کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتناسیی بەراوەژوو

05:31 - 27 رێبەندان 2718

بۆ چەپی ئورووپایی هۆگری ئیسلام ئاژۆکان و دوژمنی ڕووناکبیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن؟! بە بۆچوونی فڕانسوا بورگا کە ڕۆژهەڵات ناسێکی چەپە، جووڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی چ بە شێوەی خومەینی یان بە جۆرەکانی "اخوان‌المسلمین و سلفی"،  بە دەنگی ڕاستەقینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیای عەڕەبی ستەم لێکراو دەزانێ، بەڵام لێدوان لە بەهاکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و تاک و... ئەو دیاردانە هەمووی بە هەناردە و بەهاکانی چەوسێنەرانی ڕۆژئاوا ناو دێنێ کە دەگەڵ یاسا و ڕێسا و ڕاستییەکانی کولتووریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین یەک ناگرێتەوە و نامۆیە. "صادق جلال‌العظم" بیرمەندی سووریەیی، کەسانی وەک فڕانسوا بورگا و هاوبیر و قوتابییانی ئەو مەکتەبە چەپەی ئورووپا؛ بە "ڕۆژهەڵات ناسانی بەراوەژوو" ناودێر دەکا. لە ڕوانەگەی "ڕۆژهەڵاتناسانی بەراوەژوو" یان چەپی ئورووپایی، هەموو پێکهاتە مۆدێڕنەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەریش سەرکەوتوو بن لە لایەن زلهێزەکانی ئیمپریالیستییەوە بە سەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا داسەپاوە! وادیارە کە ئێمە بەرەنگاریی نەخۆشییەکی نوێی چەپ ئاژۆین، ئەو نەخۆشییە لە یەکگرتنی فاشیزمی مەزهەبی دەگەڵ چەپی هەلپەرست یان ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ بۆ بەرەنگاری دەگەڵ ئیمپریالیزمی جیهانی پێک هاتووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ توانیم بۆ بەڕێوەبردنی وتووێژێکی تلووزینی چاوپێکەوتنێکم لە سەنعا دەگەڵ فڕانسوا بورگا کارناسی بواری ئیسلام ئاژۆیی و ئیسلامی سیاسی هەبێ و لەوەی کە توانیبووم دەگەڵ کەسایەتییەکی پڕناو و دەنگ لە نێو فەڕانسە و دنیای عەڕەبدا وتووێژ بکەم زۆری پێ خۆشحاڵ بووم. فڕانسوا بورگا دەیەویست "نومایەکی ڕاستی لە ئیسلام" بە غەربییەکان بناسێنێ و چون هەڵگری ئەو ڕاسپاردەیەی بوو ناوبانگی لە غەربدا وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی زانیاریی "ئیسلامی سیاسی"دا درەوشاوە بوو بە تایبەت کە پێ سپێردراوییان بە دوای ١١ سێپتامبری ٢٠٠١ و هێرشی ئیسلام ئاژۆکانی ئەلقاعیدە بە دوو بورجی بارزگانیی جیهانی لە نیۆیۆرک هاوکات بوو. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت موسوڵمان و عەڕەبەکان هۆگرییەکی تایبەتیان بەو ڕۆژهەڵات ناسە چەپە فەڕانسەوییە هەبوو کە لە ڕوانگەی ئەوان فڕانسوا دەیەوێ "ڕونومایەکی درووست لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی" بە دنیای غەرب بناسێنێ. دەستپێکی وتووێژەکەم دەگەڵ ئەو ڕۆژهەڵات ناسە زۆر سرنجڕاکێش بوو، بەڵام من بە لامەوە زۆر سەیر بوو لە هۆگریی لە ڕادەبەدەری ناوبراو بە جووڵانەوەکانی "ئیسلامی سیاسی" بە بڕوای فڕانسوا بورگا جووڵانەوەکانی بناژۆیی نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و دەنگی نەتەوەکانی موسوڵمانە و هێزەکانی چەپ، لیبرالیست، سۆسیالیست و سیکۆلاریست هەر هەموویان پەیامهێنەری بەهاکانی غەربن کە زۆر دوورن لە ناخی واقیعی پێکهاتەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوین. ڕوانگە و هۆگریی ئەو ڕۆژهەڵات ناسە چەپ ئاژۆ ئورووپاییە بە ڕێکخراوە توندئاژۆکانی ئیسلامی لە ناسیاوترین کتێبیدا واتە "ئیسلامی سیاسی، دەنگی باشوور" زۆر بە ڕاشکاوی دەردەکەوێ. بۆ من ئیتر بورگا ئەو کەسایەتییە چەپە بە غیرەتە نەبوو کە بیرم لێدەکردەوە. ئەو تەنیا ڕۆژهەڵات ناسێکە بە دروشمی چەپ ئاژۆیانە. "صادق جلال العظم" کە لە دایکبووی ١٩٣٤ و لە ١١ی دێسامبری ٢٠١٦ مرد، بیرمەند و رووناکبیرێکی سێکۆلاری سوورییە. ئەو مامۆستایەکی هەڵکەوتووی وانەی فەلسەفەی ئورووپای مۆدێڕن لە زانستگەکانی دیمەشق و زانستگەی ئەمریکایی لە بەیرووت نێوان ساڵەکانی (١٩٦٣ ـــ ١٩٦٨) بوو. هەروەها لە ٢٠٠٧ وەک مامۆستا لە بەشی خوێندنەوە (مطالعات)ی ڕۆژهەڵاتی نیزیک (خاور دور) لە زانستگەی پرینستۆن ئەمریکا وانەی گوتوەتەوە. لە وتارەکانی بورگا بۆم دەرکەوت کە جیاوازییەکی بنەڕەتی و قووڵ لە نێوان ڕۆژهەڵاتناسیی "سوننەتی" و " بەراوەژوو" نییە، جگە لەوەی ڕۆژهەڵات ناسی سوننەتی ئورووپا بە چاوێکی چووک و سووکەوە دەڕواننە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چون خەڵکی ئەو دەوەرە لەو ڕوانگەیەوە سوننەتی و لە گێژاوی دین و خوڕافات کەوتوون و توانای وەرگرتنی بەهاکانی پێشکەوتن و مۆدێڕنیتەیان نییە، بۆیە "پێوانەی ڕۆژهەڵات ناسی بەراوەژوو"ش بەو وێکچوونەی ڕۆژهەڵات ناسی سوننەتییە واتە ئەم خەڵکە خوازیاری پێشکەوتن، مۆدێڕنیتە، دەسەڵاتدارییەتی شیاو و دوور لە خوڕافات و بەهاکانی زانستی و بەرەو پێشچوون نین! لێکدانەوەی چەپە نوێیەکانی ئورووپا لە مەڕ کۆمەڵگەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە وەرگرتنی خوڕافات لە بەهاکانی هەڵقوڵاوی نێو جەرگەی کۆمەڵگە دەزانن و ئەوە بە درووست و ئازادیی ڕاستەقینە دەقەبڵێنن. ئەگەر بە پێوانەی ئەوان بێ، ئەو بەهایانە وا خوڕافات، ئەشکەنجە و کوشتن و سەرکوتی ژنان و ڕووناکبیرانی ڕەخنەگری لێ دەکەوێتەوە، بەجێیە و دەبێ پاڵپشتی بی. بورگا لەو پەڕی ئەزموونی دێموکراتیک و پلۆرالیزم و ئازادیی ڕاگەیەنە گشتییەکانی دنیای ئازادی ئەمڕۆدا لە یەمەن دەژیا، بەڵام جێگەی سەرسووڕمانە کە هیچ گرینگییەکی بەو هەمووە دیاردانەی وەک ئازادیی چاپەمەنییەکان، پێکەوە ژیانی بەتەبای مەزهەب و دینە جۆراجۆرەکانی یەمەن نەداوە و تەنانەت هیچ ئاماژەیەکی لە کتێبەکەیدا پێ نەکردووە، چونکە لە ڕوانگەی "ڕۆژهەڵاتناسیی بەراوەژوو" یان چەپی ئورووپایی، هەمووی ئەو دیاردانە تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بن لە لایەن زلهێزەکانی ئیمپریالیستییەوە بە سەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا داسەپاوە.  بورگا بە پێچەوانە، هۆگری و سەرنجی خۆی خستۆتە سەر لێکۆڵینەوە لە سەر ئیسلامی سیاسی کە لە ڕوانگەی ئەوەوە دەنگ و ویستی ڕاستەقینەی یەمەنییەکانە و توێژینەوەکانی لە مەڕ جووڵانەوە سیاسییەکانی دینی لە ئیخوان و سەلەفی سوننە تا جووڵانەوەی ژیانەوەی فیرقەی زەیدی شیعەی یەمەنە کە لە لێواری لەنێوچوون دابوون و ئێستا بە هۆی یارمەتیی ماڵی و سەربازیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە جووڵانەوەی چەکداریی حووسی و دواتر گۆڕا بە "انصاراللە" بەرتەسک کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕوانگەی بورگا دەگەڵ ڕوانگە و ویستی زۆریەک لە خەڵکی یەمەن کە ساڵانێکی دوور و درێژ خەونی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک و مۆدێڕن و سیکۆلاریان دەدیت یەک ناگرێتەوە بەڵام ئەو پێداگرییە کە " کەسێکی یەمەنی دێموکرات" تاکێکی ئەسڵی یەمەنی نییە بەڵکوو تاکێکی بەدەڵە! بە باوەڕی بورگا کەسایەتیی یەمەنیی ئەسڵی یا موسوڵمانی ڕاستەقینە کەسێکە کە کۆی ویستەکانی سیاسی بە زمانێکی مەزهەبی دەرببڕێ. کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ئیسلامی، خەلافەتی ئیسلامی لە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە ئەو وێنانە لە سەریەک بە دوای بەڕێوەبردنی شەریعەتی دین بە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دایە و هانیان دەدا بە جیهاد و شەڕ دەگەڵ ناموسوڵمانەکان. وابزانم ئێمە دەگەڵ نەخۆشییەکی نوێی چەپ ئاژۆیی بەرەوڕووین، ئەو نەخۆشییە پێکهاتەیەک لە فاشیزمی مەزهەبی و چەپی هەلپەرست یا ئێپۆرتۆنیسمی چەپە بۆ بەرەنگاریی دەگەڵ ئیمپریالیزمی جیهانی. شۆڕشی خومەینی دەتوانرێ وەک نوختە خاڵی هاوبەش و سەلمێنراو لە یەک هەڵوێستی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ و فاشیزمی دینی و جووڵانەوەکانی ئیسلام ئاژۆیی بێ. یەکگرتنی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپ دەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیی خومەینی لە ئێران، وێنەیەکی بەرچاوی ئەو بیرۆکەیەن. شۆڕشی خومەینی توانی ڕێژێمی سەڵتەنەتی شا کە گەورەترین دۆست و هاوپەیمانی غەرب لە ناوچە دابوو و خوازیاریی بەرەو پێشکەوتن بوو، بڕووخێنێ و دروشمی دوژمنکارانەی دژی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناوچەدا پەرە پێبدا و بە ئاشکرا دوژمنایەتی و دژایەتی دەگەڵ بەها سیاسییەکانی وەک ( ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ) و هەروەها بەها کۆمەڵایەتییەکان وەک (خۆشگوزەرانی، مۆدێڕنیتە و دیاردەی نوێ) ڕاگەیەنێ. لە مێژووی نوێدا بەرەنگاری و کێبەرکێی نێوان چەپ و سەرمایەداری دەری دەخا کە بەرەی چەپ لە بەرامبەر سەرمایەداریدا لاواز و لاوازتر بووە و ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت گەورەترین ئەزموونی شکستی قەڵای سۆسیالیستی بوو. بە دوای ئەو شکستەدا بوو کە چەپەکان بەتوندی وەحەولەوەلای بەدیلێکی تر بۆ بەرەنگاریی ئیمپریالیزم کەوتن تا ڕێگر بن لە بەردەم سەرکەوتنەکانی پەیتا پەیتای سەرمایەداری و بەهاکانی. چەپی شکست خواردوو کە ئیتر وەک پڕۆژەیەکی تۆتالیتێری حیسابی بۆ نەدەکرا، لەمەودوا کەوتە بیری پڕۆژەی بە ئامانجی کورتەوە بۆ بەرەنگاری دەگەڵ ئیمپریالیزم و بە دەرکەوتنی گومانێکی بە ئاشکرای هەرەسهێنانی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی عەڕەب لە دوو دەورەی ناسریزم و بەعسیدا، جووڵانەوەکانی پەرەگرتووی فاشیزمی مەزهەبییان وەک هێزێکی بە توانا بۆ بەرەنگاری و شکستی ئیمپریالیزم لێک داوە. بەپێی ئەو ڕوانگەیە بوو کە میشێل فۆکۆ نە تەنیا پشتیوانی لە شۆڕشی خومەینی کرد بەڵکوو پشتیوانی لە پێشهاتەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دواکەوتووانەی ئەو شۆڕشەش کرد. کاتێک کە ڕێژیمی خومەینی پەردەیەکی ڕەشی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێرانێدا کێشا و یاسای دواکەوتووانەی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا داسەپاند، چەپی ئورووپایی نێوەرۆکی سەرکوتگەرانەی ئەو ڕێژیمەی بە بیانووی سەرکەوتن بە سەر بەها هەڵەکانی غەربی چەوسێنەردا بەهێند نەگرت و چاوپۆشی لێکرد. کاتێک کە خومەینی حیجابی بۆ ژنان ئیجباری کرد و بە ڕوانگەیەکی دواکەوتووانە و بناژۆیانەی ئیسلامییەوە لەشی ژنی تەنیا بۆ لەزەت و دەنا بە هۆکاری فیتنە و فەساد دەناساند، چەپی ئورووپایی نە تەنیا لەو کردەوە دواکەوتووانە و بناژۆیانەی ئیسلامی خومەینی چاوی خۆیان نوقاند بگرە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بۆ ژنانیان بە چەشنێک کردەوەی ڕزگاردەرانەی ژنان لە بەهاکانی غەرب وەک: مۆد، جوانکاری و کەلکوەرنەگرتن لەوکەرەسانەی کە دیاردە و هەناردەی غەربن دەناساند. بۆ چەپی ئورووپایی دواکەوتوویی و دژکردەوەی توند و بەهێزی جووڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی لە دژی نەتەوەکانی ژێر دەستە گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە کە ئەو کردەوانە لە دژی بەهاکانی غەرب و سپی پێستەکانی ئەمریکایی و ئورووپایی بەستراوە بە ئیمپریالیزمن. مۆدێڕنیتەی ئیسلام ئاژۆکان وەک مۆدێلی غەرب نییە کە سەرنج و گرینگی بە پەروەردە و ڕاهێنان، ئازادیی سیاسی، ئازادیی ژنان، جیایی دین لە سیاسەت و دەوڵەت و بەهێزکردنی ڕووحی تاک بێ، بەڵکوو دیاردەی نوێ لە لای ئیسلامییەکان؛ قەتڵ و ئێعدامی هاوڕەگەزخوازەکان، بڕینی دەستی دزانی فەقیر و داماو کە لە ڕووی نەبوونی و بەناچاری دزی دەکەن، بەردەباران کردنی ژنان بە هۆی زیناح تا سنووری مەرگ و سەپاندنی بیر و مەزهەبێک بە زۆری سەرنێزە و بەندیخانە و کوشتنە. هیچ کام لەو کردەوانە لە ڕوانگەی چەپی ئورووپایییەوە بێڕەحمانە نین. هەربۆیە ئێمە ئەم بەئاشکرا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بە پێوانە و بەهاکانی غەرب بۆ مرۆڤ لەبەرچاو دەگرین. بەڵام ئەگەر هەر ئەو بەئاشکرا لە ژێرپێنانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەو وەحشیگەرییانەی بەپێی بەهاکانی جۆراجۆری جووڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی کە لە شەریعەتێکەوە وەرگیراوە بەراورد بکەین، ئەو کردەوە وەحشییانە و هەرە دواکەوتووانەیە، لەو کردەوە هەرە سروشتییانەن کە وەرگیراو لە فەرهەنگ و نێوەرۆکی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە! لە ڕوانگەی ئۆپۆرتۆنیزمی چەپی نوێی ئورووپا، ئازادیی ڕاستەقینە و "جێگرەوەی مۆدێڕنیتە" ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە. "حسن نصراللە، سید قطب، ابومصعب الزرقاوی، طارق رمضان، حسین الحوثی، راشدالغنوشی و خمینی" لە ڕوانگەی چەپ ئاژۆکانی ئورووپایی قارەمانانی "سەربەخۆ" و شایانی ڕێزلێنانن. بورقیبە، ئاتاتورک، تەها حوسێن و محەممەدعەبدە و هەموو نمونەکانی مۆدێڕنیتەی لیبڕاڵ تەنیا بکەر و نوێنەری داگیرکەرانن بۆ پەرەپێدانی بەهاکانی ئیمپریالیزم. هەر بۆیە چەپی ئورووپایی دەبێ بۆ بەربەرەکانی و لە ڕیشە کێشانی سەرچاوەکانی غەرب لە نێو دنیای ئیسلامدا دەگەڵ فاشیزمی ئیسلامی ڕێک کەون. ئەوە بە تەنیا فڕانسوا بورگا نییە کە خوازیاری ڕێککەوتنی فاشیزمی دینی دەگەڵ چەپی ئوروپایە، بەڵکوو نووسەر و "ڕۆژهەڵات ناسی بەراوەژوو" ی چەپ ئاژۆکانی ئورووپایی بەناوی ئالێن گریش لە کتێبی "ئیسلام، جەمهوریەت و جیهان" ئەو بیرۆکەیەی بڵاو کردۆتەوە. ئالێن لەو کتێبەیدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر ژنێکی دژبەری حیجاب و هەمان وشە و ڕستە و تەوس و پللاری سەلەفییەکانی ئیسلامی بە کار دێنێ. بە باوەڕی ئەو "ڕۆژهەڵات ناسە بەراوەژووە" ژنێکی موسوڵمانی ڕاستەقینە ئەو ژنەیە کە لە تۆقی سەری ڕا تا بەری پێی داپۆشراو بێ، نەک ئەو ژنە "بەدەڵانەی" کە بە هەستێکی کەمهێز، دامەن کورت و بە دروشمی فیمینیستی لاساکەرەوەی ژنانی غەربن. ئالێن گریش هەر وەک بناژۆکان داکۆکی لە ئیسلام دەکرد، لە ڕوانگەی ئەوەوە ئیسلام دینی پێشکەوتنە و پێویستی بە پێداچوونەوە نییە و پێی وایە بناژۆیی لە بناغەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و هەموو ئەو کەسانەی بە دوای مافی ژنان، ئازادی، دێموکراسی، مۆدێڕنیتە و مافی مرۆڤن، گۆمان لێکراو و لە بیرمەندانی غەربزەدەن. ئالێن گریش پێی وایە ڕووناکبیری ڕاستەقینە کە لە ئامانجەکانی ئیسلام دەدوێ  "طارق رمضان" یا "خمینی" و کەسانی وەک وانن و باقی لیبڕاڵەکان، هێزە چەپەکانی دنیای عەڕەب هەموویان فێرکردەی غەربن کە دەیانەوێ بەربەرەکانی و خەبات بە دژی بناژۆیی ئیسلامی و شێوەی حوکمڕانی ئیسلام بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناویندا بکەن. جگە لە فڕانسوا بورگا و ئالێن گریش، چەند ناوی دیکەی پەیڕەوی ئەو مەکتەبە وەک یان هالۆی وەبەرچاو دەکەون. ئەو ڕووناکبیرە چەپە ئورووپاییە پێوەندیی نێوان غەرب و دنیای ئیسلام لە نوختەیەک ڕا و ئەویش "استعمار"دا دەبینێ. لە ڕوانگەی ئەوەوە دنیای ئیسلام قوربانیی ئیستعماری غەربە کە جگە لە بەتاڵان بردنی سەرچاوەکانی خەڵک، تێدەکۆشن بەهاکانی ئازادی، دێموکراسی، بەرابەری، ئازادیی ژنان، حوکمی ئەقڵ و پلۆرالیزمی سیاسی لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا پەرە پێ بدەن. لە ڕوانگەی فڕانسوا بورگا و ئالێن گریش و یان هالۆی، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ ڕێگەی دەربازبوونیان لە ژێر کاریگەریی ئیستیعماری غەرب نییە مەگەر ئەوەی کە ئەو نەتەوانە بەهاکانی غەربی لە وڵاتەکانیان لە بەین بەرن و  بگەڕێنەوە سەر کولتوور و زمانی سیاسیی خۆیان کە "خەلافەت، شەریعەتی ئیسلامی و حوکمی ئیمامەتە". چەپگەرایانی ئورووپایی بە بەهاکانی دێموکراسی و سیکۆلاریزم و ئازادی، بڕوای ئاشکرایان هەیە، بەڵام ئەو دیاردانە تەنیا وەک بەهاکانی سروشتی خۆیان لە نێو کۆمەڵگەی فەڕانسە و وڵاتانی ئورووپاییدا دەبینن و دەوێ! هەر بۆیە لە سێ دەیەی ڕابردووڕا تێکۆشاون بە عەڕەبەکان و موسوڵمانەکان بسەلمێنن کە ئەوان دەگەڵ ئورووپاییەکان تەنیا "جیاوازن" نەک "دواکەوتوو"! و باوەڕیان وایە کە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات و موسوڵمانان دەبێ دژایەتی دەگەڵ هەموو بەهاکانی مۆدێڕنیتەی غەربی بکەن و بۆ بەهاکانی سروشتیی کۆمەڵگەی خۆیان هەرچەند دواکەوتووش بێ، سوور و پێبەند بن! جەرەیانی چەپی ئورووپایی یا ڕۆژهەڵات ناسیی بەراوەژوو، دەگەڵ بناژۆیی ئیسلامی لە سێ خاڵ کە لە کۆتاییدا ئەوان بە "بیرۆکەی پیلان" (نظریە توطئە) ڕادەکێشێ؛ هاوبەشن. یەکەم خاڵی ئەو بیرۆکە ئەوەیە کە پیلانێکی گەورە لە لایەن غەربەوە بۆ بە لاڕێدابردنی ئیسلام هەیە و تێرۆریزمی ئیسلامی تەنیا پلانێکی دەزگای پاراستنی غەربە کە بەمەبەستی بەدناوکردنی ئیسلام و موسوڵمانان داڕێژراوە. دووهەم بیر ئەوەیە کە ئیسلام، بە پێچەوانەی مەسیحییەت و یەهودییەت، هیچ پێویستییەکی بە پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی دینی نییە و چاوخشاندنەوە بە ئیسلام لە ویست و خواستەکانی وڵاتانی غەربە. سێهەمین بیر ئەوەیە کە هۆکاری دواکەوتوویی موسوڵمانان، ئیستیعمارە دەنا هیچ هۆکارێکی نێوخۆیی بۆ دواکەوتنی موسوڵمانان جگە لە ئیستیعمار و هێزەکانی غەربی نییە. چەپگەرایانی ئورووپایی (بەتایبەت فەڕانسەوییەکان) لەو خاڵەیدا کە غەرب هۆکاری هەموو بەدبەختییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و موسوڵمانانە دەگەڵ خراپترین فاشیزمی مەزهەبی هاوڕان. کە وابوو کتێبی "دەنگی ڕاستەقینەی باشوور" لە ڕاستی هەمان "دەنگی فاشیزمی مەزهەبی"یە کە خوازیاری ویلایەتی فەقیهـ و هاوکێش کردنی شەریعەت و سەرکوتی ژنانە. لە بەرامبەردا ژنانی عەڕەب یا موسوڵمان کە لە لیبرالیزم، سیکۆلاریزم و دێموکراسی پشتیوانی لێ دەکەن، لە ڕوانگەی بیرمەندانی بەراوەژوو، ئەوە ڕوخساری درۆ و ناڕاستن کە دەبێ لە بێژینگ درێن. بە لە بێژینگدان و سەرکوتی هەموو ئەو دەنگانەی خوازیاری ئاڵوگۆڕ و پێکهاتەی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتە موسوڵمانەکانن، کە چەپێکی ئورووپایی یەکگرتووی بەهێز بۆ بەرەنگاری دەگەڵ ئیمپریالیزم سەر هەڵدەدا.   سەرچاوە:  webb Daraj  ــ  Kayhan London حسین الوادعی، مافناسی یەمەنی