کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكەم ڕۆژنامە و غیابی میدیای ڕۆژهەڵاتی!

18:48 - 16 بانەمەڕ 2719

١٢١ ساڵ لەمەو بەر  یەکەم ڕۆژنامەی كوردی بڵاو كرایەوە و، ١٢١ ساڵ دوای ئەم هەوڵەش، میدیای كوردی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەر لە دارە دارە دایە و لە هەوڵی سەر پێگرتن دایە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی هەر لەم هەرێمە هێندەی میدیا دادەخرێ و جاڕی مەرگی لێ دەدرێ، هێندە میدیا ناكرێتەوە و دەست بەكار نابێ. دۆخی میدیا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دۆخێكی شایانی ستایش و جێی ڕەزامەندی نییە، نە بۆ میدیاكاران و نە بۆ بەردەنگەكانی. ئەم دۆخەش تەنیا تایبەت نییە بە نێوخۆی ڕۆژهەڵات، بەڵكوو لە دەرەوەی وڵاتیش میدیای ڕۆژهەڵاتی لاوازتر و داماوتر لە میدیای نێوخۆ نەبن، باشتر نین. ئەمە لە حاڵێك دایە كە بە باوەڕی نووسەری ئەم دێڕانە باشترین ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەڵكەوتوون، بە جۆرێك كە بوون بە فریادڕەسی میدیای كوردی لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش. واتە لە ڕۆژهەڵات میدیاكار هەیە بەڵام میدیا نییە، ئەمە بەپێچەوانەی هەرێمە كوردییەكانی ترە كە میدیا هەیە، بەڵام میدیاكار نییە! زیاد لە هۆكارێك هەیە بۆ لاوازی و نەبوونی میدیا لەم هەرێمە كە یەك لەوان غایببوونی كولتووری كاری میدیایی و نەبوونی سەرمایە دانانە لە كەرتی میدیا و تەنانەت لە حیزبە سیاسییەكانیش سەرمایەگوزاری لەسەر كەرتی تر زیاتر دەكرێ تا كەرتی میدیا و، لە بنەڕەتدا پێیان وایە سەرمایە دانان لەم كەرتە تەنیا پارە بە هەدەردانە و هیچ تێگەیشتنێك بۆ كاری میدیا و كاریگەرییەكانی نییە، هەر ئەمەش وای كردووە میدیای حیزبی لاوازترین جۆری میدیا بێ، تەنانەت ببێ بە بار بە سەر حیزبیشەوە وا بكەن دایبخەن! بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ‌، ئێمە بۆ ئەوەی بوونمان هەبێ، دەبێ میدیامان هەبێ و غایببوون و نەبوونی میدیای كاریگەر، یانی نەبوونی هەمووان و نەبینینی كۆمەڵگەیەك كە پڕە لە جووڵە و خواست و خەونی جیاواز. تەنانەت لەم ساڵانەی دواییشدا  كە باس لە «نەبوونی چالاكی» لە ڕۆژهەڵات دەكرا، ئەمە هەر لە نەبوونی میدیاوە سەرچاوەی دەگرت، چون نەبوونی میدیا دەتوانێ گومان و پرسیاری گەورە لەسەر خودی نیشتمانیش دروست بكا، وە ك چۆن هەندێك شارەزای میدیاییش پێیان وایە بوونی میدیا، یانی بوونی نیشتمان. ئێمە ناچارین بۆ بینینەوەی خۆمان و ناسینی خۆمان بەوی تر جارێك بۆ هەمیشە بیر لە بوونی میدیا بكەینەوە، میدیایەك كە هەموومان خۆمانی تێدا ببینینەوە، لە بیریشمان نەچێ قۆناعی ئێستاش قۆناغی میدیای بچووكی لاوازی هەر كەسە و بۆ خۆی نییە و ئەم فۆڕمە لە میدیا كە ئێستا بوونی هەیە، نەك ناتوانێ‌ وڵامدەری كۆمەڵگەی كوردی بێ، بەڵكوو لە ناساندنی كۆمەڵگەش بەخۆی و كۆمەڵگە دەوروبەرەكانیشی ناتوانایە و مەك لۆهان گوتەنی «میدیا یانی گەیاندنی پەیام و دوور بكەوینەوە لە دانانی میدیای بێ پەیام و ئارشیوی.» لە ڕاستیدا ئەوەی لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی كوردستان پێویستییەكی حەیاتییە، بوونی میدیایەكی پڕۆفێشناڵی نیشتمانییە كە لە ئاست گەورەیی چالاكییەكانی ئەم كۆمەڵگەیە و هاووڵاتیانیدا بێ و دەبێ هەموو هەوڵ و سەرمایەدانانێكمان بۆ دامەزرانی میدیایەكی نیشتمانی بێ كە جێگەی هەمووان تێیدا بێتەوە و ئاوێنەی كۆمەڵگەی كوردیش بێ.