کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

19:19 - 16 بانەمەڕ 2719

هەڵوێست و ئەرکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و حیزبە کوردستانییەکان بە تایبەتی، دوای ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران‌ یەکێک لەو پرسیارانەیە کە دەبێ لە ئێستاوە بیری لێ بکرێتەوە و وڵامی بۆ بدۆزرێتەوە. حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەک هەر دەستەڵاتێکی سەرەڕۆ ناتوانێ هەتاهەتایە بمێنێتەوە و زوو یان درەنگ کۆتایی بە دەستەڵاتی نگریسی دێ، بەڵام هەڵوێستی کورد وەکوو نەتەوەیەکی زوڵملێکراو کە پاش هاتنە سەر کاری ڕێژیمی ئیسلامی، چوار دەیەیە بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانی خەبات دەکا و گەلێک قوربانیی داوە، بەرامبەر بە دەوڵەتی داهاتوو چۆن دەبێ؟ ئایا کورد دەسبەجێ دەبێ داوای جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا؟ یاخود شانبەشانی هێزە سەرانسەری و ناوچەییەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدراڵ تێبکۆشێ؟ بێگومان هەڵوێست ‌گرتنی حیزبێکی بەئەزموون لە جیهانی سیاسەتدا لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆیی‌، بە گوێرەی هاوسەنگیی هێزە سیاسی_سپاییەکان و، ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی و سیاسیی خەڵک، ڕادەی ڕێکخستنی جەماوەر لە ڕێکخراوە سیاسی، کولتووری و پیشەییەکاندا، هەروەها ئامادەبوونی ئەوان بۆ خەباتی سیاسی لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانیاندا دەبێ. حیزبێکی تێکۆشەر و پێشکەوتنخواز بەپێی ستراتێژیی نەتەوەیی و پەسەندکردنی تاکتیکی شیاو بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، دەتوانێ ڕۆڵێکی گرینگ لە ڕەوتی ژیانی سیاسیی کۆمەڵگە بگێڕێ. لەوە دەچێ هەر لە ئێستاوە نەکرێ بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ هەڵوێستی داهاتوو بدرێ ‌و نوسخەی بۆ بپێچرێتەوە، بەڵام هەموو هێزێکی سیاسی پێویستە بۆ کاتی سەرهەڵدانی ڕووداوە لەناکاوەکانی کۆمەڵگە، پلانی «A» و «B»ی هەبێ. لە وڵاتێکی فرە‌ئەتنیکیدا کە جارێ کێشەی نەتەوەیی چارەسەر نەکراوە، ئەرکی سەرەکیی حیزبێکی نەتەوەیی، خەبات لە پێناوی گەیشتن بە کیان، دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەییە. لەم ڕەوتەدا هەبوونی ستراتێژییەکی ڕوونی نەتەوەیی ڕۆڵێکی گرینگ لە هەڵوێست گرتن و هەڵبژاردنی شێوەی خەبات دەگێڕێ. بێگومان حیزبێکی نەتەوەیی ناتوانێ لەمەڕ کێشەکانی نێو کۆمەڵگە وەکوو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بێکاری، گرانی، زوڵم و زۆری چینایەتی و چەوسانەوەی خەڵک و هتد بێهەڵوێست بمێنێتەوە، بەڵام ئەرکی سەرەکیی ئەم حیزبە، وێڕای خەبات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕێکخستنی خەڵک‌ و بردنەسەرێی ئاگایی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی، واتە سەروەریی نەتەوەیی و ڕزگارکردنی نیشتمانی خۆی لە دەست حکوومەتی داگیرکەرە. هەر بەم جۆرە کە بۆ حیزبێکی چەپی سۆسیالیستی یان مارکسی، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ئامانجی سەرەکییە، بۆ حیزبێکی نەتەوەییش، ئازادکردنی نیشتمانی داگیرکراو و گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی ئامانجی سەرەکییە. فاکتەرەکانی هەڵوێست گرتن هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێکرا، ئەستەمە لە ئێستاوە بە چەشنێکی یەکلاکەرەوە باس لە هەڵوێستی پاش ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پێشبینیی وردی ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو بکرێ. مێژوو بەپێی ئەزموون پڕ لە هەوراز و نشێو، پێشڕەوی و پاشەکشە کردنە و لەسەر هێڵێکی ڕاست ناجووڵێتەوە. بەم حاڵەش لەوە دەچێ بکرێ بەپێی لێکدانەوەیەکی ڕاستبینانە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و بەرزبوونەوەی ئەوپەڕی جیاوازیی چینایەتی، وەزعی خراپی ژیانی ئابووریی خەڵک، پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی ئینسانی، ناڕەزایەتیی چین ‌و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران، کێشە لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و هتد باس لە تەواو بوونی کاتە خۆشەکانی دەستەڵاتدارانی حکوومەتی سەرەڕۆ و تێئۆکراتی ئێران و بەرەو هەڵدێرچوونی ژیانی سیاسیی ئەم ڕێژیمە بکرێ. هەر لەم پێوەندییەدا، پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستاوە خۆیان بۆ بەرەو ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگە ئامادە بکەن و بە لێکدانەوەی بارودۆخی ئێران، ناوچە و جیهان، هەروەها ئەگەرە جۆراوجۆرەکان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراون یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، داڕشتنی بەرنامە و سیاسەتێکی هاوبەش، هەروەها ڕێکخستنی سپایەکی نەتەوەیی بدەن. بە گشتی بۆ هەڵوێست ‌گرتنێکی شیاو، پێویستە ڕێکخراوەیەکی شۆڕشگێڕ توانای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و لەبەرچاو گرتنی خاڵەکانی خوارەوەی هەبێ: بارودۆخی سیاسی_ کۆمەڵایەتی، هەروەها ئابووری و فەرهەنگیی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لێرەدا پێویستە ئاست و دۆخی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانە لە ئێران، جێگە و پێگەی هێزی دەستەلاتدار لە وڵات، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی دەوڵەت و ململانێی باڵەکانی نێو حکوومەت، خۆڕێکخستنی چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگە، هاوسەنگیی هێزە پێشکەوتنخواز و دواکەوتوو و کۆنەپەرستەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان، هەروەها ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد بە چەشنێکی ڕاستەقینە لێک بدرێتەوە. لەم ڕەوتەدا یەکێک لە ئەرکەکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان، داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە دێموکراسی، ئازادی و پێکهاتنی بەستێنێکی شیاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان‌ و، یەک لەوان کێشەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی مەدەنی و لە ڕێگای دانوستان‌ و وتووێژە. سیاسەت و هەڵوێستی زلهێزەکان و دەوڵەتەکانی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هتد هەڵسەنگاندنی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و هێزە خۆجێییەکان، هەروەها ململانێی ئەو هێزانە پێکەوە و ناسین و جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن، ڕادەی پشتیوانیی ڕاستەقینەی ئەو هێزانە و بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی جیهانی لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لە هەڵوێست ‌گرتنی ‌هێزێکی تێکۆشەردا بگێڕێ. بۆ وێنە لێکنەدانەوەی دروستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستی هێزەکانی جیهانی لە کاتی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧، پشتیوانی نەکردنی زلهێزەکانی جیهانی و ناوچە لە دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی باشووری کوردستان هاوکات لەگەڵ ناتەبایی نەتەوەیی لەم وڵاتەدا، زەبرێکی کارای لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی‌ خوازانەی کوردستان دا و، تەنانەت لە هێرشی هێزەکانی سەر بە بەغدا و ئێران بۆ کەرکووک و خانەقین و هتد لە ئۆکتۆبری هەر ئەو ساڵەدا، کورد بێ پشتیوان مایەوە و کۆنترۆڵی پتر لە سەتا ٥٠ی خاکی نیشتمانەکەشی لەدەست دا. بەم پێیە ناسینی بارودۆخی جیهانی و ناوچە و، خوێندنەوەی دروستی ژێئۆپۆلیتیکی جیهان بۆ گرتنی بەشێکی بەرچاو لە هەڵوێستەکانی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. وەزعییەت و جێگە و پێگەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هەر بزووتنەوەیەک و بە تایبەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد، هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان و هەبوونی تەبایی نەتەوەییە. کاتێک حیزبە کوردستانییەکان نەتوانن بە زمانێکی هاوبەش بگەن و بەرەیەکی ڕاستەقینە و کارا دروست بکەن، هەروەها بەرژوەندیی نەتەوەیی فیدای بەرژوەندیی حیزبی، عەشیرەیی و تاکەکەسی بکەن، نەک هەر ئەگەری شەڕ و پێکدادانی نێوخۆیی بەرز دەبێتەوە، بەڵکوو بەستێنێکی شیاو بۆ پیلانگێڕی هێزەکانی کۆنەپەرست و سەرکوتکەر پێکدێ و زەبرێکی گەورە لە متمانە و ورەی خەڵک دەدرێ. شەڕی نێوخۆیی لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران_کۆمەڵە ، شەڕی نێوان دوو باڵەکەی حیزبی دێموکرات پاش کۆنگرەی هەشتەم ، شەڕەکانی پارتی و یەکیەتی ، کوشتاری شیووعییەکانی عێراقی بە دەست هێزەکانی یەکیەتیی نیشتمانی لە پشت ئاشان ، پێکدادانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان ، هەروەها تێکهەڵچوونەکانی پارتی و پ. ک. ک و هتد وەکوو ئەزموونێکی تاڵ، بەڵام هاوکات وەک وانەیەکی گەورە بۆ داهاتووی کوردستان دەمێنێتەوە. پێویستە هەر لە ئێستاوە هێزەکانی کوردستانی خۆڕاهێنانی دێموکراسی و کاری هاوبەش بکەن هەتا ئەم چەشنە کارەساتانە دووپات نەبنەوە. لەم پێوەندییەدا، پێکهێنانی «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» هەنگاوێکی باشە، بەڵام بەس و تەواو نییە و، پێویستیە پەرەی پێبدرێ و ببێتە بەستێنێک بۆ پێکهێنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەزموونی پتر لە دوو دەیە دەستەڵاتداریی هێزەکانی هەرێمی کوردستان و نەبوونی یەکیەتییەکی ڕاستەقینە لە پێناوی بەرژوەندیی نەتەوەییدا، هەروەها ناتەبایی هێزە سەرەکییەکان هەتا ئێستا زەبرێکی گەورەی لە متمانەی خەڵکی باشووری کوردستان داوە و، حکوومەتی بەغدا قازانجێکی زۆری لەم ناتەباییە بردووە. کارەساتی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی کەرکووک وێڕای پیلانی حکوومەتەکانی بەغدا و تاران، هاوکات بەرهەمی ناتەبایی نەتەوەیی و هاوکاریی بەشێک لە هێزەکانی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی بەغدا بوو. لە ساڵانی پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی، بە هۆی دابڕان، دەرکران و جیابوونەوەکانی فراکسیۆن و ئەندامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، گەلێک حیزب و گرووپ و تاقمی جۆراوجۆری سیاسی هاتوونەتە نێو گۆڕەپانی خەباتی سیاسییەوە. ئەمڕۆ دوو حیزبی دێموکرات و سێ کۆمەڵە بەهۆی مێژووی خەباتیان، بوونەتە بەشێکی ڕاستەقینە لە ئەندێشە و بیروهزری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێگومان ناکرێ نکۆڵی لە ڕێکخراوەکانی دیکە وەک پژاک و هتد بکرێ کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریان هەڵداوە. لەو نێوەدا ئەوەی ڕەنگ‌ و ڕووی کوردستانی بوون بە هێزێک دەدا، نەک هەبوونی پاشکۆی کوردستانی، پێشمەرگە و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، بەڵکوو سنووری چالاکی، ستراتێژی و هەڵوێستی ئەوان لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و گەیشتن بە کیان و سەروەریی کوردە. ئەوانەی کە بە جلوبەرگی کوردی نکۆڵی لە بەدەوڵەت بوونی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکەن و پێیان وایە سەردەمی ناسیۆنالیزم کۆتایی ‌هاتووە یاخود خۆیان لە بەرەی بەناو «ئێرانییە سۆسیالیستەکان» یان «چەپەکانی کوردستان» دژ بە «بۆرژوا_ناسیۆنالیستەکانی کورددا! دەبیننەوە، لە کردەوەدا خۆیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد دوور دەخەنەوە، و بەگوێرەی هەبوونی بیروهزری پۆلپۆ‌تی و پاوانخوازانە دەکەونە نێو بەرەیەک کە دەتوانێ لە داهاتوودا خوڵقێنەری کارەساتێکی نێوخۆیی بێ. بەکارهێنانی دەستەواژەی بۆرژوا_ناسیۆنالیست بۆ ئەو ڕێکخراوە کوردستانییانەی ئێران کە لایەنگری بیری سۆسیالیستین و بەرنامەکانیشیان لە پێوەندی لەگەڵ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادی، دێموکراسی، مافی مرۆڤ و هتد دایە، شتێک نییە بێجگە لە چەواشەکارییەکی مەبەستدار. هێزەکانی «بۆرژوا - ناسیۆنالیستی!؟» کورد بە پێی پانتایی چالاکیی سیاسییان لە جوغڕافیای سیاسیی کوردستان، وێڕای لەبەرچاو گرتنی تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران بە گشتی، بۆ خۆشبژیوی، پێكهێنانی ژیانێکی هێمنانە، دادپەروەرانە، بەختەوەرانە و شارستانیانە، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی تێدەکۆشن. بەپێی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەستەمە تاقمگەلێکی سەرلێشێواو لە باری بیروهزری سیاسییەوە، بەبێ هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ هێزەکانی کوردستانی بتوانن ڕۆڵێک لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگێڕن و بە یارمەتیی «پڕۆلتاریای کورد» توانای لادانی «بەرەی بۆرژوا ناسیۆنالیزم»! کوردیان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا هەبێ و ببن بە ئاڵتێرناتیوێکی بەهێزی «چەپ»! لە کوردستان و، پاش دامەزراندنی سۆسیالیزمی خەیاڵییان کێشەی نەتەوەکان لە ئێران و یەک لەوان کورد چارەسەر بکەن؟ لە هەر حاڵدا، پاش ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و کرانەوەی فەزای سیاسی لە ئێران و کوردستان، جێ بۆ کار و چالاکیی حیزب و گرووپە جۆراوجۆرەکان دەکرێتەوە. ئەو شتەی لێرە گرینگە، هاوتەبایی هێزە کوردستانییەکان، هەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو و بەهێزی کوردستانی، پێکهێنانی سپایەکی نەتەوەیی لە پێشمەرگەکانی ئەم ڕێکخراوانە و لەژێر فەرمانی کومیتەیەکی هاوبەش، نەک حیزبێکی تایبەتییە. پێویستە ئەم هێزە سپاییە پاش پێکهاتنی حکوومەتی کورد لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوی بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە، هەتا ڕێگە بە ئاژاوەگێڕی و شەڕفرۆشیی هیچ حیزب و تاقمەیەک و کەلکوەرگرتن لە هێزی چەکدار دژ بە حیزب و هێزەکانی گەورە و بچووکی سیاسی بە بیروڕای جیاوازەوە نەدرێ و بارودۆخێکی باش و شیاو بۆ چالاکی و ململانێی سیاسی و مەدەنیی تەواوی ‌هێزەکان مسۆگەر بکرێ و، بەربەستێکی قانوونی بۆ هەر چەشنە دەستدرێژی و شەڕێکی نێوخۆیی پێک بێ. لەم حاڵەتەدا قانوون دەبێ دەستنیشانکەری سنوور و پانتایی چالاکیی سیاسیی تەواوی ڕێکخراوە و کەسایەتییەکان بێ، نەک هێزی چەکداریی حیزبێکی سیاسی! لەم پێناوەدا پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆڕاهێنانی دێموکراسی و حاوانەوە لەگەڵ یەکتری بکەین. لەوە دەچێ هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوان، کۆنگرە یان پارلمانی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات بە بەشداریی تەواوی حیزب و کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد هەوڵێکی بەرپرسانە و ڕاستبینانە بۆ گەڵاڵەکردنی یەک بەرنامە و سیاسەتی هاوئاهەنگ و گشتی بێ. لێرەدا پێویستە وێڕای پێشوازی کردن لە بەشداریی لقی کوردستانیی حیزبێکی سەرانسەری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ بەرەی کوردستانی، ئاماژە بە جیاوازییەکی هەستیار لە نێوان ئەوان و حیزبە کوردستانییەکان بکەین. خەباتی ڕێکخراوەیەکی کوردستانی هەر بەپێی نێو و نێوەرۆکی بەرنامەکەی، ناوچەیەکی جوغڕافیایی بەناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم چەشنە حیزبانە وێڕای خەبات بۆ هێنانە سەر کاری دەوڵەتێکی دێموکرات و پێشکەوتنخواز لە ئێران، بەپێی بەرژوەندیی نەتەوەیی بەرەوڕووی ڕووداوەکان، دانوستان و وتووێژ و خەباتی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەچن، بەڵام ڕێکخراوەیەکی ئێرانی وێڕای هەبوونی لقی خۆی لە کوردستان، کێشەی نەتەوەیی تەنیا وەکوو بەشێک لە مەسەلەکانی ئەو وڵاتە لەبەرچاو دەگرێ. زۆر جار بەپێی زاڵبوونی بیری چینایەتی یان هەر بیروهزرێکی دیکە، چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە پلەی چەندەمی بەرنامەکەیدا دادەنێ. واتە بۆ وێنە بۆ حیزبێکی سەرانسەریی چەپ گەیشتن بە سۆسیالیزم، لەنێو بردنی جیاوازیی چینایەتی، دامەزراندنی حکوومەتێکی کرێکاری و هتد ئەرکی سەرەکییە و پاشان دەکرێ لەم چەشنە حکوومەتەدا ئاوڕێک لە کێشەی نەتەوەییش بدرێتەوە. بۆ لقی کوردستانیی ئەم حیزبانە تەنانەت ئەگەر هەست و سۆزێکی بەهێزی نەتەوەییشیان هەبێ، سیاسەتیان لە کوردستان شوێنکەوتنی سیاسەتی گشتیی حیزبەکەیانە بە گشتی و ناتوانن بەپێچەوانەی ئەو سیاسەتە گشتییە بجووڵێنەوە. هەڵبژاردنی شێوەی خەبات و دروشمی سیاسی پێویستە بۆ هەڵبژاردنی شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات و هەڵگرتنی دروشم، چەند فاکتەری سەرەکی وەکوو هاوسەنگی و وەزعییەتی هێزەکانی خۆیی و دوژمن، شیاو بوونی بارودۆخی جیهان و نێوخۆیی و، بە تایبەتی ئامانجی سەرەکی و ئامادەبوونی بارودۆخ بۆ گەیشتن بە خاڵی مەبەست بەدروستی لێک بدرێتەوە. لێنین گوتەنی: «خەڵک دەبێ بتوانێ بە پێستی خۆی هەست بە ڕاست و دروست بوونی ئەو دروشمانەی بکا» کە هاتوونەتە ئاراوە. لەبەرچاو نەگرتنی ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە و جیهان، هەروەها هەڵنەسەنگاندنی هاوسەنگیی هێزەکان، دەتوانێ هۆی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ناوەخت، یان نادروستی شێوەیەکی خەبات و دروشمێک بێ، کە شکستی لێ دەکەوێتەوە. بەپێی ئەزموون، پێویستە کاتێک دوژمن بەهێزە و هێزی پێشکەوتنخواز لاوازە، حیزبێک یان ڕێبەرانی بزووتنەوەیەک پارێز لە جووڵانەوەیەکی ڕادیکال بکەن ‌و، کاتێک هاوسەنگیی هێزەکان بەپێچەوانە بێ، بەپێی ستراتێژی و شیاوبوونی بارودۆخ، تاکتیکێک هەڵبژێرن کە ئەگەری سەرکەوتن و پێگەیشتن بە ئامانجەکان لە ئاستێکی بەرزدا بێ. سەرکەوتنی هەر خەباتێک ئاکامی هاوسەنگیی هێزەکانی دژبەر و ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی، لێکدانەوە و جیاکردنەوەی بەرەی دۆست لە دوژمن، پێکهێنانی یەکیەتیی هێزەکانی پێشکەوتنخواز، کۆکردنەوە و ڕاکێشانی زۆرینەی خەڵک بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی‌ و؛ هاوکات دوورپارێزیی لە هەر چەشنە سێکتاریزم و ڤۆڵونتاریزمی ماڵوێرانکەرە. هێزێکی سیاسی دەبێ توانای کەلکوەرگرتنی دروست و بەجێی لە هەر پێشهاتێکی لە ناکاو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەبێ و، ئەمە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی ئەزموون و خۆڕێکخستن و ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی، ڕادەی نفووزی لە نێو چین‌ و توێژەکانی کۆمەڵگە، هەروەها توانای ناسین و لێکدانەوەی ڕاستبینانەی ڕووداوەکان. لێرەدا بێگومان ئەزموون و ئاگایی ڕێبەرایەتیی حیزب یا بزووتنەوەیەک دەتوانێ ڕۆڵ بگێڕێ و پێشگیری لە جووڵانەوەیەکی ناوەخت بکا. پێویستە لە تەواوی قۆناخەکاندا بایەخ بە پێوەندیی ڕاستەوخۆی ڕێبەریی حیزب یا بزووتنەوەیەک لەگەڵ خەڵک و پێکهێنانی متمانەی ئەوان بدرێ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە ڕێکخراوە سیاسی، کولتووری و پیشەییەکان و هتددا ڕێک بخرێن. حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسی هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی بە نوێنەری بزووتنەوەیەک دەزانێ و دەبێ دەنگی ئاشکرا و ڕوونی ویستی سەرەکیی کۆمەڵگەکەی بێ، دەبێ خۆی لە پۆپۆلیزم بپارێزێ و نەبێتە پاشکۆی جەماوەر و بەپێی لێکدانەوەیەکی دروست و شارەزایانە، شێوەی خەبات هەڵبژێرێ و لێنین گوتەنی بزانێ «لە کوێ بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوت بکا و لە کوێ بە شێوەیەکی ڕێفۆرمیستی.» بە داخەوە نەک لە ئێران، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی نەبوونی سیستمێکی دێموکراتیکەوە، ڕادەی ئەزموونی کار و چالاکیی مەدەنی و سیاسی گەلێک نزمە. لە سەدەی ڕابردوودا چوار بەشی کوردستان بەپێی بارودۆخی سیاسیی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش بووە زۆرتر تووشی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حکوومەتەکانی ناوەندی بووە و دەرفەتی کاری سیاسی و مەدەنیی بۆ هێزە پێشکەوتنخوازەکان نەڕەخساوە. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش لە تەواوی ئەم ساڵانەی کە پێک هاتووە بە چەشنی جۆراوجۆر لەژێر مەترسیی هەڕەشە، پیلان و هێرشی سپای عێراقی بە هاوکاریی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی دروستکراوی ئێران، هەروەها داعش بووە. لە باکووری کوردستانیش، سەرەڕای هەبوونی دێموکراسییەکی ناسەقامگرتوو هەزاران ئەندامی «حیزبی دێموکراتیکی گەلان» و ‌هێزەکانی چەپ و دێموکرات کە دەیانەوێ لە ڕێگای ئاشتیخوازانە و مەدەنی گۆڕانکاری لە سیستمی کۆمەڵگەدا پێک بێنن، گیراون و لە بەندیخانەکان دان. لە ئەگەری ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیدا دەبێ ئێمەی کورد ئەوە لەبەرچاو بگرین نیازمان بە بوونی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەلکوەرگرتن لە تەواوی شێوەکانی قانوونی و مەدەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بڕینی قۆناغ بە قۆناغی بەربەستەکانی سەر ڕێگای جووڵانەوەی کورد هەیە. ئەمە کارێکی دژوارە و بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تازە پێکهاتووی داهاتوو لەگەڵ کێشەی نەتەوەیی و ئاستی ویستەکانی ئێمە. لە ئێرانی داهاتوودا هێزێکی سیاسیی کوردستانی دەبێ ستراتێژییەکی ڕوونی نەتەوەیی هەبێ و کێشەی کوردیش هەتا پێکهاتنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەیەکجاری چارەسەر ناکرێ. بەڵام لە نەبوونی بارودۆخی پێویست بۆ گەیشتن بەم ئاواتە لە کورتخایەندا، چارە چییە؟ بێشک هیچ دەوڵەتێکی تەنانەت دێموکراتیکیش خوازیاری لەت لەت بوونی ئێرانی داهاتوو نییە‌ و، ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات بە چەپ و ڕاستییەوە هەڵویستی خۆیان لەم پێوەندییەدا ڕوون کردۆتەوە. پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، ڕێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕێگایەکی ڕێک و ڕاست نییە و بەپێی بارودۆخ دەبێ ئەم ڕێگایە قۆناغ بە قۆناغ ببڕدرێ. بەم پێیە سەرەڕای هەبوونی ستراتێژی بۆ دامەزراندنی کەیان و دەوڵەتی کورد، پێویستە ئێمە پێشوازی لە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی بکەین کە ببێتە هۆی دێسنترالیزەکردنی ئێران لە چەشنی فێدڕاڵ یاخود کۆنفێدڕاڵ ‌و، تێبکۆشین وێڕای بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی لە تەواوی شێوەکانی خەباتی مەدەنی و قانوونی بۆ چەسپاندنی ئەم مافە کەلک وەربگرین. خەڵکی کورد دەبێ بەپێی هەست و ئەزموونی خۆی بەم ئاستە لە ئاگایی نەوەتەویی بگات کە بەرژوەندیی خۆی لە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران یان لە جیابوونەوە لە جوغڕافیای سیاسیی ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورددا ببینێ و ئەم هەنگاوەش هاوتەبایی لەگەڵ بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی هەبێ. پێویستە ئێمە ئەم ڕاستیەش لەبەر چاو بگرین، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی موکریان و ئەردەڵان قەتیس نامێنێتەوە و پانتاییەک لە سنووری ئازەربایجانەوە هەتا سنووری خوزستان لەخۆ دەگرێ، بەم هۆیەش، هێزە کوردستانییەکان بۆ پێشوازیی تەواو چێن‌ و توێژەکانی کوردستان لەم ویستە نەتەوەییە، پێویستییان بە زەمەن و دەرفەتی شیاو بۆ پەرەپێدان و سەقامگرتووکردنی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازانە لە بیر و هزری کۆمەڵگە هەیە. پێویستە هەروەها ئاماژە بە خاڵێکی دیکەش، واتە چۆنیەتیی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بکەین. ئایا ئەم حکوومەتە بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە و مەدەنی، بەپێی کوودەتایەکی نێوخۆیی، شۆڕشی گەلانی ئێران یاخود هێرشی هێزەکانی بیانی لە چەشنی عێراق دەڕووخێ و شەڕێکی نێوخۆیی لێ دەکەوێتەوە؟ لە هەر یەک لەم حاڵەتانەدا دەکرێ بەپێی وەزع و بارودۆخێک کە پێک دێ، هەروەها شێوەی هەڵسوکەوتی وڵاتانی زلهێز و ناوچە، ویست، هەڵوێست، تاکتیک و شێوەی خەباتی هێزێکی شۆڕشگێڕ بگۆڕدرێ. بێشک ئەگەر پاش ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حکوومەتێکی دێموکراتیک_ فێدڕاڵ یاخود کۆنفێدڕاڵ یان هەر چەشنە سیستمێکی ناکۆجێیی بێتە سەرکار و، نەتەوەکان بەپێی جوغڕافیای سیاسیی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی ئێراندا مافی بەرامبەریان هەبێ، هەڵسوکەوتی ڕێکخراوە سیاسییەکان لەگەڵ دەستەڵات جیاوازی دەبێ لەگەڵ حکوومەتێکی سەرەڕۆی تازە، تەنانەت ئەگەر بە بیری چەپ یان هەرچەشنە بیروهزرێکی بەناو دێموکراتیکیشەوە بێ. هەبوونی دێموکراسی ڕێخۆشکەرەی خەباتێکی ئەمڕۆیی و مەدەنییە، بەڵام سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەوڵەت دەبێتە هۆی ڕادیکاڵیزە بوونی شێوەی خەباتی هێزێکی سیاسی. ئاکامگیری * حکوومەتی سەرەڕۆی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەمەلایەنە بۆتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە لە ئێستاوە ناکرێ بە وردی پێشبینیی تەواوی ڕووداو و پێشهاتەکانی داهاتووی ئێران بکرێ، ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی جیدی لەم وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ تەواوی ساڵەکانی دەستەڵاتداریی حکوومەتی ئیسلامی بەهۆی گوشاری نێوخۆیی و دەرەکی لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە. بەم پێیە، پێویستە هێزەکانی کوردستانی لە ئێستاوە خۆیان ئامادەی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە ڕووداو و ئاڵۆگۆڕێکی سیاسیی کوتوپڕ لە ئێران بکەن. بێگومان ناکرێ کات و شێوەی ڕووخانی ئەم حکوومەتە بە وردی دیاری بکرێ، بەڵام ئاواتی هێزێکی بەرپرسی سیاسی، ئاڵوگۆڕی دەستەڵات بە کەمترین خەرج و زۆرترین دەسکەوت بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەبێ هێرشی سپایی یان خۆتێهەڵقوتاندن و دەستێوەردانی وڵاتێکی بیانییە. وێڕای ئەوەش زۆر جار پێشهاتەکانی نێونەتەوەیی لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانە. بەم پێیە پێویستە ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە هەبوونی بەرنامە و پلانی «A» و «B» و هتد بەرەو پیری ڕووداوەکان بچن و لەبەرامبەر ڕووداوە چاوەڕەواننەکراوەکاندا خافڵگیر نەبن و بەپێی دەرفەت و شیاوبوونی بارودۆخی نێوخۆیی و جیهانی ئامادەی هەر چەشنە مانۆڕێکی سیاسی و هەڵگرتنی دروشمی شیاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و دامەزراندنی کەیان و سەرەوەریی کورد بن. * پێکهێنانی بەرە یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی وەکوو نوێنەری زۆرینەی حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها گەڵاڵەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش و پێکهێنانی سپایەکی نەتەوەیی دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لە هەموو بوارێکی خەباتی سیاسیی ئێستا و دادێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە ئاستی نێوخۆیی لە کوردستان وەکوو دڵخۆشی و بەرزکردنەوەی ورە و متمانەی خەڵک، و چ لە ئاستی ئێران لە ڕەوتی پێکهێنانی بەرەیەکی گشتی لەگەڵ هێزەکانی پێشکەوتنخواز و وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دەستەڵاتی داهاتووی ئێران بگێڕێ. * نوێنەرانی سیاسیی کورد بەپێی وەزعییەتی سیاسیی ئێران و جیهان، شیاوبوونی بارودۆخی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی و ڕادەی ئاگایی خەڵک و ڕێکخستنی جەماوەر لە حیزب و یەکیەتییە سیاسی، فەرهەنگی و پیشەییەکاندا، هەروەها هاوسەنگیی هێزەکانی دژبەر و هتد وێڕای هەبوونی ستراتێژییەکی ڕوونی نەتەوەیی، باشترە دروشمێک هەڵبژێرن کە دەرفەتی هاتنەدیی زیاتر و ڕاستبینانەترە و خەڵکی کوردستان قۆناغ بە قۆناغ لە ئامانجە سەرەکییەکەی نیزیکتر دەکاتەوە. لەم پێناوەدا هەبوونی دێموکراسی لە ئێران و کوردستان ڕێخۆشکەری پێکهاتنی بەستێنێکی شیاو بۆ کار و چالاکیی سیاسی، مەدەنی و ئاشتیخوازانەیە. هێزێکی پێشکەوتنخوازی کوردستانی نیازی بە کات و زەمەنی پێویست بۆ کار و چالاکییەکی کارا بۆ بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و ڕێکخستنی خەڵک لە تەواوی کوردستان لە ماکۆوە هەتا دێهلۆڕان هەیە. لە کوردستانی ئازادکراودا پێویستە لە جیاتی چەکداربوونی ئەندامەکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان، سپایەکی نەتەوەیی لەژێر ڕێبەرایەتیی وەزارتی پێشمەرگەدا پێک بێ و، چوارچێوەی کار و چالاکیی پێشمەرگە بەپێی یاسای وڵات بێ، نەک ویستی حیزب و ڕێکخراوەیەکی دیاریکراو.