کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی لەشفرۆشی لە ئێران، یەکێکی دیکە لە دیاردەکانی کۆماری ئیسلامی

20:20 - 16 بانەمەڕ 2719

دیاردەی لەشفرۆشی دەمێکە لە ئێران بۆتە بابەتی میدیا و لایەنە پێوەندیدارەکان و لەوبارەوە ڕاپۆرتی جۆراوجۆر ئامادەکراوە و بەدواداچوونی زۆری بۆکراوە. لە ئێراندا دیاردەی لەشفرۆشی گەیشتۆتە جێگایەک کە کاربەدەستانی پلەبەرزی ڕێژیم دانی پێدادەنێن و حاشای لێناکەن. لەمڕۆژانەدا، محەممەد جەوادی ئازەری، وەزیری پێوەندییەکان، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاگادارییەک لە سەر سیغەی یەک کاتژمێری، ناڕەزایەتی خۆی لەوبارەوە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ڕۆژانە لە هەزاران سیم کارتی تایبەت بە بانگەشەی لەشفرۆشی، ئەو جۆرە سیمکارتە تەلەفۆنیەمان گەیاندۆتە ٤٠٠ سیم کارت لە ڕۆژدا، کە بانگەشە بۆ لەشفرۆشی دەکەن. ماوەیەک لەمەوپێش ڕۆژنامەی "شەرق" لە زمان محەممەد قانعی، سەرۆکی یەکیەتیی هۆتێلدارانی مەشهەد نووسی: لە شاری مەشهەد ٦ هەزار شوێنی مانەوەی گەشتیاری هەیە کە کاری لەشفرۆشی تێدا ئەنجام دەدرێ و گەشتیارەکانیش بێگانە و زۆربەیان خەڵکی عێراقن . ناوبراو دەڵێ: مەشهەد و قوم دوو شاری ئێرانن کە گەشتیارێکی زۆر ڕوویان تێدەکەن و زۆربەی گەشتیارەکانیش بە مەبەستی تایبەت ڕوو لەو دوو شارە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی "تەسنیم" کە سەر بە بناژۆخوازەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، باسی لە ڕاپۆرتێکی کۆنسۆلگەری بەسرە لە عێراق کردووە کە ڕۆژانە لە شاری بەسرە ٦ هەزار کەس داوای ویزا بۆ ئێران دەکەن و ئەم ژمارەیەش ڕووی لە زیاد بوونە. لە لایەکی دیکەوە ڕاپۆرتەکانی سەر بە حکوومەت ڕایانگەیاند کە پێشتر لەشفرۆشی لە تەمەنی ٣٠ ساڵ بۆ سەرێ بووە، بەڵام ئێستا گەیشتۆتە تەمەنی پازدە ساڵی. هەر لەو ڕاپۆرتانەدا باس لەوە دەکرێ کە لە سەتا پازدەی ژنانی لەشفرۆش بە ئاگاداری هاوسەرەکانیان ڕوویان لەو کارە کردووە. دیاردەی لەشفرۆشی لە ئێران لەگەڵ ئەوەی کە لە لایەک ڕێگەیەکی شەرعی بۆ دۆزراوەتەوە و حکوومەت ڕێگەی پێداوە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا لە ئێران دەیبینین بەو ڕیژە زۆرە و هاتنە خواری تەمەنی لەشفرۆشی بۆ پازدە ساڵ، نیشانەی بێکاری، نەبوونی و بێ بەرنامەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە خەڵکی تووشی نەهامەتی کردووە و ناچارن بۆ وەدەستهێنانی بژیوی ژیان پەنا بۆ لەشفرۆشی بەرن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکەوە وڵاتی تووشی داڕمان کردووە و ڕۆژبەڕۆژ شیرازەی بنەماڵەکان لێک هەڵدەوەشێ و کۆمەڵگە بەرەو وێرانی و سەرلێشێوان دەبا.