کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە گێژاوی کێشە نێوخۆییەکاندا

23:48 - 16 رەشەمه 2718

سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک بەپێی ڕێوشوێنە فەرمییەکان لە لایەن دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە دادەڕێژرێ و وەزارەتی دەرەوە لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارە. دیارە ئاکامی سەرکەوتن یا پێچەوانەکەی هەر سیاسەتێک کە لە ڕێگەی وەزیر و دیپلۆماتەکانیەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ڕاستەوخۆ بەرپرسیاریەتییەکەی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە. زۆر جار بیندراوە بەهۆی شکستهێنانی بەرنامەیەکی سیاسەتی دەرەوە یا تەنانەت گەورەبوونەوەی جیاوازیی بۆچوونی وەزیر لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت و چارەسەرنەبوونی کێشەکانیان، وەزیرێک وەلا دەنرێ یا دەست لە کار دەکێشێتەوە. ئەم کارە لەو وڵاتانەی خاوەن سیستمێکی دامەزراوەیی دەوڵەتین و بەرپرسن لە ئیدارەی سیاسیی وڵاتەکەیان؛ هەمیشە وەک بابەتێکی ئاسایی وەرگیراوە و ئەگەر بەپێی قورسایی ئەو وڵاتە لە سیاسەتگوزاری کاریگەری لەسەر جۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش هەبووبێ، دەوڵەت بەپێی بەرنامەی داڕێژراوی خۆی درێژە بە کارە دیپلۆماسییەکانی لە دەرەوەی وڵات دەدا. بە پێچەوانەی ئەم شێوازە دەوڵەتدارییە لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا، هەڵسوکەوتەکان بە جورێکی تر دەکەونە بەرچاو. لە ئێران و لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، ئەم مەسەلەش وەک زۆر بابەتی دیکە زۆر جار کێشەخوڵقێن بووە و هەست دەکرێ دەوڵەت و وەزیری دەرەوە لە بێدەسەڵاتی تەواودا ئیدارەی وڵات و ئەرکە سیاسییەکانیان بەڕێوە دەبەن. نیزامی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ بەڕێوە دەچێ و، لە یاسای بنەڕەتیدا ڕێبەر ئەرک و دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ لە بەرچاو گیراوە، دەسەڵاتی تەواو دراوە بە کەسێک وەک ڕێبەر کە چاودێری هەموو کارەکانی دەوڵەت بکا و تەنانەت دەخالەت بکا و، بەبێ ئەمری ئەو هیچ کار و پڕۆژەیەکی سیاسی لە ئاستی دەرەوەدا ناکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەم دەسەڵات و هێندێک جار دەخالەتەش لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و دیاریکردنی هەیئەتە دیپلۆماسییەکان و سنووردانان بۆ چۆنیەتیی باسەکان و تەنانەت قبووڵ یا ڕەدکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێکدا بە ڕوونی دەکەوێتە بەرچاو. نوێترین دەخالەت و هەڵوێستی ڕێبەر لە دوا سەردانی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوورییە بۆ تاران بوو. دەرکەوت لە پێکهێنانی ئەم دیدارە ڕەسمییەدا، نە تەنیا وەزیری دەرەوە بەڵکوو دەوڵەتیش دەورێکیان نەبووە و بێ ئاگابوون لە سەردانێکی لەو جۆرە. سەفەرێک کە لە ڕێگەی فەرماندەی سپای قودس قاسم سلێمانی و تەنیا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ خامنەیی ڕێک خرابوو. ئەم کارە بوو بەهۆی تووڕەیی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و تەنانەت ڕاگەیاندنی دەست لە کارکێشانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ هەرچەند ئەم کارەی زیاتر وەک نیشاندانی گلەمەندیی خۆی و تۆران دەچوو هەتا هەڵوێستێکی جیدی بەرامبەر بەو بێڕێزییەی پێی کرابوو. لە ئێراندا سەرچاوەی ئەم سیستمە حکوومەتییە ویلایەتییە لەوێوە دەست پێدەکا کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتێکی ڕەها دراوە بە ڕێبەر. ڕێبەریش لە بەیتی ڕێبەری، کەسانی نیزیک لە خۆی لە باری ڕوانگە و بیرکردنەوەوە لە دەوری خۆی کۆ کردۆەتەوە و ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوە لەوێوە دادەڕێژرێ و بەڕێوە دەبرێن و بەشە ڕووتینییەکەی دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە. زۆر جار بینراوە کە نوێنەری ڕێبەر لە سەفەرە سیاسییەکاندا بۆ وڵاتانی دەرەوە بەرپرسی گەیاندنی پەیامی ئەو بوون و لەوێدا جێگەیەک بۆ وەزیری دەرەوەی دەوڵەت وەک بەرپرسی کاروباری دەرەوە لەبەرچاو نەگیراوە. جگە لە پێگەی یاسایی ڕێبەر، پاڵپشتیی سپای پاسداران و بە تایبەت سپای قودس کە ڕاستەوخۆ دەستوور لە خامنەیی وەردەگرن و خۆیان لە چوارچێوەی بەرنامەکانی دەوڵەتدا نابیننەوە، پێگەیەکی بەهێزی چەکداری بۆ خامنەیی دروست کردوە. بەدەستەوەبوونی ئیمکاناتێکی ماڵی یەکجار زۆرتر لەوەی لە بوودجەی دەوڵەتدا دەبیندرێ کە لە ڕێگەی بەشی ئابووریی سپای پاسداران و قەرارگای «خاتم الانبیا» کە بەشی بەهێزی هاوردەکردن و پڕۆژە بنەڕەتییەکانیان بەدەستەوە گرتوە و هەروەها داهاتی ناوەندە ئایینییەکان وەک قودسی ڕەزەوی و ... دەگاتە دەستیان، ئیمکاناتی ماڵیی هەر پڕۆژەیەکی لە دەرەوەی وڵات بۆ دەستەبەر کردوون. لە باری کارکردی سیاسی لە دەرەوە پشت بەستن بە سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆڕش و دروستکردنی هێزی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەم ڕێگەوە ڕاستەوخۆ دەستوەردان لەو وڵاتانەدا، بووەتە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم کە بە تەواوی لە ڕێگەی سپای قودسەوە و بە داڕشتن و چاودێریی بەرنامەکانیان لەژێر دەسەڵاتی ڕێبەر و باڵەکانی لایەنگرییەوە بەڕێوە دەچێ. جگە لەوەش لە نێوخۆی وڵاتدا بە دامەزراندن و گرینگی پێدان بە سیستمی ئەمنییەتیی تایبەت وەک «حفاظت اطلاعات سپاه» دەوری وەزارەتی ئیتلاعاتیان داوەتەوە و هەموو ئەمانە بوونەتە هۆکاری دروستکردنی دەسەڵاتێکی تایبەت. لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی باس کران ناکرێ کێشە نێوخۆییەکانی نێو باڵەکانی ڕێژیم لەبەرچاو ون بن و، ئەمەش وەک هۆکارێک بۆ گوێ پێنەدانی خامنەیی بەو گرووپەی ئێستا دەوڵەتیان بە دەستەوەیە نەبینین. هەرچەند گومان لەوەدا نییە کە باڵەکانی ڕێژیم هەموو هەوڵیان بۆ پاراستنی نیزامی کۆماری ئیسلامییە و لە هاواهەنگی بۆ سەرکوت و جینایەت و برسی کردنی خەڵک درێغییان نەکردووە، بەڵام جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر چۆنیەتیی ئەو ئەرکەیان وای کردووە خامنەیی بەشێکیان بە نیزیکتر لەخۆ بزانێ و زیاتر پشتیان پێ ببەستێ. هەر کاتێکیش ئەوانی دیکە لە دەسەڵاتدا بوون و قسەیەکیان بێ مەیلی ڕێبەر و باڵەکانی دیکە کردبێ ڕێبەر هاتووەتە سەر هێڵ و لە دەمی داونەوە؛ بە تایبەت ئەگەر قسەیەک لە سیاسەتی دەرەوەدا بە دڵی ڕێبەر و باڵە ئوسوولگەراکان نەبووبێ. ڕەنگدانەوەی ئەم کێشانە لە نێو دەسەڵات لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا، هەتا ئیستاش نەک تەنیا یارمەتیی بە چارەسەرکردنی کێشە دەرەکییەکانیان نەکردووە بەڵکوو بووەتە هۆی دروست بوونی پرسیارگەلێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە گەیشتن بە وڵامەکانیان بەتەواوی ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ڕوون دەکاتەوە. ڕێژیمێک کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتخوازی سەرەڕۆیانی خامنەییدا نە تەنیا گرینگی بە ژیانی هاووڵاتیانی نادا بەڵکوو هیچ بایەخێک بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانیش لە جۆری پێوەندییە دەرەکییەکان نادا. ئەمە ئەو وڵام و تێگەیشتنە واقعییەیە کە بە دوای تۆرانی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ بایەخێکی نییە چونکە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا وەزیری دەرەوە هیچ کارەیە. کەماڵ کەریمی