کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری دیکەی ڕەوانەی کەنداو کرد

16:19 - 16 بانەمەڕ 2719

دەوڵەتی ئەمریکا پاپۆری فڕۆکەهەڵگری "ئەبرەهەم لینکۆن" و هێزێکی تایبەتی تۆپخانەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد کە شیمانە دەکرێ جەنگێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوە بێ. کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەبرەهەم لینکۆڵن ٣٣٣ میتر درێژە و توانای هەڵگرتنی ٩٠ فڕۆکەی شەڕکەر و هێلیکۆپتەری هەیە. لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا لە ڕاگەیاندنەکاندا دەڵێ ئێمە نامانهەوێ هێرش بکەینە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام ناکۆکی و لێکهەڵبەزینەوەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن. ئەمریکا دەڵێ لەگەڵ ئەوەی کە خوازیاری شەڕ نین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئامادەی هەرچەشنە ڕووبەروونەوە و هەڕەشەیەکی کۆماری ئیسلامی و هاوئاوازەکانی ئەو ڕێژیمەین. ناردنی هێز و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانیشمان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەکە کە ڕووبەڕوومان بێتەوە. لە دوایین گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەمەریکا هەناردە و هاوردەی ئۆرانیۆمی ئێرانی قەدەغەکرد و تا دێت ناکۆکییەکان زیاتر دەبن. لە لایەکی دیکەشەوە، شەڕی نێوان میلیشیاکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل گرژی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و کاریگەری لەسەر جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داناوە و ئەمریکا نیگەرانە لە هێزە توندرۆکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەکەدا. دوای دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بڕیاریکی دیکەدا سپای پاسدارانی خستە لیستی هێزە تێرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە و دواتر مۆڵەتی بۆ ئەو هەشت وڵاتە تازە نەکردەوە کە بۆ ماوەی شەش مانگ ڕێگەیان پێدرابوو نەوت لە ئێران بکڕن. ئێستا دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆیەکی دیکەی خستۆتە سەر ئێران و هەناردەی یۆرانیۆمی بۆ ئێران قەدەغە کردووە و بەوەش گوشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر بوون و کاربەدەستانی ئێرانی لەگەڵ قەیرانێکی گەورە ڕووبەڕوو کردۆتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە و لێدوانە نابەرپرسانەکانیان و ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانە بەهۆی گرووپە تێرۆریستیەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا، بۆتە هۆی ئەوەی کە گرژییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەبستێنن و دوور نییە بەهۆی سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕێژیم، ئێران تووشی شەڕێکی دیکەی ماڵوێرانکەر نەبێ.