کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستێنی گشتیی ئێران هەڕەشەی لە وەزیری پێوەندییەکان کرد

21:40 - 15 بانەمەڕ 2719

دادستێنی گشتیی ئێران وێڕای بە خراپ وەسف کردنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشەی لە وەزیری پێوەندییەکان کرد کە ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرتەسک نەکاتەوە، بۆخۆی هەڵوێست دەگرێ. ڕۆژی شەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، محەممەد جەعفەر مونتەزیری دادستێنی گشتیی ئێران لە کۆبوونەوەی ناساندنی دادستێنی تازەی تاراندا ڕایگەیاند کە ئەگەر سنوورێک بۆ سۆسیاڵ مێدیا دیاری نەکرێ، ئێمە تەحەممولی ناکەین و بە توندی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەین. لە درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان جیناحەکانی نێو دەسەڵات لەسەر شێوەی کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مونتەزێری وێرای ڕەخنەی توند لە شێوەی بەڕێوەبەریی سۆسیال مێدیا لە ئێران، بۆ جارێکیتر هەڕەشەی لە محەممەد جەوادی ئازەری کرد کە ئەگەر هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سۆسیال مێدیا نەدات، بۆ خۆی بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی پێوەندی خەڵک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەدات. مونتەزێری یەکێک لە کەسانی توندڕۆی دژبەری ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانە لە ئێران و تا ئێستا چەندین جار ناڕەزایەتی خۆی لەسەر شێوەی بەڕێوەبەریی ئەو ناوەندە دەربڕیوە. ناوبراو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دۆزەخ ناو دەبا و دژایەتی توندی بەربڵاویی ڕایەڵکەی ئینتەرنێت دەکا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی هەموو ئازادییەکانی خەڵکی ئێرانە و لە هەر ڕێگایەکەوە کە بتوانێ پێش لە پێوەندییەکانی خەڵک دەگرێ. وڵاتێک کە لە گەڵ قەیران ڕووبەڕوویە و خەڵکێک کە چل ساڵە تەحەممولی زوڵم و زۆری ڕێژیمی ئازادی کوژی کۆماری ئیسلامی دەکات، بێگومان تۆرەکۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی پێوەندی بەردەوامی خەڵک و ئاگادار بوون لە کەموکوڕی و پێشیلکارییەکانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە، هەر بۆیە بە هەموو توانایانەوە دەیانهەوێ دژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوەستنەوە و نەهێڵن خەلک لەگەڵ یەکتر لە پێوەندی دابێ.