کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێرکردنی زمانی دایک لە خزمەت بە هێزکردنی شوناسی نەتەوەییدا

23:37 - 16 رەشەمه 2718

زمانی دایک، زمانی نەتەوەیی زمانی دایک بۆ ئێمەی کوردستانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، زمانی کوردییە. واتە زمانی دایک بۆ ئێمە، زمانی نەتەوەییمانە. چونکە تێکەڵاوی و ژیانی هاوبەش پێکەوە نان لەنێو خەڵکی ئێمە لە گەڵ ژن و پیاو لە زمان و نەتەوەکانی دیکە، بە هۆی کولتووری، ئایینی و هتد ئەوەندە زۆر نییە و زمانی دایکی لە سەتا ٩٠- ئەگەر نەڵێم زیاتر-ی ئێمە زمانی نەتەوکەمان واتە زمانی کوردییە.   خوێندن بە زمانی دایک مەبەست لە خوێندن بە زمانی دایک، بە فەرمی ناسرانی زمانێک یا چەند زمانی دیاریکراو لە لایەن دەسەڵاتی وڵات و، ملدان و هاوکاری کردنی دام و دەزگا فەرمییەکانی وڵات بە ئامانجی بەڕێوەچوونی سیستەمی پەروەردە و فیرکردن واتە خوێندن بەو زمانانە، لە جۆغرافیا یا هەرێم و ناوچەی دیاریکراو دایە. ئەگەرقبووڵ بکرێ کوردی ببێتە زمانی خوێندن، پێویستە کتێبی خوێندن بە کوردی هەبێ، مامۆستای کورد یا کوردیزان وانە بڵێنەوە، وانە گوتنەوە بە کوردی دەبێ، تێچووی خوێندنەکەش لە دابینکردنی قوتابخانەوە هەتا دەگاتە چاپی کتێب و ڕاهێنانی مامۆستا، حکوومەت لێی بەرپرسیار دەبێ. نەک هەر لە قۆناغی سەرەتایی بەڵکوو لە قۆناغی ناوەندی و زانکۆشدا ئەوە بەردەوام دەبێ. ئەم خوێندنە، شتێک نابێ لە دەرەوەی سیستەمی پەروەردەی وڵات، بەڵکوو بەشێک دەبێ لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی وڵات. بۆ ئەوەش پردێکی پێوەندی هەبێ بۆ لێک تێگەیشتن لە نێوان ئاخێوەری ئەو زمانە و خەڵکی ئەو هەرێم و ناوچانەی بەو زمانە دەخوێنن، لە گەڵ دام و دەزگای حکوومەتی، پەروەردەیی و زانستیی سەرانسەری ولات و هەر وەها لە گەڵ خەڵکی بەشەکانی دیکەی ئەو ولاتە کە زمانێکی دیکەیان هەیە، عادەتەن زمانێک کە پێشتر لەو وڵاتە وەک زمانی هاوبەش بەکار هاتووە، یا تاکە زمانی فەرمی بووە، لە پەنا زمانی خەڵکی ناوچەکە دەخوێندرێ. دیارە پرسی چەند زمانی و بە فەرمی ناسینیان یەک جۆر چارەسەری نییە و، بە پێی وڵات و سیستەمی سیاسی، مۆدێلی جیاوازیش هەیە. خوێندن بە زمانێک باشترین جۆری بە فەرمی ناسینی زمانێکە، چونکە: ــ زمانەکە لە ڕووی زانستی و پەروەردەییەوە گەشە دەکا، ناچارە خۆی  ئەرکدار بکا کە وەڵامدەری پێداویستییە زانستیی و فێرکارییەکان بێ. کە خوێندن بە کوردی بوو، زمان پەل دەکێشی بۆ هەموو بوارەکان وەک ئەدەبیات، زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نموونە مێژوو، جۆگرافیا، زمانەوانی و هتد، هەر وەها  زانستەکانی وەک زیندەوەرناسی بیرکاری، کیمیا، فیزیا، ئەندازیاری، بیناسازی، کۆمپیوتێر و هتد. ــ پێگە و جێگەی زمان لای ئاخێوەری زمانەکە دەچێتە سەر. چونکە دەبینێ وەک زمانەکانی دیکە پێی دەخوێندرێ و بڕوانامە بەو زمانە ئیعتیباری هەیە. ئەو بڕوایەی لە لا دروست دەبێ کە گرنگیی زانستی و سیاسیی لە زمانەکانی دیکە کەمتر نییە. ــ بەو هۆیەوە کە زمانەکە پێی دەخوێندرێ، دەچێتە نێو هەموو چینێک و لای هەموو تاکێک. نەک هەر لە ڕووی زانستی و فێرکارییەوە دەوڵەمەند دەبێ و گەشە دەکا، بەڵکوو لە رووی چەندایەتییشەوە، لە ڕووی ژمارەی ئەو کەسانەی ناچار دەبن بەردەوام لە گەڵ ئەو زمانە‌دا بژین، پەرە دەستێنێ. ــ خوێندن بە زمانێک لە دەسپێکی چوونە قوتابخانەوە، لە ڕووی دەروونی و عاتفییەوە، بەستراوەیی و هۆگری و سۆزداری بەرامبەر ئەو زمانە و خەڵکێک کە بەو زمانە قسە دەکەن، لەو کەسەدا کە پێی دەخوینێ دروست دەکەن. واتە بە شیوەیەکی نەرم و بەرە بەرە، خۆشەویستیی زمانەکە و هۆگری بەو سەرزەوییەی زمانەکە هی ئەوێیە و خەڵکێک کە بەم زمانە قسە دەکەن، لە هەست و نەستی خوێندەوارەکەدا دەچێنن. دیارە ئەم خاڵە ئەرێنیانە لایەنی نەتەوەیی و شوناسخوازانەیان هەیە. بەڵام لە ڕووی زانستی و پەروەردەییشەوە، خویندن بە زمانی دایک دەبێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی وەرگرتن و فێربوون لای فێرخواز، کەمبوونەوەی خۆدزینەوە لە چوون بۆ قوتابخانە و دەستهەڵگرتن لە خویندن، هەر وەها زیاتربوونی ژمارەی دەرچووان و چوونەسەری ڕاندومانی خوێندن و فێرکردن.   بەردەوامیی بێبەشیی نەتەوەی کورد لە مافی خویندن بە زمانەکەیان و ئەرکمان: لە دوو پارچەی کوردستان، ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، خوێندن بە زمانی کوردی، هەر وا قەدەغەیە. لەو دوو بەشەی کوردستان، منداڵی کورد لە هەموو قۆناغەکانی خویندندا لەو مافە بێبەشە کە بە زمانی خۆی بخوێنێ. ئەمەش لە کاتێک دایە کە هیچ بڕیارنامە و پەسندکراوێکی نێودەوڵەتی، ڕەوایی بەو بێبەشکردنە نادەن و بە پێچەوانەوە، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، ئەم مافە (خوێندن بە زمانی دایک و لە بازنەیەکی گەورەتردا، خوێندنی نەتەوەیەک یا کەمایەتییەکی نەتەوەیی بە زمانەکەی خۆی)، بە مافێکی مرۆیی و سەرچاوەگرتوو لە پەسندکراوە نیودەوڵەتییەکان دەزانن. دیارە ئەم بێبەشکردنە لە سیاسەتێکی شۆڤێنیستی و ڕەگەزپەرستانەی دەسەڵات و ڕێژیمی سیاسیی ئەو وڵاتانەوە سەرچاوە دەگرێ کە کوردستانیان بە سەر خۆیان دا دابەش کردوە. دیارە وەنەبێ ئەو ڕێژیمانە هەر تەنیا مافی خوێندن بە زمانی کوردییان بە ڕەسمی نەناسیبێ، هەر لە جێدا ئەمەیان قبووڵ نیە کە کوردیش نەتەوەیەکە و ئەو مافەی هەیە لە سەرنیشتمانەکەی خۆی _تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو ولاتەی بەسەریدا دابەش کراوە_ خۆی بەڕێوە ببا، حکوومەتی ناوچەیی خۆی هەبێ، کاروباری خۆبەڕیوەبردنی بە زمانی خەڵکی ناوچەکە بێ و هتد. جا دیارە کاتێک مافی ئەوەی پێ ڕەوا نەبینن کە شار و ناوچە و خەڵکی خۆی بەڕێوە ببا، لە دەسەڵاتە گشتی و سەرانسەرییەکەشدا، ڕێگای هاوبەشیکردن و گرتنە دەستی پۆستی سەرەکی پێ نادەن. ئێران و تورکیە ئەگەر لە زۆر شتیشدا لێک جیاواز بن، لەوەدا وەک یەکن کە حاشا لە بوونی نەتەوەی دیکە لە وڵاتەکەیاندا دەکەن. لە ڕوانگەی ڕێژیمەکانی ئەو دوو وڵاتەوە، ئێران وڵاتی نەتەوەیەکە بە ناوی ئێران کە زمانەکەی فارسییە. تورکیەش وڵاتی نەتەوەی تورکە کە زمانەکەی تورکییە! لە عێراق هەر لە کۆنەوە مافی خویندن بە زمانی کوردی هەبووە، واتە لە سەردەمی ڕیژیمی شایەتییەوە، دواتر لەگەڵ ئەو هەمووە سیاسەتی دڕندانەش کە حکوومەتی بەعس بەرامبەر بە کوردستان و نەتەوەی کورد هەیبوو، بەڵام مافی خوێندن بە زمانی کوردی هەر مایەوە. لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩٠ و پێکهاتنی حکوومەت و پارلمانی کوردستان، زمانی کوردی دەرەتانی ئەوەی بۆ پێک هات کە لە هەموو بوارەکاندا، کاری پێ بکرێ و گەشە بکا و وەک زمانی سەرەکیی دەسەڵات و دام و دەزگای رەسمی، زۆرترین پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێ. دیارە لە سووریەش لەو کاتەوە کە ئەو وڵاتە هاتووەتە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان، هەر عەقڵیەتێکی لەو چەشنە زاڵ بووە: سووریە، وڵاتێکی عەڕەبییە و یەک نەتەوەی لێ دەژی و یەک زمانی هەیە ئەویش زمانی عەرەبییە! تەنیا لەم ساڵانەی دواییدا،کە بە هۆی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە، دەستی حکوومەت لە ناوچە کوردییەکان کورت بووەتەوە و هیزی کوردی ڕۆژاڤای کوردستان بەڕێوە دەبەن، دەرفەت بۆ منداڵانی کورد ڕەخساوە بە زمانی خۆیان بخوێنن.   ئایا گۆڕانێک بە ڕێگاوەیە؟ لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوو‌دا حکوومەتەکان لە ئێران و تورکیە چ ئالوگۆڕێکیان لەم بارەیەوە لە سیاسەتی خۆیاندا پێک هێناوە؟ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن حکوومەتەوە گۆڕانێک بە سەر ئەم بێبەشیەی نەتەوەکان لە خوێندن بە زمانی خۆیاندا پێک نەهاتووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییش لە سەر هەمان سیاسەتی ڕێژیمی پێشوو دەڕوا کە دژایەتییە لەگەڵ مافی نەتەوەیی کورد و نەتەوەکانی دیکە. دژایەتییە لەگەڵ خویندن بە زمانەکانی دیکە جگە لە زمانی فارسی. تەنیا ئالوگۆڕێک کە لە دوای هاتنە سەرکاری ئەو ڕێژیمە پێک هاتووە لەم بارەیەوە ئەوەیە کە ساڵی ١٩٧٩ کە بۆ یەکەم جار یاسای بنەڕەتی یا دەستووری ئەم نیزامە نوێیە (کۆماری ئیسلامی) پەسند کرا، ئەسلێکی تێدا گونجا (ئەسلی ١٥ی قانوونی ئەساسی)، کە دەڵێ: «زمان و خەتتی ڕەسمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران زمانی فارسییە. بەڵگەنامەکان، نامەنووسین، دەقە ڕەسمییەکان و کتێبی دەرسی بەو زمان و خەتتەن. بەڵام خوێندنی زمانە خۆجێیی (محلی) و قەومییەکان لە چاپەمەنی و ڕاگەیەنە گشتیەکان و خوێندنی ئەدەبیاتی ئەوان لە قوتابخانە لە تەنیشت زمانی فارسییەوە ئازادە.»(*) لە باکووری کوردستانیش گۆڕانێک کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە لەم ساڵانەی دواییدا (١٠ ساڵی ڕابردوو)، وشەی کورد کە جاران بەکارهێنانی وشەکەش قەدەغە بوو، ئیستا قەدەغەی لە سەر هەڵگیراوە، ڕێگەی چاپی کتێبی کوردی دراوە، تەلەڤیزیۆنی حکوومەتی بەرنامەی بە زمانی کوردی هەیە. بەڵام نە تەنیا دان بەوە دانەنراوە کە کورد نەتەوەی دووهەمە لەو وڵاتە و مافەکانیشی بە فەرمی نەناسراوە،  خوێندن بە زمانی کوردییش هەر وا قەدەغەیە.   چی بکەین بۆ ئەوەی لە ئامانجی خویندن بە زمانی کوردی دوور نەکەوینەوە؟ ئەم پرسیارە کۆمەڵێک پرسیاری دیکە بە دوای خۆیدا دێنێ. بۆ وێنە مەبەستمان منداڵانی کورد لە کوردستانە یا دەرەوەی وڵات؟  ئەگەرنێوخۆی کوردستانمان مەبەستە کە لەوێ منداڵی کورد مافی بێ ئەم لاو ئەو لای خۆیەتی بە زمانی دایکی بخوینێ، وەک دەبینین ئێستا لە دوو پارچەی کوردستان لەو مافە بێبەشە و بە کردەوە ناتوانێ بەو زمانە بخوێنێ. ئەدی وەک کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بۆ گەیشتن بەو مافە چ بکەین؟  هەتا بەو مافە دەگەین، چ ئەرکێکی پێویست هەیە ، ئیستا لێی غافڵ نەبین و ئەنجامی بدەین؟ لەم بارەیەوە بۆ بنەمالە کوردەکان لە دەرەوەی کوردستان، لە پێوەندی لە گەڵ منداڵ و زمانەکەیان چ ئەرکێک دیاری دەکەین؟ بە سەدان هەزار کورد لە دەرەوەی کوردستان، لە هەندەران، یا هەرلە تورکیە و ئێران و عێراق و سووریە، بەلام دوور لە کوردستان دەژین. بە سەرنجدان بە دوورکەوتنەوەیان لە کۆمەڵی کوردی و تێکەڵاوییان لە گەڵ زمانی دیکە و ناچاربوونیان بە خوێندن و قسەکردن بە زمانی دیکە، ئەوانیش مەترسیی تایبەت بە خۆیان لە سەرە کە لە بیرچوونەوەی بەرەبەرەی زمانەکەیانە.   لە نێوخۆی کوردستان، بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەلف: خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانمان، وەکوو بەستەیەکی گشتی بۆ بەڕەسمی ناسرانی ئەو مافانە لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە پێویستە لە  سەرخەبات بەردەوام و تەنانەت شێلگیرتر بین. دیارە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، بە تایبەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی یەکەمی دامەزرانیەوە هەتا ئێستا، بە فەرمی ناسرانی زمانی کوردی و بەکارهاتنی لە خوێندن و کارو باری حکوومەتی و بەڕێوەبەری لە کوردستان، لە بەرنامەیدا هەبووە. ئەگەر لە قۆناغێک یا چەند قۆناغێکیشدا بۆ خۆی دەسەڵاتی بەدەست بووبێ، لە سەر ڕێککەوتن و بە فەرمی ناسین و دانپێدانانی حکوومەتی ناوەندی، رانەوەستاوە و بۆ خۆی ئەم مافەی بە کردەوە جێبەجێ کردوە. وەک سەردەمی کۆماری کوردستان و سەردەمی دوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی کە خوێندن بە زمانی کوردیی وەڕێ خست.   ب: داوای مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەک داوایەکی دیاریکراو بەو هۆیەوە کە: ١) لە نێو نەتەوەکانی دیکەش، ئەم داوایە هەیە، ٢) دەستووری ئێران و ئەسلی ١٥ی قانوونی ئەساسی، مەجالێکن بۆ بەدواداچوونی ئەو داوایە، و ٣) ئەم داوایە پتر نێوەرۆکێکی حقووقی و کولتووریی هەیە تا سیاسی، پێویستە بە شێوەی «مەوریدی»یش خەباتی بۆ بکرێ. بە تایبەتی بۆ خەباتی مەدەنی و پارلمانی، ئەم داوایە دەتوانێ داواکارییەکی گونجاو بێ.   ج: فێرکردنی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی کارێک کە بە خۆشییەوە چەندین ساڵە لە شارو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردوە و بەهەزاران کەس لەم ڕێگایەوە فێری کوردی خوێندنەوە و کوردی نووسین بوون و بە زمان و ئەدەبیاتی کوردییەوە گرێ دراون. ئەمانە بە هیممەتی چالاکانی فەرهەنگی و کەسانی دلسۆزی زمان و ئەدەبیاتی کوردی و بە پشتیوانیی خەڵک و بە بێ یارمەتیی حکوومەتی کراون. هەم لاوەکانی لە زۆر شتی خراپ گێڕاوەتەوە، هەم فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانەکەی خۆی کردوون، هەم گیان و باوەڕ و هۆگریی نەتەوەیی لە نێو‌دا دروست کردوون. ئەمەش ئەگەرچی  خوێندن بە زمانی کوردی نییە، بەڵام جۆرێکە لە خۆبەخاوەن کردن لە زمانەکە و ئامادەیی پێکهێنان بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە یەکەم دەرفەتدا.   ئەرکی زمانیی بنەماڵە کوردەکانی دوور لە کوردستان ئەو منداڵە کوردانەی دوور لە کوردستان گەورە دەبن، ئەگەر لە کۆمەڵ و وڵاتێکی ئازادیش بژین، پتر لە منداڵانی کوردستانی بندەست و بێبەش لە مافی نەتەوەیی و خوێندن بە زمانی دایک، لە ڕووی زمانەوە مەترسییان لە سەرە. منداڵانی کوردستان ئەگەر بەزمانی خۆشیان نەتوانن بخوێنن، چونکە لە نێو نەتەوەیەکی لە حاڵی خەباتدا گەورە دەبن، بەو هۆیەوە کە ڕۆژانە سووکایەتی بە زمانەکەیان و بە شوناسەکەیان دەکرێ، هەستی توند پێوەنووسان بە شوناسی خۆیان تێدا پێک دێ و بەردەوام سۆز و هۆگرییان بۆ زمانەکەیان زیاد دەبێ. لانیکەم ڕۆژانە قسەی پێ دەکەن هەم لە ماڵەوە، هەم لە نێو کۆمەڵ. بەڵام منداڵی بنەماڵەی دوورکەوتۆوە لە کوردستان، دۆخێکی جیاوازیان هەیە. جگە لەوەی کەمنداڵەکەیان بە زمانێکی دیکە دەخوینێ، لە دەرەوەی ماڵ ناچارن بە زمانێکی دیکە قسە بکەن. بەرە بەرە کە کۆڕ و کۆمەڵی کوردی دادەبڕێن. ئەوانەی لە ئورووپا و ئەمریکا و کانادا و ئوسترالیان، لە ماڵەوەش کەمتر ئەندامانی بنەماڵە دەتوانن بە یەکەوە بن. بەرە بەرە لە مۆسیقا و گۆرانیی کوردی و بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی کوردی دوور دەکەونەوە.  ساڵ بە ساڵ لە ئەلفوبیی کوردی و نووسین و خوێندەوەی کوردی پتر نامۆ دەبن. ئەوەشمان لەبیر بێ منداڵی ئەم ڕۆژگارە ئەوەندەی حەزی لە تەنیایی و کات بەسەربردن لە گەڵ موبایل و ئایپادەکەیەتی، ئەوەندە حەزی لە دانیشتن لای دایک و باب و میوان نییە. بەم جۆرە ئەگەر لەم وەزعە بێخەم بین دوای ماوەیەک دەبینین منداڵانی کورد لە دەرەوەی وڵات بە تەواوی لە زمانەکەی خۆیان دادەبڕێن. ئەمە کێشەیەکە کە من بە داخەوە مشوورخواردنێکی جیددی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی نابینم.   دەتوانین چ بکەین؟ ئەلف: سوود وەرگرتن لە ماف و ئیمکانی خوێندنی زمانی دایک کە لە وڵاتانی ڕۆژاوایی هەیە زۆر لەو وڵاتانە مافی خوێندنی زمانی دایکیان بۆ منداڵانی گرووپە زمانی و نەتەوەییە جیاوازەکان بە رەسمی ناسیوە و ئامادەن تێچووی ئەم خوێندنە دابین بکەن. بەڵام خۆ ئەو وڵاتە بە زۆر ئەم مافەت بە سەر داناسەپێنێ. بنەماڵە کوردەکان دەبێ بۆ خۆیان لە ئاست داهاتووی زمانەکەیان و نامۆنەبوونی منداڵەکانیان لەگەڵ زمانی نەتەوەکەیان، هەست بە بەرپرسایەتی بکەن. بەدواداچوون بکەن، داوای مامۆستا و قوتابخانە بکەن بۆ ئەوەی لەڕۆژانێکی دیاریکراوی حەوتوودا، منداڵەکانیان فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی کوردی بن.   ب: دانەبڕان لە کۆڕو کۆمەڵی کوردی و بنەماڵە کوردەکان بۆ ئەوەی منداڵی کورد حەز و هۆگریی قسەکردن بە زمانی دایکی و فێربوونی خوێندن و نووسین بەو زمانەی تێدا بمێنێ، پێویستە ئەو بۆنە و بوارانەی ئەو بەو زمانە و ئاخێوەرانی ئەو زمانە دەبەستنەوە بۆی پێک بهێنرێ. جێژن و بۆنە کولتوورییە کوردییەکانی وەک نەورۆز و ٢ی ڕێبەندان کە بە بەشداریی بنەماڵە کوردەکان پێک دێ، زەماوەند و بەرنامەی هونەریی جۆراوجۆر، هاتوچۆ و تێکەڵاویی بنەماڵە کوردەکان، سەفەر بۆ کوردستان، قسەکردن بە زمانی کوردی لە ماڵەوە، هەر یەک لەمانە دەتوانن ئەو منداڵانە تا ڕادەیەک لە بازنەی زمانی کوردی دا بێڵنەوە.   ج:  پێکهێنانی خۆشەویستیی زمان و شوناسی نەتەوەیی لە منداڵان و مێرمنداڵاندا ئەرکە لە سەر دایک و باب و گەورەکان،  هۆگری و خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانی کورد و زمان و کولتووری کوردی لە منداڵان و مێرمنداڵانیاندا بە هێز بکەن. ئەمەش بەشێکی لە ڕێگای هەڵسوکەوتی ڕۆژانە و ئەو پێوەندییە تایبەتیەی لە نێوانیاندا هەیە، دەکرێ. خۆبواردنی گەورەکان لە زێدەڕۆیی لە سەر قامکدانان لە کەموکووڕی و دیاردە نەرێنییەکانی دەسەڵاتی کوردی و حیزبی کوردی و کۆمەڵگەی کوردییش دەتوانێ ڕێگایەکی دیکە بێ بۆ زیان نەگەیاندن بەو خۆشەویستی و هۆگرییە. ***   (*) اصل پانزدهم (15) قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران: زبان و خط رسمی و مشترک مردم ایران فارسی است. اسناد و مکاتبات و متون رسمی و کتب درسی باید با این زبان و خط باشد ولی استفاده از زبانهای محلی و قومی در مطبوعات و رسانه‏های گروهی و تدریس ادبیات آنها در مدارس، در کنار زبان فارسی آزاد است.