کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

«نقاشی قهوەخانە»، تێرۆریستەکەی میکۆنووس و بیرەوەرییەکانی*

19:21 - 16 بانەمەڕ 2719

پەرویز دەستماڵچی، چالاکی سیاسی کە لە تێرۆرەکەی میکۆنووس زیندوو مایەوە، دژکردەوەی بووە لەسەر بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکانی "کازم دارابی" لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئەو تێرۆرە. بیرەوەرییەکانی کازم دارابی، لە تاوانبارە سەرەکییەکانی تێرۆری بێرلین و ڕێکخەری سەرەکیی ئەم تێرۆرە کە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچوو، لە کتێبێکدا لەژێر ناوی "نقاشی قهوەخانە" بڵاو بۆتەوە. من هێشتا ئەم کتێبەم نەخوێندۆتەوە و، بڕیار وایە بۆم بنێرن، بەڵام پێم باش بوو چەند دێڕێک لەسەر ڕاپۆرتی سایتی "مشرق" کە لەسەر ئەم کتێبە نووسراوە، بنووسم و ئاماژەیەک بە شێواز و دروستی و نادروستیی ڕاپۆرتەکە و ڕاستیی هەواڵنێرانی حکوومەتی ئایینیی ئێران بکەم. دارابی کە بڕیاری هەتاهەتایی بەسەردا سەپابوو، پاش تێپەڕاندنی دوو لە سێی زیندانەکەی ڕادەستی ئێران کرایەوە. ئێستا لەدوای نیزیک بە یازدە ساڵ کتێبی بیرەوەرییەکانی لەژێر ناوی "توێژینەوە"یەک لە چاپ دراوە. بۆ یەکەم جار عەلی خامنەیی لە جیات ڕێستوورانی میکۆنووس دەستەواژەی "قهوەخانە"ی بەکار برد. سایتی "مشرق" لەمەڕ ناساندنی ئەم کتێبە لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ئەمساڵدا، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە چەند خاڵێکی نادروستی تێدایە، لێرەدا ئاماژە بە بەشێکیان دەکرێ: ١- سایتی "مشرق" نووسیویەتی: "... هەروەکوو لە پێشەکیدا گوتمان لە دەرەوەی ئێران لەبارەی ڕووداوی میکۆنووسەوە بەرهەمی زۆر نووسراوە، بەڵام کتێبی "نقاشی قهوەخانە" یەکەمین بەرهەمە ئێرانییەکەیەتی ..." ناڕاست: هەر بۆخۆم پێنج بەرگ کتێبم لەسەر تێرۆریزمی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی و تێرۆری "میکۆنووس" بە زمانی فارسی (بەرهەمی ئێرانی) بڵاو کردۆتەوە، کە دوایینەکەیان ناوی "تێرۆر بەناوی خودا"یە. شەش بەرگ "بەڵگە"ش لەبارەی تێرۆری بێرلینەوە بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن منەوە لە "کومیتەی ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکانی تاراوگەنشین" بەرهەم هاتووە و بڵاو کراوەتەوە. بێجگە لە من ئێرانیی تریش هەر لەم بابەتەوە کتێبیان نووسیوە. ٢- "مشرق" هێناویەتی: "... بیرەوەرییەکانی تۆمەتباری دادگا بڵاو بۆوە ..." ناڕاست: دارابی (بگێڕەوەی کتێبەکە) تۆمەتبار نییە، تاوانبارە. لەبەر ئەوەی تاوانی وی سەلمێندرا و لە دادگا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەرچووە. ٣- "مشرق" نووسیویەتی: "... لە ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینیدا، سێ کەسی تیمێکی تێرۆریستی دێنە نێو مەیدانی پاکەوە ... لەوێ ٩ کەس کە زۆرینەیان ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، لەدەوری مێزێک کۆ ببوونەوە و دانووستنێکیان پێک هێنابوو. کەسێکی چەکدار کە نیوەی دەموچاوی خۆی داپێچابوو، وەبەر دەستڕێژیان دەدا و کەسێکی دیکەش کە دەمانچەی پێ دەبێ، فیشەکی کۆتایی لە دوو دانە لە بریندارەکان دەدا. لە ئاکامی ئەم کردەوە تێرۆریستییەدا چوار کەس دەکوژرێن کە یەکیان ڕێبەری حیزب بوو و خاوەن ڕێستوورانەکەش بەتوندی بریندار دەبێ ..." ناڕاست: یەک، ناوی شەقامەکە "پڕاگ(Prager Str.) "ـە و نەوەک پاک. دوو، بەپێچەوانە، زۆرینەی ئەو کەسانەی لەوێ بوون ئەندامی حیزبی دێموکرات نەبوون. لەو هەشت کەسەی کە لە دەوری مێزەکە دانیشتبوون تەنیا سێ کەسیان ئەندامی حیزبی دێموکرات بوون. سێ، ئەو سێ کەسەی کە بە مەبەستی تێرۆر هاتنە نێو ڕێستوورانەکەوە، بریتین لە: "عبدالرحمان بنی هاشمی (ابو شریف)" کادری تێرۆریستیی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، "عباس رایل" و "یوسف امین" کە هەر دووکیان خەڵکی لوبنانن و ماوەی شەش مانگ لە ساڵەکانی ١٩٨٥/٨٦ لە کەمپی سپای پاسداران لە نیزیک شاری ڕەشت، دەورەی فێرگەیان دیوە. "بنی‌هاشمی (دەسڕێژکەر)" هەڵاتەوە بۆ ئێران و لەوێ خەڵاتیان کرد، "رایل (ئەوەی وا فیشەکی کۆتایی لێدان)"، بڕیاری زیندانی تاهەتایی بۆ دەرکرا و "امین (کێشکی بەر درگا)" یازدە ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. لەدوای بەربوونیان، هەر دووکیان کار بۆ حیزبوڵڵای لوبنان دەکەن و هەروەها هاتوچوویان لەگەڵ ئێران هەیە. ٤- لە ڕاپۆرتەکەی "مشرق"دا هاتووە: "... ئەم ڕووداوە بوو بە یەکێک لە پڕکێشەترین پەروەندەکانی مێژووی دادوەریی وڵاتی ئاڵمان، کە لەوێدا کازم دارابی، خوێندکار و بازرگانی دانیشتووی ئاڵمان لە تۆمەتبارانی سەرەکیی ئەم پەروەندەیە بژار دەکرێ. ڕەوتی توێژینەوەی دادستێنیی سەرەکیی ئەیالەتی بێرلین، شێوەی لێکۆڵینەوە، لایەنگریی شایەدیی شایەدەکان، هەل ڕەخساندنی ئۆپۆزیسیۆن، گوشاری چاپەمەنی و بیروڕای گشتیی وڵاتی ئاڵمان و ... بوونە هۆی ئەوەی دادگای میکۆنووس لەدوای سێ ساڵ و نیو لێکۆڵینەوە (٢٨ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣- ١٠ی ئاوریلی ١٩٩٧) بڕیار لە دژی دارابی و دەوڵەتی ئێران دەر بکا. ئێران هەرگیز ڕۆڵی دەست تێدابوونی خۆی لەو ڕووداوە وەئەستۆ نەگرت؛ بەڵام ئەم کێشەیە بووە هۆی خوڵقانی قەیرانێک لەنێوان ئێران و وڵاتە ئورووپاییەکان، هەتا بەو ڕادەی کە باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران کشاندەوە. کازم دارابی لە کۆتاییدا پاش ١٥ ساڵ لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ٨٦ی هەتاویدا، بێتاوان ناسرا و لەدوای بەربوونی لە زیندان لە ئاڵمان وەدەر نرا. دارابی هەر لەگەڵ هاتنەوەی بۆ ئێران ڕایگەیاند لە زووترین کاتدا بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە. نیزیک بە یەک ساڵ لەو ڕۆژە تێدەپەڕێ و، ئێستا کتێبی بیرەوەرییەکانی کازم دارابی بە ناوی " نقاشی قهوەخانە" لە نووسینی "محسن کاظمی" لە لایەن چاپەمەنیی "سورە مهر" ڕەوانەی بازاڕ کراوە ..." ناڕاست: دارابی بە تەنیا خوێندکار و "بازرگان" نەبوو. خوێندکار بوو، بەڵام بەبۆنەی دەرس نەخوێندنەوە لە "مدرسەی عالی فنی" دەر کرا، شکاتی کرد و قازی بڕیاری لەسەر گەڕاندنەوەی بۆ زانکۆ دا. بەڵام هیچ کات نەیتوانی خوێندنەکەی تەواو بکا. دارابی بڕوانامەی دیپڵۆمی لە "هنرستان فنی"ی دوکتور شەریعەتیی شاری کازروون بە نمرەی ٨١/١٠ وەرگرت. لە شاری بێرلین دووکانی "سەوزی فرۆشی" هەبوو و، بڕیاردراوان "رایل" و "امین" لەو دووکانە کاریان دەکرد. دارابی سیخوڕیی بۆ باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بێرلین دەکرد، ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعات بوو و هەروەها ڕێکخەری تێرۆری بێرلین، بەڵام بۆخۆی لە شەوی تێرۆرەکەدا تێدا نەبوو. بڕیاری دادگای میکۆنووس هەر بەتەنیا دارابی و دەوڵەتی ئێرانی نەدەگرتەوە. ئەو پێنج تاوانبارەی لە دادگا بوون وەک بکەر و، "علی خامنەای"، "علی اکبر هاشمی رفسنجانی"، "علی اکبر ولایتی" و "علی فلاحیان"یش وەک بڕیاردەری تێرۆرەکە ناسران و بڕیاریان لەسەر دەرچوو. پەروەندەی قەتڵ لە وڵاتی ئاڵمان پێوەندی بە تێپەڕینی کاتەوە نییە، واتە هەتا بەدواداچوونی کۆتایی پەروەندەکە بە ئاوەڵایی دەمێنێتەوە. بۆ ئەو کەسانەی هەڵاتوون، وەک "عبدالرحمان بنی ‌هاشمی" پەروەندەی ئاوەڵا و بۆ "علی فلاحیان"یش بڕیاری قۆڵبەست کردن دەرچووە. دادگا ٢٤٦ ڕۆژ کۆبوونەوەی پێک هێنا، هەموو شتێک بە سێ زمانی ئاڵمانی و فارسی و عەڕەبی وەردەگێڕدراوە، نیزیکەی ١٧٠ شایەد بانگ کرانە دادگا، کە نیوەیان بە قازانجی تۆمەتبارەکان قسەیان دەکرد، تۆمەتبارەکان لەسەریەک ١١ پارێزەریان هەبوو، دارابی سێ پارێزەری هەبوو، سەرەتا پارێزەرەکان هەڵبژێردراوی خۆی بوون و دواتریش پارێزەریان بۆ دانا، دابین کردنی تێچووی پارێزەرە دانراوەکانیش لە ئەستۆی دەوڵەتی ئاڵمان بوو. واتە ئەو بڕیارانەی کە لە لایەن دادگاوە دەرچوون هەموو لەسەر بنەمای سەلماندنی تاوان بووە و، نەوەک دەستێوەردانی لایەنێکی تایبەت. دارابی و تۆمەتبارەکانی دیکەش هەتا کۆتایی دادگا مافی ئەوەیان هەبوو کە ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر هەر چەشنە بڕیار یاخود بابەتێکی "ناڕاست" بە مەبەستی پێداچوونەوە، دەرببڕن. بەپێچەوانەی ئیدیعای سایتی "مشرق"، دارابی لەدوای پازدە ساڵ زیندان، بە "بێتاوان" نەناسرا، ئەویان پاش تێپەڕکردنی دوو لە سێیی ماوەی زیندانەکەی ئازاد کرد، چونکوو دەوڵەتی ئێران گوشاری دەهێنا. لە ئاڵمان ماوەی بڕیاری "تاهەتایی" پازدە ساڵە و، پاش ئەوە دیسانەوە پێداچوونەوە دەکرێ بەسەر دۆخی مەحکوومدا. پارێزەرەکانی دارابی ئەم هەلە یاساییەیان قۆستەوە و پێش لە کاتی دیاریکراو هێنایانە دەرێ. ئازادبوونی دارابی، پوانێک بوو کە دەسەڵاتدارانی ئاڵمانی بە کۆماری ئیسلامییان دا. دارابی لەدوای بەربوونی چوو بۆ ئێران و لەلایەن کاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوە پێشوازیی لێ کرا؛ پێشوازی لە کەسێک کە کاری ڕێکخستنی بۆ کوشتنی چوار کەس کردبوو و لە هەمان کاتدا تاوانبار بوونیشی سەلمێندرابوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دارابی یازدە ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، واتە لە ساڵی ١٣٨٦دا و ئێمە ئێستا لە ساڵی ٩٧داین، واتە کتێبی گێڕانەوەی دارابی یازدە ساڵ پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بڵاو دەبێتەوە نەک یەک ساڵ دوای هاتنەوەی. نووسەر و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەکەشی لە هاوکارانی ئەو دامەزراوانەن کە پێوەندی و هاریکارییان لەگەڵ ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان بنێشتە خۆشەی سەر زمانە. ٥- "مشرق" دەڵێ: "... پەرویز دەستماڵچی، ئەو کەسەی لە ڕووداوەکەدا بوو و گیانی ڕزگار بوو، لە کتێبە ٥٠٨ لاپەڕەییەکەی "تێرۆر بەناوی خودا"دا ویستوویەتی ئێران وەک تاوانبار نیشان بدا. دەستماڵچی لەم کتێبەدا بەشێک لە بەڵگەنامەکانی میکۆنووس و هەروەتر ڕاگەیەندراو و ڕۆژنامەی فارسیی ئۆپۆزیسیۆنی لەپاڵ یەک خستووە ..." "ناڕاست": ١- ئەو کتێبە ٥٠٨ لاپەڕە نییە و، ٥٧٠ لاپەڕەیە. ٢- ئەو کتێبە تەنیا پێوەندیی بە تێرۆری میکۆنووسەوە نییە، بەڵکوو ١٠ تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دەخاتە بەر باس و توێژینەوە، لە تێرۆری "شهریار شفیق (١٩٧٩، پاریس)" هەتا تێرۆری "میکۆنووس (١٩٩٢، بێرلین)". ٣- لەم کتێبەدا بێجگە لە یەک لاپەڕە لە "کیهان"ی چاپی لەندەن، لە هیچ چاپەمەنییەکی فارسی و ئۆپۆزیسیۆن کەلک وەر نەگیراوە  کە لە لای یەک داندرابێتن. ٤- ئەم کتێبە بەڵگەنامەی زۆری لەمەڕ تێرۆری بێرلینەوە تێدایە، کە هەموو تێکڕا دەست تێدا هەبوونی کەسان و ناوەندەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری بێرلیندا و هەندێک تێرۆری دەرەکیی دیکە نیشان دەدا. من حەولم نەداوە کۆماری ئیسلامی "تاوانبار" نیشان بدەم، بەڵگەکان سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. نووسەری گێڕانەوەی دارابی، "محسن کاظمی" دەڵێ: " لە سەرەتا هەتا کۆتایی ئەم توێژینەوەیە حەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی وتووێژە لەگەڵ کازم دارابی و توێژینەوەکە لەسەر ڕووداوی مێکۆنووس لە بێدەنگیدا بمێنێتەوە ... بەو مەبەستەی کە ... لە چوونە لای ڕێکخراو و ناوەندە پێوەندیدارەکان (بۆ وەرگرتنی بەڵگە و نووسراوەکان) خۆمان بواردووە ...بێجگە لە خانمی "اونیا (ڕاهێنەری کچەکەی دارابی)" و ئاغای "کولوگە (پارێزەری دارابی)"، هیچ نامەناردن و پرس و جۆیەک لەگەڵ هیچ کەسێکی "حقیقی و حقوقی" نەکراوە. هەر بۆیەش حەول دراوە لەم توێژینەوەیەدا هەر پشت بە قسەکانی دارابی خۆی ببەسترێ ..." بە واتایەکی سادەتر: واتە دە ساڵی ڕەبەق، دارابی گوتوویەتی و ئەمیش بۆی نووسیوە؛ هەر ئەوەندە. بەمە دەڵێن "توێژینەوە" بە شێوازی توێژەر و تێرۆریستەکانی حکوومەتێکی ئایینیی بناژۆخواز.   * پەرویز دەستمالچی هەردی سەلیمی کردوویەتی بە کوردی