کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی

23:56 - 16 رەشەمه 2718

گەڕانەوەیەک بۆ چەمکی سۆسیالیزم ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی (٨-٥) لێکدانەوەی هەمەلایەنەی هۆیەکانی ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤییەتی کارێکی هاسان نییە و پێویستی بە کار و لێکۆڵینەوەی زۆرتر هەیە. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی باسی بەشێک لەو خاڵە گرینگانە بکەین کە لە ئاکامدا هۆی ڕووخانی سۆسیالیزمی بەڕاستی ئارایی لە یەکیەتیی سۆڤییەت وەکوو یەکەمین ئەزموونی شۆڕشی سۆسیالیستی لە جیهان بوون. ئەگەر مارکس ڕەنگ‌ و ڕووی زانستی دایە سۆسیالیزمی خەیاڵی، شۆڕشی ئۆکتۆبر ئەم بیرۆکەیەی کرد بە ڕاستییەک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا‌، ڕەوتێک کە پێچەوانەی مێژووی سەدان ساڵ دەستەڵاتداری چینی چەوسێنەر لە جیهاندا بوو. شۆڕشی ئۆکتۆبر و دەستەڵاتی سۆڤییەتی سەرەڕای تەواوی کێشەکان، لادان و بەلاڕێداڕۆیشتنەکانی، خاوەنی جەوهەری سۆسیالیزم بەو چەشنە بوو کە مارکس پێناسەی کردبوو. کۆمەڵگەیەک کە خاوەندارییەتی بۆرژوایی واتە «بازاڕی ئازاد» و دەوڵەتی کاپیتالیستی ڕووخاند و خاوەندارییەتی کۆیی، بەرنامەڕێژی ناوەندی و دەوڵەتی کرێکاری دابین کرد. هەروەها ڕادەیەکی بەرچاو لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هێمنایەتی، چاودێری دەرمانی و تەندروستی، کار، ماڵ، دەرفەتی دەرسخوێندن و هتدی بۆ تەواوی شارۆمەندان و بەتایبەتی زەحمەتکێشانی کارخانە و مەزراکان مسۆگەر کرد و بوو بە یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین وڵاتانی سەنعەتی_سپایی لە جیهاندا. بەم حاڵەش یەکیەتیی سۆڤییەتی بەبێ هیچ چەشنە شۆڕشێکی نێوخۆیی، بە شوێن نەخۆشییەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی کە بەرهەمی قەیرانێکی گەورە و لەمێژینەی حیزبی بوو، پاش ٧٣ ساڵ دەستەڵاتداری، تووشی شکست هات. لێنین کاتی خۆی بە جوانی ئاماژەی بەم خاڵە کردبوو کە حیزبێکی دەستەڵاتدار هەمیشە لە مەترسیی نفوزی خەڵکی گەندەڵ و هەلپەرست دایە. ئەم مەترسییە بۆ حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتیی سۆڤییەتی کە بێ هیچ ڕکابەری و ململانێیەک لەگەڵ هێزێکی سیاسیی دیکە، بۆ ماوەی پتر لە ٧٠ ساڵ تەنیا دەستەڵاتدار بوو، هەڕەشەیەکی گەلێک جیدی و پڕمانا بوو و لە ئاکامدا شکستی یەکەمین دەوڵەتی سۆسیالیستی سەدەی بیستەمی لێ‌ کەوتەوە. هۆیەکانی ئەم شکستە لە لایەن پسپۆڕان و توێژەرانی کۆمۆنیست و ناکۆمۆنیست بە چەشنی جۆراوجۆر لێک دراوەتەوە و هەرکام لە ڕوانگەی خۆیانەوە بە ئاکامی جۆراوجۆر گەیشتوون، لێرەدا هەوڵ دەدرێ هەروەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، خاڵەگرینگەکان و هۆیە ڕێخۆشکەرەکانی ئەم شکستە بەپێی پێداچوونەوەیەک لەسەر مێژوو و سیاسەتەکانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی لە کاتی بەئەنجام گەیشتنی شۆڕشی ئۆکتۆبرەوە لە ساڵی ١٩١٧ هەتا ڕووخانی لە ساڵی ١٩٩١ تا ئەو جێگایەی کە دەگونجێ، شی بکرێتەوە. یەکەمین شۆڕشی کرێکاری لە جیهاندا بە پێچەوانەی ئەو پێشبینییانەی کە دامەزرێنەرانی بیری کۆمۆنیزم کردبوویان، نەک لە وڵاتێکی پێشکەوتووی سەرمایەداری بە ئاستی بەرزی هێزەکانی بەرهەمهێنەر و ئاگایی سیاسیی چینی کرێکار، بەڵکوو لە وڵاتێک بەئەنجام گەیشت کە بە قەوڵی لێنین لاوازترین ئاڵقەی جیهانی سەرمایەداری و لەباری ئابوورییەوە گەلێک لە وڵاتە سەرمایەدارییەکانی هاوکات دواکەوتووتر بوو. ڕێبەرانی شۆڕش پێویست بوو بۆ دابینکردنی سیستمی سۆسیالیستی پێش هەموو شتێک، گەلێک کەمایەسیی ئابووری و کۆمەڵایەتی قەرەبوو بکەنەوە و هاوکات لەبەرامبەر پیلان و هێرشی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی پێشووی تێزار و هێرشی بەردەوامی وڵاتە سەرمایەدارییەکان خۆ ڕابگرن. ئەمەش لە حاڵەتێکدا بوو کە بە پێچەوانەی پێشبینییەکانیان نەک هەر هاوکات هیچ شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ئورووپا و ئەمریکا ڕووی نەدا، بەڵکوو دەوڵەتی تازە بەدەستەڵات گەیشتوو تەنیا و بە کۆڵێک کێشەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لەبەرامبەر گوشارە ئابووری و نیزامییەکانی‌ وڵاتە ئەمپریالیستییەکان مایەوە. لە لایەکی دیکەشەوە هیچ ئەزموونێکی سەلمێندراو بۆ داڕشتنی بنەماکانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی نەبوو و کۆمۆنیستەکانی ڕووس بۆ هەوەڵ کەڕەت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەرکی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دوور لە زوڵم و زۆری چینایەتییان وەئەستۆ گرتبوو، دەبوو پێ بە پێی ڕووداوەکان لە کردەوەدا ڕەنگی ڕاستی بە بیرۆکەی سۆسیالیزم بدەن و بە ئەنجامی بگەیەنن. لە سەرەتادا دەستەڵاتدارانی تازەی ڕووسیە سەرەڕای میللی ‌کردنی بانکەکان، ڕێ ‌و بان، نەوت، کڕین ‌و فرۆشی دانەوێڵە و پیشەسازیی نیزامی، لە بوارەکانی دیکەوە بە پارێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بەشی خۆیی دەکرد، بەڵام پاش هێرشی نیزامی ‌و داگیرکرانی بەشێک لە ڕووسیە لە لایەن چەندین وڵاتی سەرمایەداری و دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی، بەرنامەی کۆمۆنیزمی جەنگی (١٩٢١-١٩١٨) و چاودێری دەوڵەت بەسەر تەواوی سەرچاوەکانی ئابووری و ئینسانی دەستی پێکرد. ئەمە هەرچەند لە کاتی شەڕدا بۆ پاراستنی شۆڕش پێویست بوو و لە کورتخایەندا یاریدەی چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکانی ‌دا، بەڵام هاوکات کاردانەوەی نەرێنی لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری هەبوو و قەیرانی ئابووری و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی لێ‌ کەوتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لێنین بەرنامەی ئابووریی نوێ واتە «نێپ‌« (NEP)ی داڕشت کە پاش مردنیشی (٢١ی ژانویەی ١٩٢٤) هەتا ١٩٢٨ درێژەی پێدرا. ئەم بەرنامەیە وەکوو تێکەڵاوێک لە سۆسیالیزم و ئابووریی ئازاد، بووە هۆی باشترکردنی ئاستی ئابووریی کۆمەڵگە، بردنەسەرەوەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و پێکهێنانی وەرزێری خۆشبژێو. لە دەیەی ١٩٢٠ وەرزێران کە سەتا ٨٠ی حەشیمەتی کۆمەڵگەیان پێک‌ هێنابوو، گەورەترین چینی کۆمەڵایەتی بوون کە بەرژوەندییان بە تایبەتی لە بەشی خۆییدا بوو. کاتێک لێنین لە ساڵی ١٩٢٤دا کۆچی دوایی ‌کرد، شۆڕش ئیتر دەستەڵاتی دەوڵەتی بەدەست هێنابوو و  لە شەڕی دژ بە هێرشی سپای وڵاتانی ئەمپریالیستی و دوژمنی نێوخۆییدا سەرکەوتبوو؛ پیشەسازییە گرینگەکانی میللی کردبوو؛ دابەشکردنی زەوی لە نێو وەرزێران و جووتیاران دەست پێکرابوو کە گیانێکی تازەی بە بەرهەمهێنانی پیشەیی و خواردەمەنی بەخشیبوو. زۆربەی ڕێبەرە بەناوبانگەکانی کۆمۆنیست لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە بێ سەرکەوتنی شۆڕش لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە وڵاتێکی پاشکەوتووی وەرزێری وەکوو ڕووسیەدا نییە. شکانی ڕاپەرینی کرێکارانی ئاڵمان لە ١٩٢٣دا نیشانی دا کە جارێ ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی هیچ شۆڕشێک لە ئورووپادا نییە کە بتوانێ پاڵپشتی شۆڕشی ڕووسیە بێ. لەم پێوەندییەدا سێ بەرنامە بۆ درێژە پێدان بە بینای سۆسیالیزم لە لایەن ترۆتسکی، بوخارین و ستالین پێشنیار کرا: * ترۆتسکی لایەنگری ڕەوتی دامەزراندنی سۆسیالیزم لە نێوخۆی وڵات و هەوڵی ڕێخستنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە دەرەوەی وڵات بوو. لە باری سیاسەتی نێوخۆییەوە خوازیاری گەشەکردنی سەنعەت، گەلەکۆمەکان‌ و مێکانیزاسیۆنی کشتوکاڵ و پێشکەوتنی بەرنامەڕێژیی ئابووری بوو. بە باوەڕی ترۆتسکی شۆڕشی نێونەتەوەیی تەنیا ڕێگە و هیوای ڕزگاربوونی ڕووسیە لە بێکەلکیی بۆرۆکراتیک و لەدەسچوونی تامەزرۆیی بوو. بەرنامەی ترۆتسکی و ئوپۆزیسیۆنی چەپ لە کۆنگرەی ١٤ی حیزبدا سەرکەوتنی وەدەس ‌نەهێنا. نیکۆلای بوخارین خوازیاری درێژەپێدانی سیاسەتی نێپ وەکوو ڕێگەی گەیشتن بە سۆسیالیزم بوو. ئەمە لەحاڵێکدا بوو کە لێنین نێپ (سیاسەتی نوێی ئابووری)ی وەکوو پاشەکشەیەکی کاتی پێناسە کردبوو. بە باوەڕی بوخارین، دەبوو ئیزنی دروستکردنی بنکەکانی خۆیی بە کۆلاکەکان(*) بدرێ. بوخارین دژی خێرا سەنعەتیکردن و کۆییکردنی کشتوکاڵ و هەرچەشنە گوشار خستنەسەر وەرزێران بوو. دروشمی بوخارین بۆ وەرزێران «خۆتان دەوڵەمەند بکەن» بوو. بوخارین خوازیاری وەدەسهێنانی پشتیوانیی گرووپە ناکۆمۆنیستەکانی دەروەی وڵات بوو. کۆنگرەی ١٥ی حیزب لە ١٩٢٧ بە پەسەندکردنی سیاسەتی بردنەسەرەوەی ئاستی کۆلێکتیڤیزاسیۆن واتە کۆخوازی لە کشتوکاڵدا، بیرۆکەکانی بوخارین و باڵی ڕاستی ڕەت ‌کردەوە. * نەخشەڕێگای سێهەم ئەوەی ستالین بوو کە لە ئەنجامدا پاش ململانێ لەگەڵ دوو بەرنامەی سەرەوە، سەرکەوتنی وەدەست هێنا. ڕیگای چارەسەرکردنی ستالین چواربەشی لەخۆ دەگرتەوە: ١) ئەگەری سەرکەوتنی سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا هەیە. ٢) بە مەرجی خێرا سەنعەتیبوون، سۆسیالیزم دەتوانێ بەبێ ‌سەرهەڵدانی شۆڕش لە ڕۆژئاوا و یارمەتیی هێزە ناکۆمۆنیستەکان سەر بکەوێ. ٣) بردنەسەرەوەی داهاتی کشتوکاڵ سەرچاوەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەکردنی سەنعەتە، بۆ خێرا سەنعەتیکردنی وڵات پێویست بە پەرەپێدانی مەزرا کۆییەکان هەیە. ٤) بۆ هاوئاهەنگی پێشکەوتنی سەنعەتی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ پێویست بە بەرنامەڕێژی خۆجێییە. ساڵی ١٩٢٨ سەرەتای دەستپێکی بەرنامەداڕشتنی کۆجێیی بە بیانووی «مەترسی هێرشی دەرەکی ئەمپریالیستەکان» و بە ناوی «گەشەسەندنی خێرای سەنعەتی» بوو. ئەم بەرنامەیە هەرچەند هۆی گەشەکردنی خێرا و بەرچاوی بەرهەمهێنانی سەنعەتی و کشتوکاڵ بوو، بەڵام هاوکات گەلێک کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووریشی لێ کەوتەوە. بۆ وێنە کۆییکردنی بەشی کشتوکاڵ و بردنەسەرەوەی ڕادەی خاوەندارییەتی گشتی لەم بوارەدا لە سەتا ٣.٣ بە ٩٨.٥ لە مەودایەکی کورتخایەنی ١٠ ساڵەدا، بوو بە هۆی خۆڕاگری ئەو وەرزێرانەی کە بەهۆی سیاسەتی «نێپ»ەوە کرابوونە چینێکی خۆشبژیو. دەوڵەتیش ئەم خۆڕاگرییەی بە سەرکوت و کۆمەڵکوژی‌، هەروەها سیاسەتی توند و بێبەزەیانەی کۆییکردنی بەشی کشتوکاڵ وەڵام دایەوە. لەم دەورەیەدا تێرۆر، کوشتن‌ و لە بەندیخانەخستنی ناڕازییەکان، بیرجیاوازان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت و کەسایەتییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی جیهان بە تایبەتی یوونانی و ئێرانییەکان گەیشتە لووتکەی خۆی. سوڵتانزادە، نیک‌بین، شەرقی، زەرە، ئیحسانوڵڵاخان و سەدان کۆمۆنیستی دیکەی ئێرانی گیانی خۆیان لە سۆڤییەت لەدەست دا یان ڕەوانەی سیبریا و ئوردووگاکانی ماگادان و هتد کران تا لە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و سەرما و برسیەتیدا گیانیان بە تاوانی «دژبە گەل بوون» لەدەست بدەن. هەروەها لە درێژەی ئەم سیاسەتەدا پاشتر کەسانێک وەکوو نیکۆلای ئیوانوڤیچ واویلۆڤ زانا و بلیمەتی بێوێنەی ڕووس، ناسراوە لە ئاستی جیهاندا، کە پسپۆڕی کشتوکاڵ و ژنێتیکناس بوو بەهۆی کەلکوەرگرتن لە شێوەی ژنێتیکی مێندڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کشتوکاڵ، گیرا و لە بەندیخانەی شاری ڕاستۆڤ نیزیکی دۆن، پاش بێڕێزی و ئەشکەنجەیەکی زۆر، کوژرا. هەڵوێستی ستالین و ڕێبەرایەتیی حیزب بە نیسبەت وەرزێران، لە ئاکامدا بوو بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کشتوکاڵ و مردنی سەدان هەزار کەس بەهۆی برسیەتی و قات ‌و قڕی. لە لایەکی دیکەشەوە سیاسەتی گەشەسەندنی خێرای سەنعەتی، سنووری نێوان پێکهاتە و ئەرکی حیزب و دەوڵەتی تێکدا و کەسانی ناپسپۆڕ ئەرکی جێبەجێ کردنی زۆربەی کارەکانیان لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت بەدەستەوە گرت. ئەم ئاکارە لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنیی خۆی لە تەواوی ڕەوتی دابینکردنی سۆسیالیزم و قەیرانەکانی ئەم وڵاتە پیشان دا. ***   * بە ڕووسیkynak، مەبەست لە کۆلاک وەرزێرە دەوڵەمەندەکان یان سەرمایەداری گوندە