کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمانی دایک و شوێنەوارەکانی زمانی داسەپاو

21:49 - 1 رەشەمه 2718

زمان گرینگترین پێناسەی هەر نەتەوەیەکە، شوورە بەردێکی قایمە بۆ تۆکمەکردنی بناغە و ژێرخانی نەتەوەیی، لەخۆڕا نییە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی کەون و نوێ ناوەکانیان هەڵقوڵاوی زمانەکەیانە. مرۆڤ بە زمانی دایکی بیر دەکاتەوە و شوناس و تواناکانی خۆی دەدۆزێتەوە و پەرەی پێدەدا. زمان تەنیا، ئامرازێک نییە بۆ لێک تێگەیشتن، بەڵکوو زمان دەروازەی هزر و بیری مرۆڤە بۆ خۆدیتنەوە لە جیهانی دەوروبەر و بناغەی شعووری مرۆڤە، زمان کۆڵەکەیەکی پتەوە لە ناوەندی چوار دیواری کۆنکرێتی نەتەوەکاندا! زمان کاتێک دێتە گۆ، مرۆڤ دەوروبەری خۆی دەناسێ و هەست بەپێشکەوتن و کەم و کووڕییەکانی دەکا و، لە هەمان کاتیشدا سیستمی چۆن بیرکردنەوەی شکڵ دەگرێ و دەبێتە خوڵقێنەری پێداویستییەکانی ژیان بەشێوەی ئەوڕۆیی و سەردەمیانە؛ چون زمان و شعوور بەڕادەیەک لێک  گرێدراون هەرکات شعوور بەڕۆژ بۆوە زمان وەرچەرخانی نوێ بە خۆوە دەبینێ. هەر ئەو وەرچەرخانەیە کە وەک هێمای پێشکەوتن خۆ دەردەخا. نەتەوەیەکی شکست خواردوو هەتا ئەوکاتەی زمانەکەی لەدەست نەداوە لە سەرکەوتن هیوابڕاو نابێ، لە سێ بەندی جاڕنامەی گەردوونیی ڕێکخراوی یۆنسکۆدا هاتووە کە هەموو وڵاتانی جیهان ئەرکدار کراون بۆ بەرەوپێش چوون و فێرکردن و بارهێنانی زمانی دایک لە وڵاتەکانیاندا؛ بۆ ئەو مەبەستەش هەموو وڵاتان ئەرکدارکراون کەرەسە و پێداویستییەکان بەرهەم بێنن و دابەشیان کەن بۆ پەرەدان بەو ئەرکە پێ سپێردراوە. ئەو پەسندکراوەی یۆنسکۆ پێی وایە کە خوێندن بە زمانی دایک، تەنیا کەرەسەیەکە دەتوانێ کۆمەڵگە ڕێک بخا و یەکسانی بەرهەم بێنێ. لەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوە و فرەئایین و خاوەنی زمانی جیاوازن، هەر بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانەی ڕێکخراوی یۆنسکۆ لەو بوارەدا کە وەک پڕۆسە کاری لەسەر کردووە، گرینگترین هۆکارەکانی شکست و وازهێنان لە خوێندن لە ئاستی جیهاندا دەگەڕێنێتەوە سەر نەبوونی فێرکردن و بارهێنان بە زمانی دایک. خوێندن بەزمانی دایک کاریگەرییەکی قووڵ لەباری ڕووحی و دەرونییەوە، لەباری خۆشەویستی و ئارامییەوە لەسەر مرۆڤەکان دادەنێ، هەر بۆیە ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە سییەمین (30) خولی دانیشتنەکانی خۆیدا کە لە ساڵی ١٩٩٩دا بەڕێوە چوو، ڕۆژی ٢١ی فێوریەی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاری کردووە. ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی کە پێ دەنێنە قوتابخانە و چەند ساڵی سەرەتایی تێپەڕ دەکەن، بەشێکی هەرە زۆریان دەغدەغەی فکری لە زەین و مێشکیاندا کەڵەکە دەبێ وەک: لە داهاتوودا خوێندەوار دەبن، دەبن بە مامۆستا، ئەندازیار، پلەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی دەبڕن، بێکێشە کاروپیشەی باشیان دەست دەکەوێ و دەتوانن کەسێکی بەسوود و لێهاتوو بن بۆ داهاتووی نیشتمانەکەیان یاخود ببنە هاندەرێکی باش بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگەکەیان لە باری هونەری و کولتووری و ئەدەبییەوە و ... کەچی ئەو بیرۆکانە لە خەیاڵ و هزریاندا بەردەوام وەک قۆزاخەی لۆکە دەپشکوێن و دەبن بە هاندەریان بۆ درێژەدان بە خوێندن، بەڵام بەداخەوە دەبینین پاش بڕینی چەند پۆلێک بەسەقەتی و نیوەچڵی لەژێر کاریگەریی هۆگەلی جیاواز، خەونە ئەرخەوانییەکانیان ئاڵۆز دەبن و کۆشکی زێڕینی خەیاڵیان بەسەر یەکدا دەتەپێ! لە ئاکامدا هەڵاتن لە قوتابخانە و وازهێنان لە خوێندنی لێ دەکەوێتەوە! لە باری عیلمییەوە بەپێی لێکۆڵینەوەی کارناسانی ڕێکخراوی جیهانیی یۆنسکۆ یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەو دابەزین و بەزینە لە قوتابخانە، بەتایبەت لەو هەرێم و مەڵبەندانەی کە خاوەنی نەتەوەی جیاوازن و بارهێنان و پەروەردە بەشێوەی یەک‌زمانییە و، ئەو یەک زمانەش زمانی داسەپاو و زۆرەملیی باڵادەستە، کە دیکتاتۆرەکان وەک ئامرازی تواندنەوە و سەرکوت ڕەچاوی دەکەن. نەخوێندن بە زمانی دایک دیاردەگەلێکی نەرێنی بەدواوەیە، وەک کاولکردن و شێواندنی کۆمەڵگە، ناهومێدی و شکڵگرتنی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان لە قوتابیان و خوێندکاراندا، کە بەشێکی هەرە ئەکتیڤ و هیوابەخشن بۆ داهاتوویەکی پڕشنگداری نەتەوەکەیان. سەرەڕای ئەمانەش بەرەوڕوووی دەیان پرسیاریان دەکاتەوە کە ئەقڵی چەقبەستووی دەسەڵات بێ وڵامیان دێڵێتەوە؛ لە ئاکامدا پشتگوێ خستنی ئەو وڵامانە دەبێتە دەریای ڕق و  بێزاری و کۆمەڵگە بەرەو چارەسەری دەورووژێنێ. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ساڵی ٢٠١٠ یۆنسکۆ لە وڵاتانی "ا" لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوونی بۆ  کردووە وا نیشان دەدا کە 72 ٪ی ئەوکەسانەی وازیان لە خوێندن هێناوە، نیشتەجێی ئەو وڵاتانەن کە فرەنەتەوەیین و چەند نەتەوە و ئایین و زمان تێیدا دەژین. بە چەشنێک کە منداڵەکانیان مەجبوور دەکرێن بە زمانی داسەپاو دەرس بخوێنن، لێرەدایە کە هەر لە یەکەمین ڕۆژی قوتابخانەدا پەیامی سیستمی فێرکردن و بارهێنانی دەستەڵات بە قوتابیانی نەتەوەی ژێردەست دەڵێ: "زمانی ئێوە شایانی فێربوونی عیلم و زانست نییە!" ئەمە دەبێتە زەنگێکی مەترسیدار لە هزر و بیری منداڵاندا، کە لە قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانەدا بەردەوام ڕۆژانە ئەو زەنگە مەترسیدارە چەندپات دەبێتەوە. لە هەموو کات مەترسیدارتر ئەو کاتەیە کە دەستەڵات بۆ دەسکەوتی سیاسی وەک تەرفەند و دیاردەی وێرانکەر ئەو شێوە ڕوانینە بخزێنێتە نێو ڕەهەندەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگەوە. بۆ پتر پەرەگرتن و بەواقعکردنی پیلانەکانی لە ڕێگای وەگەڕخستن و چالاک کردنی بنکە و بونیادە ژێر بەژێرەکانی کە ‌شاڕەگەکەیان ئەقڵییەتێکی پاوانخواز و هێزێکی چەکداری  مەترسیدارە. س. خ. میرسەیدی