن. بەڵکوو ویست و داوایان ئەوە بووە دنیای دەرەوەش ڕێژیمی ئێران وەک هەیە بناسێ و لە ئاکامدا نەک هەر ئیمکانی مانەوە و لەسەرپێ ڕاوەستانی بۆ پێکنەهێنێ، بەڵکوو پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتی ئەو وڵاتەش بکا بۆ ئەوەی بە خەباتی سیاسیی خۆی ئەم ڕێژیمە بڕووخێنێ. لەم ڕووەوە بڕیاری دەیان ساڵەی وڵاتانی ئورووپایی لە دەرفەتدان بە کۆماری ئیسلامی بۆ برەودان بە تێرۆریزمی دەوڵەتی، دیپلۆماسیی بارمتەگیری و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ بێگومان جێگای داخ و هەروەها نسکۆ بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانە. بەڵام لە هەمان کاتدا بەهێزکردنی ئەو دەنگەشە کە خەڵکی ئێران بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێویستە تەنیا پشت بە یەکگری و هێزی خۆیان ببەستن. هاوکات وێڕای کۆڵنەدان و بەردەوامی لە ڕەوتی دادخوازی، بەڵام وەدیهاتنی دادپەروەریی ڕاستەقینە، دادگایی و سزادانی تاوانباران و جینایەتکارانی ئەم ڕێژیمە بۆ ڕۆژانی دوای سەرکەوتن بە سەر کۆماری ئیسلامی هەڵگرن.