کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیکایەتی «گوێ ئاغاج» لە دڵی سوورووساتەوە

19:00 - 16 بانەمەڕ 2719

مێژوو گەلی کورد لە ئێران بەهۆی ستەمی نەتەوایەتی و سیاسەتی سەرکوت لەلایەن ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکانەوە بە خوێن دەنووسرێتەوە. بە تایبەت کە لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆر دڕندانە کەوتۆتە بەر هێرشی کۆماری ئیسلامی. ئەم ڕێژیمە سەرکوتگەرە دوای هێرشی بۆ سەر کوردستان هیچ ڕێگایەکی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتەوە کە بتوانێ سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بە خۆیەوە ببینێ. تەنانەت ڕێگای نەدا سەرەتاییترین ویستی لە ڕێگای هێمنانەوە بێنێتە گۆڕێ و لە ڕێگای چەک و زەبر و زەنگەوە هەموو ڕێگایەکی لە گەلی کورد بەست، هەر بۆیەش گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ڕێگایەکی هەڵبژارد کە بێجگە لە بەربەرەکانیی دیفاعی چەکداری هیچی بۆ نەمابۆوە. ئەوەتا دەیان و سەدان بەڵگە و دوکمینتاری زیندوو لەبەر دەست دایە کە باس لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەکا و، خەڵكی قارەمانی کوردستانیش وەک دژکردەوە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ پاراستنی شەڕەف و کەرامەتی گەلەکەیان ڕەوانەی ڕیزەکانی تێکۆشەرانی دێموکرات دەکرد و؛ لەهیچ فیداکارییەک دریغییان نەکردووە. هەستی کوردایەتی و بەرخۆدانی یەکێک لە گوندەکانی کوردستان منی هێنایە سەر ئەو باوەڕە لە گۆشەی «هەگبەی شاخ و شۆڕش»ی ئەو ژمارەیە وەک پێزانین بۆ گوندی «گوێ ‌ئاغاج»ی هەوشار بنووسم. ناوچەی هەوشار یەکێک لە مه‌ته‌رێزه‌ گرینگەکانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردە. خەڵکی خەباتگێڕی دێموکراتپەروەری ئەو ناوچەیە، هەمیشە بە دڵەوە لایەنگری حیزبەکەیان بوون و؛ باشترین ‌و بەوەفاترین ڕۆڵەکانی خۆیان ڕەوانەی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردوە.                                                                           دوژمنی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵ داوە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە حیزبی دێموکرات ‌و جووڵانەوە دابڕێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و، وەک هەمیشە لەم جۆرە هەوڵانە شکستی خواردووە و، لەو ڕێگایە داماو هاتۆتە دەر. ڕۆڵە قارەمانەکانی هەوشار لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا قارەمانەتی‌ و، ئازایەتیی کەموێنەیان نواندوە کە بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی خەبات ‌و بەربەرەکانیی گەلەکەماندا بە ڕێزەوە یادی دەکرێ. خەڵکی هەوشار لەمێژە نیشانیان داوە کە وەک هەموو خەڵکی کوردستان، لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێزارن ‌و لایەنگری جووڵانەوەی حەقخوازانەی نەتەوەکەیانن، ئەم ڕاستییەیان هەم لەمەیدانی خەباتی ڕۆژانەیاندا دژی ڕێژیم‌ و، هەم بە کردەوە ڕۆڵەکانیان لە بەرەکانی شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی سەلماندیان کە ڕێژیمیان ناوێ ‌و، بۆیە زۆر ڕۆڵەی ئازایان لەو پێناوەدا پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد. ناوی ئاوایی «گوێ ‌ئاغاج» لە ناوچەی هەوشار کەم کەس هەیە نەیبیستبێ. ناوی ئەو گوندە لەگەڵ ناوی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لێک گرێ دراوە. لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا خەڵكی ئەم گوندە ٢٤ قارەمانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد و، بە خوێنی خۆیان داری ئازادییان پاراو کردوە و نەیانهێشتووە پاییزی زەرد ڕوخساری ببینێ‌ و باڵی بەسەردا بکێشێ. ٢٤ پێشمەرگەی بە ئەمەگ، ته‌مه‌نی لاوەتیی خۆیان به‌ختی ئازادی‌ و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌که‌یان کردوە و به‌ سه‌ربه‌رزی ژیان ‌و به‌سه‌ربه‌رزی سه‌ریان نایه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ریان بۆ کۆنه‌په‌رسته‌کان دانه‌نواند؛ به‌ڵکوو دژی ده‌سه‌ڵاتی زۆردارانی حاکم خه‌باتیان کرد و له‌م ڕێگا پیرۆزه‌دا گیانیان به‌ختی ئامانج ‌و ڕێبازی پڕ له ‌شانازی گه‌له‌که‌یان کرد. ٢٤ ڕۆڵەی ئەم گوندە میداڵی شانازییان بە سینگی گوندەکەیانەوە هەڵواسی، کە بۆ هەمیشە لە مێژووی حیزبەکەمان ‌و نەتەوەکەماندا دەمێنێتەوە. زیاتر لە٣٠٠ ماڵ ‌و نیزیک بە ٢٠٠٠ کەس لەخەڵکی ئەو گوندە لە ٢٣ کیلومیتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی ساینقەڵا دەژین. خەڵکی ئاوایی «گوێ ‌ئاغاج» بە کاری وەرزێری و مەڕداری و فەڕش چنینەوە ژیانی خۆیان تێپەڕ دەکەن، خەڵکێکی دڵپاک بە یەکەوە دەژین. لەساڵەکانی سەرەتای شۆڕشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی فشاری زۆری خستە سەر خەڵک، کە وەدووی سیاسەتەکانی حیزب نەکەون. بەڵام ئەوان لە ماوەی ئەو چەند ساڵە‌دا بەبەشداریی بەردەوامیان لە ڕیزی خەبات و بە پێشکەش کردنی ٢٤ شەهید سەلماندیان کە هیچکات ئامادە نەبوون سەر بۆ ڕێژیم دانوێنن‌ و خوێنی ڕۆڵەکانیان بۆ ئەوان چرایەکی ڕووناک ‌کەرەوەی داهاتووی نەتەوەکەیان بوو. شەهیدانی حیزبی دێموکرات لەو گوندە سەربەرزە توانیویانە هەموو خەڵك لێک‌ گرێ بدەن و، هەستی کوردایەتییان تێدا بەهێزتر بکەن. ئەوان وەک هەمیشە بە دڵ‌ و باوەڕەوە لەگەڵ جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلی کورد بوون ‌و خوێنی ڕۆڵەکانیان هیچکات لەبیر ناکەن، خەڵکی ئاوایی بە باشی هەست بەوە دەکەن کە حیزبی دێموکرات نیزیک بە ٥٠٠٠ شەهیدی هەیە، تەنانەت دەزانن زۆر گوندی دیکە هەیە کە نیزیک بە ٦٠ شەهیدی هەیە. ئەوانە هەموو سەرچاوەی ئەو بیروباوەڕەیە کە ٧٤ ساڵ لەوە پێش لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا ڕیشەی داکوتاوە. کاتیك لە شەڕ و بەربەرەکانیدا یەکەم شەهیدی ئەو گوندە بەناوی عەبدوڵڵا لوتفی لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم شەهید دەبێ، خەڵکی پێشمەرگەپەروەری گوندی «گوێ‌ ئاغاج» ڕوویان کردە ڕیزی پێشمەرگایەتی ‌و بە دەیان کەس چەکی پڕ لە شانازییان لە شان کرد و ناو و یادی شەهیدەکەیان بە درێژە پێدانی ڕێگاکەی بەرز ڕاگرت. هەر بۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان حەقیەتی شانازی بە بنەماڵەی شەهیدانەوە بکا چونکی ڕۆڵەکانیان بۆ ڕزگاری گەلی کورد پەروەردە کرد و هەر لەم ڕێگایەشدا سەریان دانا. گوندی «گوێ ئاغاج» ٢٤ قارەمانی لە مەیدانی بەربەرەکانیدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لێ شەهید بوو، بۆیە پێویستە ئاماژە بەچەند حەماسە و فیداکاری ئەو مەڵبەندە بکرێ. قارەمانانی هەوشار لە زۆربەی گوند و تەپۆڵکە و ڕێگا و جادەکانی ئەو دەڤەرە فیداکاری گەورەیان لێ تۆمار کردووە، ئەوان ئەگەر لە گوندێک ٢٤ تێکۆشەریان گیانی بەخت کردوە، لە شەڕەکانی «کووچەتەڵا»، «تورکان ‌بڵاغ»، «قەرەزاخ»، «ئاغدەرە»، «کانی سپی»، نێوشاری ساینقەڵا، «حەسەن‌ئاوا»، «کولتەپەی جانگیرخان» و شەڕەکانی ناوچەی فەیزوڵڵا بەگی و دەیان شەڕی گەورە و چووکەی دیکە نموونەی بچووکن لە بەرخۆدانی ناوچەی هەوشار کە بە سەدان کەس و بگرە زیاتر لە هەزار کەس لە داگیرکەرانی کوردستان کوژراوە و بە دەیان ماشێن و بە سەدان چەکی جۆراوجۆر دەسکەوتی قارەمانانی ئەو مەڵبەندە بووە. هەربۆیە خەڵکی تیکۆشەری «گوێ ‌ئاغاج» نەک بەشەهید بوونی ٢٤ تێکۆشەریان پشتی حیزبەکەیان بەر نەدا بەڵکوو پتەوتر و قایمتر لە پێشوو بوونە پاڵپشتی تێکۆشەرانی دێموکرات.