کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی 242 کەس لە ساڵی 1397ی هەتاویدا

18:13 - 4 خاکەلێوه 2719

لە ماوەی ساڵی 97ی هەتاویدا لانیکەم 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییەی ئەمساڵ 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لە دەست داوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون. لە کاتێکدا کۆڵبەرکوژی و سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کاسبکاری ناوچە سنوورییەکان بەشێکی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانن، لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵیشدا هەر نەبێ 67 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون، یان بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لە دەست داوە. لەو 67 کەسە 18 کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، تەقینەوەی مین و بەربوونەوە لە بەرزایی کوژراون و گیانیان لە دەست داوە؛ 49 کەسیشیان بریندار بوون. کوژران و برینداربوونی 67 کۆڵبەر و کاسبکار لە ماوەی سێ مانگی زستانی ئەمساڵدا لە حاڵێک دایە کە لە سێ وەرزی بەهار، هاوین و پاییزی ئەمساڵدا 175 کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ببوونە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانە و کوردکوژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرجەم لە ماوەی ئەمساڵدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لە دەست داوە و بریندار بوون.