کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەهمی شرۆڤەی ئۆبژێکتیڤ

03:30 - 30 رێبەندان 2718

پێش ئەوەی وتارەکەم دەست پێبکەم، دەبێ ئەوە بڵێم ئەم وتارە کاریگەریی کتێبی "مێتۆدۆلۆژیی زانستە مرۆڤایەتییەکان"، لە نووسینی "ماکس وێبێر"‌ی، بەسەرەوەیە. گوتنی ئەم ڕاستییە بەم مانایە نیە ئەم وتارە دووبارە نووسینەوەی پرش‌و‌بڵاو یان بە گومانی هەندێک کەس، لاوازتری بەشگەلێکی ئەو کتێبەیە؛ بەڵکوو وێڕای کاریگەری وەرگرتن لەو کتێبە، لە حەددی خۆمدا بیرم کردۆتەوە و بە سەرەنجدان بە نموونە و پرسەکانی جێی سەرنجی خۆم، تێڕامانم بۆ بابەتی "نامومکین بوونی شرۆڤەی ئۆبژێکتیڤ"، کردووە و بە پێی توانا تەتەڵەم کردووە. لەم وتارەدا دەڵێم شرۆڤەی ئۆژێکتیڤ، وەهم و گومانێکی زێهنییە کە دروست دەکرێ و واقعیەتی نیە. ‌ئێستاش باسەکەم بە سێ پێشەکی دەست پێدەکەم: پێشەکی یەکەم: واقعیەت چەندڕەهەندی و تێکڕژاوە؛ واتە کۆنکرێتە. شرۆڤەکار نەزم و واتای پێدەبەخشی. نەزم و واتابەخشینیش بەپێی هەندێک پێوانە و بنەما و لە پێرسپێکتیڤێکەوە دەکرێ. ڕوونکردنەوە، شیکردنەوە یان بە واتایەکی باشتر تێگەیشتن لە واقعیەت، لە فیلتێری زێهنەوە تێپەڕ دەبێ. ئەمە خۆی ڕەهەندێکی مەفهوومی بە شرۆڤە دەدا و لێرە دایە کە وەهمی شرۆڤەی ئۆبژێکتیڤ بەتاڵ دەبێتەوە. جیاوازیی مرۆڤ لەگەڵ حەیوان، یان باشترە بڵێم جیاوازیی دیتنی شتەکان لەلایەن مررۆڤەوە لەگەڵ دیتنی شتەکان لەلایەن حەیوانەوە، ئەوەیە کە حەیوان ناتوانێ نەزم و واتا بە بەشە جیاواز و پرش‌و‌بڵاوەکانی واقیعیەت بدا، بەڵام مرۆڤ ئەو توانای هەیە. خودی دۆزینەوەی پێوەندیی نێوان بەشە جیاجیاکانی واقعیەت و دۆزینەوەی وەک‌یەکیی نێوانیان، تایبەتمەندیی مرۆڤە. مرۆڤ تیشکی تێگەیشتن، گوتار، یان عەقڵ، لە واقعیەت وەک رەشاییەکی ناڕوون، دەگرێ و ڕوونی دەکاتەوە و مانا و فۆڕمی پێدەدا و پێناسەی دەکا. کارێک کە حەیوان ناتوانێ بیکا. پێشەکی دووەم: ئایدۆلۆژی واقعیەتە کۆنکرێتی و تاقانەکان، لە چوارچێوە و قاڵبی دوگمی تیۆریک داوێژێ و واقعیەتە جیاوازەکان دەخاتە نێو قاڵبە گشتی و گشتگیرەکانەوە؛ بەم شێوەیە کە ئەو بەشانەی واقعیەت کە لەگەڵ ئەو قاڵبانە نایەنەوە حاشایان لێدەکا و نادیدەیان دەگرێ، یان بە شێوەیەکی ناڕاست خوێندنەوەیان بۆ دەکا کە لەگەڵ قاڵبە ئایدۆلۆژیکەکە بێنەوە، یان وەک شتێکی بەڕێکەوت و کەم بایەخ دەیانوێنێ. پێشەکی سێهەم: مێتافیزیسم واتە شرۆڤەیەکی نابەستێنمەند، بان‌مێژوویی، ئابستراکت، گشتی و خڕە و ناتوانرێ رەد بکرێتەوە یان بسەلمێنرێ. ئەمە ڕەتکەرەوەی تاقانەبوونی دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانە. بەپێچەوانەی دیدی مێتافیزیکی کە دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە سەرووی هەلومەرج و بەستێنی جیاوازی زەمانی و مەکانیی دیاریکراو، ئەو دیاردانە لەنێو بەستێنی شوێن و کاتی دیاریکراودا بیچم دەگرن و دروست دەبن و پێویستە لە چوارچێوە و گرێدراو بە بەستێن و هەلومەرجی دەرکەوتنیان شرۆڤە بکرێن. واتە شرۆڤەیەکی بەستێنمەند و مێژوومەند. ئاکامێک کە لەو سێ پێشەکیە وەریدەگرین ئەوەیە کە واقعیەتی کۆنکرێتییەکان نابێ بە دیدێکی بەرتەسکبین و کاریکاتۆریی ئایدۆلۆژیک ـ ئایدۆلۆژی زۆر جار خوێندنەوەیەکی کاریکاتۆری لە واقعیەتەکان دەخاتە ڕوو، بەم مانایە کە بەشێکی دڵخوازی واقعیەت زۆر زیاد لە حەد و زیاد لە واقع و لەسەر حیسابی نادیدەگرتن یان کەم‌بایەخ نیشاندانی بەشەکانی دیکە، گەورە و بەرجەستە دەکاتەوە ـ و بە شێویەکی مێتافیزیکی و دابڕاو لە واقعیەت شرۆڤە بکەین. دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، واتە بیاڤی زانستە مرۆڤایەتییەکان، دەبێ بە میتۆدی تایبەت بە خۆیان و جودا لە میتۆدی زانستە سروشتییەکان شرۆڤە بکرێن. لەم وتارەدا دیدی پۆزیتیویستی کە لەسەر بنەمای یەکیەتیی میتۆدۆلۆژیی زانستە سروشتی و مرۆڤایەتییەکان هەڵچنراوە و لەڕاستیدا وێنای زەینیی شرۆڤەی ئۆبژێکتیڤیش، بەرهەمی ئەو دیدەیە، دەبمە ژێر پرسیار و دەڵێم تێزی هاوتابوونی شرۆڤە و واقعیەت، یان بە واتایەکی دیکە هاوتابوونی سووژە و ئۆبژە، کە بەرهەم یان دەڕبڕینێکی دیکەی پۆزیتیویزمە، لەگەڵ چییەتیی زانستە مرۆڤایەتییەکان نایەتەوە. جیاوازیی بنەمایی نێوان زانستە سروشتی و مرۆڤایەتییەکان ئەوەیە لە زانستە سروشتییەکاندا ئێمە لەگەڵ سووژەیەکی زاڵ بەسەر ئۆبژەدا بەرەوڕووین، سووژە لە ئۆبژە جیایە و بەشێک نیە لەو، لەحاڵێکدا لە زانستە مرۆڤایەتییەکاندا ئێمەی سووژە لەنێو پێوندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان داین و بەشێکین لەو ئۆبژەی کە ئەو زانستانە هەوڵی تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەیان دەدەن. بە دەربڕینێکی دیکە ئێمە هەم بوونەوەرێکی نۆڕماتیڤ و کولتوورین و هەم لەنێو پێوەندییەکان و واقعیەتی کۆمەڵایەتیدا دەژین. لە سەرەوەی ئەو پێوەندی و واقعیەتانەدا نین کە بەبێ باندۆر وەرگرتن لەوان، چەمکەکان بئافرێنین و واقعیەتەکان شرۆڤە بکەین. لەڕاستیدا چەمک و کۆنسێپتەکان لە دڵی ئەو پێوەندی و واقعیەتانە دێنەدەر و لە ڕەوتێکی کارلێکی و لێکەوتەییدا بۆ نێو ئەو پێوەندی و واقعیەتانە دەگەڕێنەوە. لە شرۆڤەی پرسە مرۆڤییەکاندا پێویستمان بە تیۆری هەیە وەک ئامرازێک بۆ تێگەیشتن. تیۆری نە قاڵبێکی ئایدۆلۆژیکە کە ئێمە واقعیەتەکان بە باڵای ئەو بگرین و بە زۆری واقعیەتەکان لە چوارچێوەی تەسک و تەنگی ئایدۆلۆژییەکان بترنجێنین و هەروەک لە پێشەکی یەکەمدا ئاماژەمان پێکرد، ئەگەر بەشگەلێکی واقعیەتەکان لەگەڵ قاڵبەکە نەهاتەوە نادیدەی بگرین یان خوێندنەوەیەکی ناڕاستی بۆ بکەین. واتە نابێ ئایدۆلۆژی ڕۆڵی چاویلکەیەک ببینێ کە هەموو شتێک لە دەلاقەی ئەوەوە تێڕامان و خوێندنەوەی بۆ بکەین. لەلایەکی دیکە تیۆری لە زانستە مرۆڤایەتییەکاندا ڕەنگدانەوەی ئاوێنەیی واقعیەتەکان نیە، بە چەشنێک کە بەتەواوی یەکتر داپۆشن و پڕاوپڕی یەکتر بن. هەروەها تیۆری هێزێکیش نیە کە مێژوو و داهاتوو دیاری بکا. بەڵکوو تیۆری ئامرازێکی شرۆڤەییە کە ڕۆڵی چرایەکی گوتاری دەبینێ کە لە گۆشەنیکایەکی دیاریکراوەوە لە واقعیەت دەگیرێ و ڕوونی دەکاتەوە و فۆڕمی پێدەدا. تیۆری ئامرازێکی مەفهوومییە کە ئاسۆی ڕوانینت پێدەبەخشێ و جودا نیە لە زانست و فێرکراوە کەڵەکەبووەکانی نێو زێهنی مرۆڤ. لە زانستە مرۆڤایەتیەکاندا ئێمە لەگەڵ فاکتۆری "زێهنییەت" و "پسکۆلۆژی"‌ی شرۆڤەکار بەرەوڕووین و هەموو زانستە مرۆڤایەتیەکان بە فیلتێری زێهنییەتدا تێدەپەڕن و کاریگەری لێوەردەگرن. ئەمەش خۆی‌لەخۆیدا بە واتای ئەوەیە کە هیچ شرۆڤەیەک لە بایەخ و بەها و نۆڕمەکانی شرۆکار جودا نیە و لەبنەڕەتدا شرۆڤەی "بێ‌لایەنانە" وەک ئەوەی لە زانستە سروشتییەکاندا بەدی دەکرێ، بوونی نیە. عەقڵی ڕۆشنگەریی بەگشتی و پۆزیتیویزم بەتایبەتی، ئیدیعایان دەکرد تەنیا یەک حەقیقەت هەیە و ئەویش بە ئامرازی عەقڵ دەتوانی بیدۆزیەوە و هەموو پرسی زانست و شرۆڤە لە ئێپیستمۆلۆژیدا کورت دەبێتەوە؛ لەوەی کە چۆن و بە چ میتۆدێک بەش و توخمە پێکهێنەرەکانی واقعیەت لێکجیا بکەیەوە و تاقە مانا و حەقیقەتی دیاردەکان دەرخەی و بدۆزیەوە. ئەمە پێناسەیەک لە فەلسەفە یان لقێکی فەلسەفەیە، کە تیۆری ناسینی پێدەگوترێ؛ واتە هەمان مەعریفەناسی یان ئێپیستمۆلۆژی. لێرەدا ئێمە لەگەڵ یەک حەقیقەتی ئۆبژێکتیڤ بەرەوڕووین کە دەکرێ بدۆزرێتەوە و هەموو پرسی مەعریفە و فەلسەفە و زانست ئەوەیە کە چۆن ئەو حەقیقەتە بدۆزرێتەوە. نەدۆزینەوە یا نەگەیشتن بە تاقەحەقیقەتی دیاردەکان، بۆ کەمایەسیی مەعریفەناسی مرۆڤ دەگەڕێتەوە و بە مانای ئەوە نیە کە دیاردەکان تەنیا یەک مانا و حەقیقەتیان نیە. لەحاڵیکدا لە دوای‌ڕۆشنگەری، ئەو ڕەوتە فکرییە سەریهەڵدا کە پێی وایە لە بیاڤی زانستە مرۆڤایەتییەکاندا (بەتایبەتی)، تاقە‌حەقیقەتێکی ئۆبژێکتیڤ لە دەروەی زێهنی مرۆڤ و کاریگەرییەکانی بوونی نیە، بەڵکوو مرۆڤ لە مانابەخشین و فۆڕمدان بە حەقیقەتدا بەشدارە و ڕێک بەو هۆیەش چەشنێک ڕێژەگەرایی و پلۆڕالیزم دێتە ئارا کە تاقەحەقیقەتیی دیاردەکان دێنێتە ژێر پرسیار و جیاوازیی حەقیقەتەکان دێنێتە ئارا. هەر تێگەیشتن و شرۆڤەی پرسە مرۆڤییەکان، زێهنییەت، مەعریفە و ئاسۆی ڕوانینی لەپشتە. ئەتۆ بە شێوەیەکی چارەهەڵنەگر لە پێگەیەک و لە ئاسۆیەکەوە لە دیاردەکان ڕادەمێنی و بەپێی جیاوازیی ئاسۆی ڕوانین، تێگەیشتن لە واقعیەت و مانابەخشین و فۆڕم‌پێدانی جیاواز دەبێ. خۆ زێهنی مرۆڤ ئاوێنەیەکی بەتاڵ لە نێوەرۆک و نێوئاخن نیە کە تەنیا واقعیەتی "ئۆبژێکتیڤ"، بنوێنێ و تێیدا ڕەنگ بداتەوە. مرۆڤ بوونەوەرێکە کە باوەڕ، بایەخ، ئامانج و زانستێکی کەڵەکەبووی هەیە و لە پەنجەرەی مێشکی خۆی و مەعریفەی خۆیەوە لە دیاردەکان ڕادەمێنێ. مرۆڤی واقعی بەم شێوەیە. ناکرێ مرۆڤ لە هەموو ئەو شتانە بەتاڵ بکەیەوە تا ئەوەی کە پێی دەڵێن "شڕۆڤەی بێلایەنانە"، پێشکەش بکرێ. نۆڕم و بایەخەکانی مرۆڤ لەسەر شرۆڤەی واقعیەت کاریگەری هەیە و لە بنەمادا شرۆڤەی بەدەر لەوانە، نامومکینە. هەروەک گوتمان شرۆڤە واتە نەزم و مانابەخشین بە واقعیەتە جیاواز و پرش‌وبڵاوەکان، ئەمەش بە کەڵک وەرگرتن لە زمان، وشە، چەمک و کۆنسێپت دەکرێ. لەبنەڕەتدا ئێمە بەوانە بیر دەکەینەوە و زمان و وشە و چەمک تەنیا ئامراز نین کە ئێمە بیرکردنەوە و ئەندێشەمان بۆ ئەوان وەرگێڕێن، هەر بەبێ ئەمانە ناتوانین بیر بکەینەوە. بیرکردنەوەی ئێمە پێکهاتەیەکی زمانیان هەیە. هەمووی ئەمانەش هەڵگری پێشفەڕزی نۆرم و بایەخەکانی مرۆڤن. مرۆڤ بوونەوەرێکی بێخود و بێ‌ئامانج نیە و لەخۆڕا ناجووڵێتەوە. لە پشت پاڵنەرە توێژینەوەکانی مرۆڤ، فەڕزکراو و ئامانجەکانی مرۆڤ هەیە و توێژینەوەکان لە خزمەت ئەو بایەخ و نۆڕمانەدان. هەروەک ماکس وێبێر دەڵێ، بۆ نموونە نەهێشتنی هەژاری و بەدیهێنانی عەداڵەت، بایەخ و ئاڕمانێکە کە لێکۆڵینەوەی لەپێناودا کراوە و کۆمەڵێک ڕێکاریشی بەرهەم هێناوە. ئامانجی لێکۆڵینەوە لە خزمەت ژیان دایە. بۆ باشتر کردنی ژیانە کە زانستەکان سەریانهەڵداوە و گەشەیان کردووە. زانستی حقووق، کە زانستێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤییە، لەپێناو بایەخ و ئامانجگەلێکدا سەریهەڵداوە و بێ‌ئامانج و بێ‌هۆ بنیات نەنراوە. لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەدا ئامانجێک هەیە و لەپێناو ئەو ئامانجە دایە کە ڕێکار دەخرێنە ڕوو. ئەگەر ڕێکارەکان لە بواری کردەییدا خزمەتی باشی ئامانجیان نەکرد، رەخنەیان لێدەگری و ڕێکاری دیکە پێشکەش دەکەی. تازە ئەگەر دەرکەوت ئامانجی پشت لێکۆڵینەوە، پارادۆکسییە، ئامانجەکە دەگۆڕی. واتە زانستەکان لە دیالکتیکی پێویستییەکان و دەرکەوتەکاندا سەرهەڵدەدەن و گەشە دەکەن. بایەخ و ئارمانج و مەعریفەی مرۆڤ لە دیاریکردنی پێرسپێکتیڤی مرۆڤدا نەخشیان هەیە؛ ئەوەی کە لە چ دیدێک، لە کام پێگە و گۆشەنیگاوە لە بابەتەکە دەڕوانی، ئاراستە و ئاقاری شرۆڤە و توێژینەوە دەگۆڕێ. بەم مانایە هیچ شرۆڤەیەک بەدەر لە نۆڕم و بایەخەکانی مرۆڤ نیە. لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا مرۆڤ ڕۆڵی هەیە. لەپشت کردەوە و چالاکییەکانی مرۆڤدا، ئیدە، ئامانج و پاڵنەر بوونی هەیە. واتە مرۆڤ بێخود و بێهوودە ناجووڵێتەوە و چالاکی ناکا. بۆ نموونە ئەگەر من خەبات دەکەم لەبەر ئەوەیە ئەسڵی ئازادی بۆ من بایەخی هەیە و بۆ بەدیهێنانی تێدەکۆشم. واتە هۆکاری خەباتی من ئەوەیە کە شتێک بەبایەخ دەزانم. هەر ئەوەیە کە دەڵێم لە شکڵگرتن و دروست‌بوونی دیاردە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا، فاکتۆری نۆڕم و بایەخەکانی مرۆڤ ڕۆڵی هەیە بەم پێیەش لە هەڵبژاردنی بابەتی لێکۆڵینەوە و ئەوەی کە لەسەر کام بەشی واقعیەت فۆکۆس بکەی، فاکتۆری نۆڕم و بایەخ بەشدارە. شرۆڤەش بۆخۆی چالاکییەکی زێهنییە و وەک هەموو کردە و چالاکییەکانی دیکەی مرۆڤ لە فاکتۆری بایەخ کاریگەری وەردەگرێ. واتە مەحاڵە نۆڕم و بایەخەکان لە هەموو کردەوەکانی مرۆڤدا دەخیل بن، بەڵام لە شرۆڤە و تەتەڵەی ئەواندا بێ‌باندۆر بن؛ ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و مرۆڤی بەتاڵ لە بایەخ و بایەخەکان، بوونی نیە. کەسانێك هەن کە ئیدیعای ئۆبژێکتیڤیزم لە شرۆڤەدا دەکەن، کە باسمان کرد شتی وا مەحاڵە، لە بەرامبەردا تاقمێکی دیکە هەن کە لەپشت چاویلکەی سیاسی و بەهاکانی خۆیانەوە لە واقعیەت دەڕوانن کە لە تایپە پەڕگیرەکەیدا شرۆڤەیەکی تەواو ئایدۆلۆژیک و کاریکاتۆری لە واقعیەت پێشکەش دەکەن؛ شرۆڤەیەکی ئامانجدار کە ڕوویەک لە واقعیەت بەرجەستە دەکەنەوە و لەگەڵ هەموو واقعیەت هاوتای دەکەن. لەنێوان ئەم دوو ڕەوتە پەڕگیرانەدا، ڕەوتێکی دیکە هەیە کە بایەخ و ڕوانینەکانی مرۆڤ لە شرۆڤەی بابەتدا بەکاریگەر دەزانێ. لێرەدا ئەو پرسە دێتە ئارا ئەگەر هیچ شرۆڤەیەکی "بێلایەن" و بەدەر لە نۆڕم و بایەخەکان بوونی نیە، کەواتە جیاوازی لەگەڵ ئەوەی کە پێی دەڵێن "قەزاوەتی ئەرزشی" چیە؟ ئەم پرسیارە لە جێی خۆی دایە و لەوانەیە کەسانێک بە خوێندنەوەی ئەم شیکارییانەی سەرەوە ئەم پرسیارەیان لە مێشکدا دروست بێ. گوتمان لە زانستە مرۆڤییەکان و لە شرۆڤەی پرسە مرۆڤییەکاندا ئەو بایەخ و پاڵنەرانەی کە ئاراستەبەخشن، بەشدارن. تەنانەت کاتێک دۆخێک لەگەڵ ئاڕمانەکانی مرۆڤ نایەتەوە، زیاتر ئێمکانی پرۆبلماتیزە بوون و بوون بە مەوزووعی، هەیە. هەڵبەت ئەوە بە مانای قەزاوتی ئەرزشی نیە و نابێ تێکەڵ بکرێن. هەروەک "نێچە" دەڵێ: شرۆڤە لەو دیوی باشی و خراپی دایە. ڕاستە لەوەی کە واقعیەت چۆن دەبینین زێهنییەتی ئێمە بەشدارە، ڕاستە زێهنی مرۆڤ لە فۆڕم‌بەخشین بە واقعیەت دەخیلە، بەڵام ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەیەکی زێدەڕۆیانەی ئۆبژێکتیڤیزمی ئۆبژەکان نیە. واتە نابێ ئێمە بکەوینە داوی زێهنگەراییەکی ڕەها و واقعیەتی دەرەوەی زێهنی مرۆڤ رەت بکەینەوە و جیهانی دەرەوە بە دروست‌کراوی زێهن و بە شتێکی زێهنی بزانین. هەروەک چۆن ئۆبژێکتیڤیزمی بەدەر لە زێهنی مرۆڤ نادروستە، بە هەمان شێوە زێهنیگەراییەک کە شتەکان بەتەواوی بە دروستکراوی زێهنی مرۆڤ دەزانێ کە بوونێکی دەرەوەی زێهنییان نیە، هەڵەیە. ئەمە هەمان ئێپیستمۆلۆژیی تەفسیرییە کە تا نیهایەتی مەنتقیی خۆی دەڕوا و ڕێژەگەراییەکی ناواقعی لێدەکەوێتەوە کە لە هەموو بنەماکانی زانست و ئەخلاق و مەعریفەی مرۆڤ دەدا. ئەگەر شتەکان بەتەواوی زێهنی بن، ئەمە جیاوازییەکی ڕەها دێنێتە ئارا کە وەک‌یەکیی شتەکان کە شوناس‌بەخش و مانابەخشی ئەوانن، رەت دەکاتەوە. ڕاستە واقعیەتەکان کۆنکرێتن و تێکڕژاو و جیاواز و پرش‌وبڵاون، بەڵام هاوبەشی و وەکیەکیشیان هەیە کە ئەم وەکیەکییە شوناس و مانایان پێدەدا. ڕاستە هەروەک مرۆڤەکان بوونێکی تاکەکەسییان هەیە، ڕووداو و دیاردەکانیش بە هامان شێوە تایبەتمەندییەکی تاکەکەسییان هەیە؛ واتە ئێمە لەگەڵ "ئەفرادی تاریخی" بەرەوڕووین. بەڵام لەولاش ئەگەر وەکیەکی و هاوبەشی بوونی نەبا، لەگەڵ دنیایەکی ناکۆک، بە توندی پرش‌وبڵاو و نایەکانگیر بەرەوڕوو دەبووین کە بەرد لەسەر بەرد بەند نەدەبوو و ئەسڵەن شتێکمان بە ناوی کۆمەڵگای مرۆڤیش نەدەبوو؛ شتێکمان بە ناوی تیۆری، زانست و مەعریفە نەدەبوو، چونکە ئەوانە لە نەبوونی هاوبەشیدا پێک نایەن. ئەگەر وەک عەقڵگەرایی رۆشنگەریش باوەرمان بە دۆزینەوەی حەقیقەت و تاکەمانای واقعیەتەکان نەبێ کە لە تایپە پۆزیتیویستییەکەی بە مێتۆدۆلۆژییەکی یەکگرتووشدا تێدەپەڕێ، ئەگەر باوەڕمان بە مەعریفەناسیی تەفسیریش بێ کە لە شکڵی مەعقوڵیدا باوەڕی بە بەشداریی زێهنی مرۆڤ لە دروست کردنی حەقیقەتدا هەیە و دەڵێ حەقیقەت ڕهەندێکی گوتاری و زێهنییشی هەیە، دەبێ هەوڵ بدەین ئەوەندەی دەکرێ باوەڕ و بایەخەکانمان لە کەوانە باوێژین و لە شرۆڤەدا دەخیلیان نەکەین؛ واتە ئەوەندەی دەکرێ بەدەر لەوەی ئێمە پێمان باشە یان خراپە و، بەدەر لە "تەجویز"، واقعیەتە چۆنە، ئاوا بیبینین. دیارە بەم تێبینییە کە هیچ شرۆڤەیەک لەگەڵ واقعیەت بە تەواوی یەکناگرێتەوە و هەمیشە لەنێوان ئەو دووانە مەودایەک هەیە؛ چونکە واقعیەت بمانەوێ و نەمانەوێ بە فیلتێری زێهنیەتدا تێدەپەڕێ. هونەری شرۆکار ئەوەیە کە ئەم مەوادیە زۆر نەبێ و شرۆڤەیەک بخاتە ڕوو کە نزیکتر بێ لە واقعیەت. ئەمەش ئامرازی مەفهوومی و تیۆری دەوێ و لەخۆڕا نایەتە دی. بەم شیکردنەوەیە هەرچەند شرۆڤەی بەدەر لە کاریگەریی نۆڕم و بەهان بوونی نیە، بەڵام ئەو بە مانای تێکەڵکردنی شرۆڤە لەگەڵ قەزاوەتی ئەرزشی نیە. ئەو دووانە دوو تایپەی جیاوازی خوێندنەوەن و نابێ لەجێی یەکتر بەکار بێن یان لە لیباسی یەکتردا بخرێنە ڕوو.