کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەنگەری بەرگری لە زمانی کوردی ئاوەدانتر لە هەمیشە

18:42 - 3 رەشەمه 2718

ئەم ڤیدیۆیانەی ئەمڕۆ بڵاو بوونەوە و ڕێزگرتن و پێشوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک پێشان دەدەن، دەری دەخەن کە : _ سەرەرای خۆبواردن و دژایەتیکردنی ٤٠ ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ جێبەجێکردنی ویستی خوێندن بە زمانی کوردی، ئەم ویستە لە نێو خەڵکدا نەک هەر کز نەبووە، پتر پەرەی ئەستاندوە و ژمارەیەکی زیاتر لە شار و ناوچەکانی هەر چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە . _ وەفانواندن و هۆگری نیشاندان بە زمانی کوردی، لە کۆڕ و کۆمەڵی چەند کەسی چووەتە دەر، گەیشتووتە نێو بنەماڵەکان و مامۆستایان و وقوتابیان و قوتابخانەکان. لە قوتابخانە و لە سەعاتی ئیداری‌دا، بە شێوەی گشتی ڕێز لە زمانی کوردی دەگیرێ. _ هۆگری و دڵسۆزی نیشاندان بەرامبەر بە زمانی کوردی، لە شانازیکردن بە شێعر و ئەدەبیات و جلوبەرگ و سروودی کوردی جیا ناکرێتەوە. زمان بووە بە چەترێک لە ژێر ئەو چەترە دا ئاوڕ لە لایەنەکانی دیکەی شوناسی نەتەوەییمان دەدرێتەوە. _ ئەوەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی، نووسین وەرگێران و خولقاندنی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری بە زمانی کوردی و هەوڵ و تێکۆشانی جۆراوجۆر بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ئەو زمانە هەیە، شانبەشانی ئەوانەش شێلگیر بوون لە سەر داوای خوێندن بە زمانی کوردی، دەکرێ وەک بزووتنەوەیەکی مەدەنیی ڕوولە گەشە سەیری بکەین کە نێوەرۆکێکی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەی هەیە. _ پشتیوانی و هاوکاری لە گەڵ ئەم بزووتنەوەیە، ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقییە هەم لە سەر مرۆڤە دڵسۆز و نیشماتپەروەرەکان لە نیوخۆی وڵات، هەم لە سەر حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان کە پرسی بەرگری لە زمانی کوردی و داوای بە رەسمی ناسینی، یەکێک لە خالە سەرەکییەکانی بەرنامەیان بووە.   ئەوانەی لەو بزووتنەوەیە دا بەشدارن، جێی خۆیەتی شانازییان پێوە بکەین و پیرۆزبایی ئەم وشیاری و لەسەر هەست بوون و بە هەڵوێست بوونەیان لێ بکەین. بە دڵنیایەوە ئەم وشیاری و بەهەڵوێست بوونە، زامنە بۆ پووچەڵبوونەوەی خەونی لە نێوچوونی زمانی کوردی و مانەوەی کورد لە بندەستیدا.