کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵدانی تێچووی نیزامیی ئێران، هۆ و هۆکارەکان؟

18:54 - 16 بانەمەڕ 2719

بوودجەی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرچاوەکەی بەردەوام بەنهێنی و داپۆشراوی ماوەتەوە. جیا لەوەیکە ساڵانە لە چوارچێوەی گشتیی بوودجەی فەرمیی وڵات بە پارلمان دراوە، ئەم بودجەیە سەرچاوە و لایەنی نادیاری هەیە کە دۆزینەوە، ژماردن و هەڵسەنگاندنی مێشکی زۆرێک لە پسپۆڕانی نیزامی و ئابووریناسانی بەرگریی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە. لەم پێوەندییەدا «ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خوێندنەوەی ستراتێژیک» لە لەندەن کە هەموو ساڵێ هەڵسەنگاندنی پتەوی خۆی لە توانایی نیزامی و تێچووی بەرگریی وڵاتانی جیهان لە کتێبێکدا بەناوی «پێوانەی نیزامی» چاپ و بڵاو دەکاتەوە، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەڵێ، توێژینەوەی وردی دەقی بوودجەی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ی ئێران، باس لە هەڵکشانی تێچووی نیزامی و گۆڕانی بەرچاو لە شێوازی دانی سەرچاوەی ماڵی بۆ بوودجەی نیزامیی ئێران دەکا. ڕاپۆرتی ئەم ناوەندە بە ئاماژە بەوەی کە بوودجەی ساڵانەی ئێران تەنیا وێناکردنی کاتی لە خەرجی و تێچووەکانی فەرمیی وڵاتە، دەڵێ: «زۆرێک لە ڕێکخراوەکان بەتایبەت هێزە چەکدارەکان پێویستیان بە سەرچاوەی ماڵی لە دەرەوەی بوودجەی فەرمیی وڵاتە کە بە کەلکوەرگرتن لەمە دەتوانن ئەم بوودجەیە پەرە پێبدەن و بۆخۆیانی دابین بکەن. بۆ ئەم ئامانجە، سپای پاسداران لە وەگەڕخستنی ئەم جۆرە کۆمپانیا تایبەتییانە لە ئاستی ئێراندا بە مەبەستی کۆکردنەوەی سامان و ئەمبارکردنی سەرچاوەی ماڵی بە شێوەیەکی جیدی تێدەکۆشێ. هەروەها سپا بەو خۆتێوەردانە زیرەکانە و پشتیوانیی سیاسی کە هەیەتی توانیویەتی گرێبەستێکی زۆر لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئابووری بۆخۆی دەستەبەر بکا، بۆ میناک لە بەشی بیناسازی، وزە، ڕێگاوبان، هاتوچۆ و خواردن. بۆ گەیشتن بە هەموو تێچووی نیزامیی ئێران، زیادکردنی تێچووی ئەرتەش، سپا و بەسیج بەس نییە و دەبێ هەنێ قەڵەمی تریش لەبەرچاو بگرین لەوانە؛ خەرجی هێزە ئینتزامییەکان، تێچووی ڕێکخراو و هەوڵ بۆ گوزەرانی کادیرە چەکدارەکان و هەروەها ناوەندگەلێکی یەکجار زۆری پەروەردە و ڕاهێنانی ئیدۆلۆژی و سیاسی، ئەو ڕێکخراو و زانکۆیانەی کە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی بەرگری و دانی خەدەمات بە هێزەکانی نیزامن. دەگەڵ هەموو کەمو کووڕی و گرفتەکان، توێژینەوەی وردی بوودجەی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ی ئێران لە لایەن «ڕێکخراوی نێونەتەوەیی خوێندنەوەی ستراتێژیک» گەیشتۆتە پێنج خاڵی جێ سرنج؛ ١. تێچووی فەرمی بۆ کاروباری نیزامی و بەرگری، یەکجار زۆرتر لەو بڕەیە کە بە گشتی لای بەرپرسانی توندئاژۆی ڕێژیم لە پاڕلمان و دەرەوەی مەجلیس داوای دەکرێ. ئەو کاناڵانەی سەر بە سپا و بەرپرسانی پایەبەرزی نیزامی و بەرگرین وەک، سەرلەشکر محەمەد باقری، بەرپرسی گشتیی هێزە چەکدارەکان و عەلائەدین برووجێردی، بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی تەناهی نەتەوەیی و سیاسەتی دەروەی پاڕلمانی ئێران، دەگەڵ بەشێک لە ڕادیکاڵ و ئوسوولگەراکانی مەجلیس، چەندین جار داوایان لە دەوڵەت کردوە کە سەداپێنجی بوودجەی وڵات لەبۆ کاروباری نیزامیی ئێران تەرخان بکەن. پاڕلمان لە ساڵی ٢٠١٦دا ئەو داوایەی پەسند کرد و، لە ئاکامدا کۆی گشتیی بوودجەی نیزامیی ئەمساڵ، بە لەبەرچاو گرتنی هەموو لایەنەکانی؛ ٩٢١ تریلیۆن ڕیاڵ (١٩ میلیارد و 600 میلیۆن دۆلار) بوو. دەوڵەتی ئێران، بوودجەی ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ی خۆی ١٢هەزار تریلیۆن ڕیاڵ (٢٦٠ میلیارد دۆلار) داناوە و نیزیک بە سەدا 8ی ئەو بوودجەیە بۆ تێچووی نیزامی تەرخان کردووە. ٢. دابەزینی بەهای ڕیاڵ (تمەن) لە بەرامبەر دۆلار هەتا ئۆکتۆبری ٢٠١٨ (خاکەلێوە و خەزەڵوەری ١٣٩٧) بۆتە هۆی ئەوەی کە خەرجی نیزامی بە پێوەری دۆلار لە ماوەی ٦ مانگ لە 21 میلیارد و 400 میلیون دۆلار دۆلار بۆ 19 میلیارد و 600 میلۆن دۆلار دابەزێ. ئەم دیاردەیە وا پێشان دەدا کە بوودجەی نیزامی یەکجار زۆر بەرز بۆتەوە، ئەمە ناچارەن بە مانای ئەولەوییەتدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کاروباری دیفاعی نییە. بەو پێیە تێچوی نیزامیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ بە نرخی واقعی ٥٣% بە بەراورد دەگەڵ پێنج ساڵی ڕابردوو بەرز بۆتەوە. ٣. بوودجەی تایبەتیی پێدراو لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ بە قەرارگای ناوەندیی «خاتم الانبیا» (دەگەڵ قەرارگای چاکەرەوەی «خاتم الانبیا» جیاوازە) بە دانی پۆستی بەرپرسیارەتی بە سەرلەشکر غوڵامعەلی ڕەشید نیشانەی گرینگی و بایەخی ئەو ڕێکخراوەیە. ئەم ڕێکخراوە کە لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران بەرپرسی هاوئاهەنگیی نێوان سپا و ئەرتەش بوو، بە شکڵگرتنی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان کەوتە بن سێبەر، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا، بە دووبارە چالاکییەکانی ئاشکرای قەرارگای ناوەندیی «خاتم الانبیا» ڕاسپێردرا کە لە ئەگەری هەڵایسانی شەڕ، ئەو قەرارگایە بەرپرسیارەتیی پلان و هاوئاهەنگی و چاودێریی عەمەلیاتی هێزە چەکدارەکان وەئەستۆ دەگرێ نەک ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان! جێگری سەرلەشکر ڕەشید، سەرلەشکر حوسێن حەسەنی سەعدی_یە کە پێشتر فەرماندەری هێزە وشکانییەکانی ئەرتەش بووە. ٤. لێکدانەوەی بوودجەی نیزامیی ئێران بۆ ساڵی ٢٠١٨_٢٠١٩ دەرخەری ئەوەیە کە ئەو بوودجەیە بە بەراورد دەگەڵ وێچووی ساڵی پار بە ڕادەی ٨٤% بەرز بۆتەوە. هەروەها بەرزبونەوەی بەرچاوی بوودجەی هێزەکانی ئینتزامی یا پۆلیس کە مەسئوولی پاراستنی نێوخۆیە، بە گریمانەیەکی زۆر هۆی سەرەکیی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکین لە بەرامبەر دەوڵەتدا. ٥. لە پێشنووسی بوودجەی ساڵی ١٣٩٦دا کە پێشکەشی پاڕلمان کرا، بوودجەی هێزەکانی قودسی قاسم سولەیمانی ١٠ تریلیۆن ڕیال (٢١٣ میلیۆن دۆلار) بووە. هەر بەم پێوانەیەش بوودجە بۆ بەرنامەی مووشەکی لەبەرچاو گیراوە، بەڵام لە لایەحەی بوودجەی ساڵی ١٣٩٧دا هیچ بوودجەیەک بۆ ئەم دوو ناوەندە تەرخان نەکراوە، ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن لە دەرەوەی بوودجەی فەرمیی دەوڵەت، سەرچاوەی ماڵیی تریش هەن بەتایبەت بۆ ئەو دەستە لە بەرنامە و ڕێکخراوانەی ڕێژیم کە بۆ ڕێبەر و باقیی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخیان هەیە. لە کۆتایی ڕاپۆرتی بنکەی موتاڵاتی ستراتێژیکدا دەڵێ: «ئەو دۆزینەوە سەرەتاییانە باس لە گۆڕانکاری لە ئاست و چۆنیەتیی دانی سەرچاوەی ماڵی بۆ تێچووەکانی ڕێژیمی ئێران هەیە و ئێران چۆن دەتوانێ بەرنامە تەناهی و بەرگرییەکانی خۆی بەرەو پێش بەرێ.