کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆرێک لە فینلاند بۆ بەرێز دوکتور ئیسماعیل بێشکچی

05:28 - 17 بانەمەڕ 2719

رۆژی یەکشەممە ٥.٥.۲٠۱۹ی زایینی لە شاری هێلسینکی پێتەختی وڵاتی فینلاند سمینارێک لە ژێر ناوی کلیلی چارەسەری پرسی کورد، بۆ بەرێز دوکتۆر ئیسماعیل بێشکچی نووسەرو سیاسەتوانی تورک و دۆستی دێرینی کورد، بەرێوە چوو. لەم کۆرەدا کە بەشێکی بەرچاو لە کوردستانییانی نیشتەجێی لە وڵاتی فینلاندو لە نێویاندا هەیئەتێکی کومیتەی حیزبی دێمۆکرات و زۆرێک لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان تێیدا بەشداربوون. کاتژمێر ١٣ تا ١٤:٣٠ دەستی پێکرد. دوکتور ئیسماعیل بێشکچی نووسەرو سیاسەتوانی تورک، کۆرەکەی لە سەر چەند تەوەرێکی پێوەندیدار بە مەسەلەی کوردو دەرفەت و قەیرانەکانی بەردەم دۆزی کورد وەک نەتەوەێکی بێ دەوڵەتی چەند میلیۆنی پێک‌هاتبوو. بەرێزیان باسێکی مێژوویی تێروتەسەلی لەسەر دۆزی کورد هەر قۆناغە جیا جیاکانی مێژووی خەباتی چەندین ساڵەی کورد، تاکوو ئیمرۆ هێنایە بەرباس. بێشکچی لە ناوەرۆکی باسەکانیدا زیاتر هەڵسەنگاندنی کرد بۆ ئەو لایەنە هەستیارانەی کە راستەوخۆ کوردستان وەک نیشتمانێک و کورد وەک نەتەوەێک لەگەڵی بەرەڕروویە، وەک نەگەیشتنی کورد بەمافەکانی سەرەرای ئەو خەباتە دوورو درێژەی لە پێناو دەستخستنی مافەکانی کردویەتی، پاشان باسی لەو ستەم و چەوسانەوانەوە کرد کە بە شێوەی سیستماتیک و رێکخراو ئامانجدار لە لایەن زلهێزەکانەوە لێی کراوە. لە بەشێکی دیکەی باسەکانیدا بێشکچی بەڕوونی باسی بەرژەوەندی دەوڵەتە باڵادەستەکانی کرد لەکایەی نێودەولەتیدا زلهێزەکان چون کورد و کوردستانیان وەک ئامرازی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە کارهێناوە و گووتی لەدوای شەری یەکەمی جیهانی ودابەش کردنی کوردستان کورد ساتوسەودای پێوەکراوە، لە سەرەتادا بریتانیا و پاشان فەڕانسە، بەرێزیان ئاماژەیان بەوەشدا کە لە رابردوودا، ئەمریکا وسۆڤیەتی پێشوو نەخش و دەوری خراپیان گێرا لە سەر چارەسەری پرسی کورد. پاشان بێشکچی لە درێژەی قسەکانیدا هاتە سەرکێشەی کوردەکان و ئەو نارێکەی کە دەنێو ماڵی کورد وەک میللەت یا بزووتنەوە سیاسیەکەیدا هەیە، بە تایبەتی باسی نەبوونی یەکریزی و تەبایی و دژایەتی و چەند بەرەکی ناوماڵی کوردی کرد کە ئەمە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەیارەکانیان بە ساکاری پیلانەکانیان بەسەر کورد داجێبەجێ بکەن. دوکتور بێشکچی لەسەر ئەو بڕوایە بوو لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناویندا کورد پێگەیەکی تایبەتی هەیە ئەگەر خۆیان رێک بخەن و دەگەڵ ڕەوتی رووداوەکان خۆیان بگونجێنن. بەرێزیان پێیان وابوو کورد دەتوانێ لە دەرفەتەکان لە قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێ بەتایبەت گەر بتوانن نێوماڵی خۆیان رێک بخەون و هاوکارو هاوئاهەنگ پێکەوە بەرەو پێشهات و رووداوەکان بچن. شایانی باسە کە لەپەراوێزی ئەو کۆرەدا کومیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە دیدارێکی تایبەتدا چاویان بە بەرێز ئیسماعیل بێشکچی کەوت، کومیتەی حیزبی دێمۆکرات وێرای بەرز نرخاندنی خەبات و زەحمەت و ماندووبوونەکانی بەرێزیان، سپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێگەیاند لەبەرانبەر ئەو هەمو خزمەتانەی کە بە دۆزی کورد کردوە و ئێستاش هەروا داکۆکارێکی خەمخۆری مافەکانی کوردە. بێشکچی خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی ئەو دیدارە دۆستانەیەدا دەربری و گوتی تاکوو توانام مابێ لە پشتیوانی کردنی و پێداگری لە مافە ڕەواکانتان دریغی ناکەم.