کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی خەڵک لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکاندا

05:46 - 17 بانەمەڕ 2719

کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی بێ دەرەتانیدا بەرامبەر فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا، هەر ڕۆژەی بە هەڵوێستێکی سەیر و سەمەرە و دژ بە یەک و هەر جارەی بە هۆی یەکێکەوە سەر لە مەیدانی کێبەرکێی سیاسییەکانیدا دەردێنێ. ئەگەر ڕووحانی دەڵێ  ئەمریکا ناتوانی پێش بە ناردنە دەرەوەی نەوتی ئێران بگرێ و گۆیا شەش ڕێگەی دیکەیان لە بەر دەستە و وا دیارە بابەتەکەش نهێنییە، فەرماندە نیزامییەکان کە باوەڕ بەو قسەی سەرۆککۆمارەکەیان ناکەن هەڕەشەی بەستنی گەرووی هۆرموز دەکەن و ڕادەگەیەنن کە ئەگەر نەوتی ئێران نەڕوا نەوتی هیچ شوێنێکی دیکەش لەوێوە ناڕوا! لە لایەکی دیکەشەوە لە پڕ جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە سەر لە نیۆیۆرک دەردێنێ و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە باس لە ئامادەیی ئێران بۆ وتووێژ لە گەڵ ئەمریکا دەکا و دەشڵێ کە دەسەڵاتی تەواوی بۆ ئەو بابەتەش پێدراوە، ئیدیعایەک کە کەم کەس لە دنیادا باوەڕی پێکرد و گرینگیی پێدا. ئەمەش بابەتێک بوو کە هەم ئەمریکاییەکان ڕەدیان کردەوە و هەم دەمڕاستەکانی ئوسوولگەراکان و فەرماندە باڵادەستەکانی سپای پاسدارانیشی هێنایە سەر خەت و ئەوجار ئەوان لە جیاتی خامنەیی هاتنە دەنگ کە لەو هەلومەرجەدا وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا مانای تەسلیم بوونی هەیە و ئەوانیش ئامادە نین کە تەسلیم بن. ئەوەی جیا لەو گاڵتە بەخۆکردنە و لەو قسە و باسانەی لە ڕاگەیەنەکاندا بڵاوی دەکەنەوە و ئێستاش لەو پەڕی دەستەوەستانیدا لە مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ماوەتەوە ئەگەر تەسلیم بوونیش بێ هەوڵدانە بۆ دیتنەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. ڕێژیمێک کە بەهۆی سیاسەتی دەستدرێژیکەرانە و پەرەپێدانی تێرۆریزم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و هەڵایسانی شەڕی تایفی و مەزهەبی لە وڵاتانی ئیسلامیدا بە مەبەستی لاوازکردنی دەسەڵاتی یاسایی ئەو وڵاتانە و بەهێزکردنی لایەنەکانی دەستپەروەردەی خۆی، ئێرانی تووشی کۆمەڵە قەیرانێک کردوە کە هیچ وڵاتێک تەنانەت وڵاتە هەژار و دواکەوتووەکانیش بە خۆیانەوە نەدیوە، کەوتووەتە ... بەر قورسترین سزا ئابوورییەکانی ئەم سەردەمە و بەرەو داڕمان و نابووتیی یەکجاری دەڕوا. کار گەیوەتە جێیەک کە تەنانەت وڵاتێکی بچووکی دراوسێی وەک بەحرەینیش لە سەر هەڕەشەی داخستنی ڕێڕەوی ئاوی هورموز لێی وەدەنگ دێ، بۆیە دەبێ چ ڕێگەیەکی دیکەی جگە لە تەسلیم و سەرشۆڕکردن لە بەر دەمدا مابێ. هەرچەند نە لە ئیستادا هیچ زەمینەیەکی لەبار بۆ وتووێژ لە نێوان ئەمریکا و ڕێژیمدا دەبیندرێ و نە لە داهاتوویەکی نیزیکیشدا ئەمریکا فشارەکانی بۆ خوڵقاندنی ئیمکانی وتووێژ کەم دەکاتەوە. ئەگەر چاو لە ستراتێژیی سیاسیی دەوڵەتی ئیستای ئەمریکا و ستافی کاریی دۆناڵد تڕامپ لە کۆشکی سپی بکەین بە ئاشکرا دیارە کە جیاوازیی نێوان داواکاری ئەمریکا بۆ گۆڕێنی ڕەفتاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕابردوو یەکجار زۆرە و ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا و بە جۆرێک هێندێک لە وڵاتانی ئورووپاییش بۆ گۆڕانکارییەکان لە ڕەفتار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە کێشەی مافی مرۆڤدا بەرزتر بووەتەوە. ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە پێشتر وەک دەسکەوتێکی گرینگ لە جیهاندا باسی لێ دەکرا و کۆماری ئیسلامی هەوڵی دەدا کە وڵاتانی ئورووپایی بە بەڵێنی بێ بنەما لەسەر درێژەدانی قبووڵی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ خۆی و لە بەرامبەر ئەمریکادا بهێڵێتەوە، ئیستا بە زەقکردنەوەی مەسەلەی تێرۆریزم و بە تایبەت کە ڕێکخراوی بەرپرسی هەموو کارە تێرۆریستییەکان (سپای پاسداران) لە لایەن ئەمریکاوە کەوتە لیستی ڕەشی سازمانە تێرۆریستییەکان، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەم هەڵوێستانەی ئەمریکاوە. جیا لەوەی مەسەلەی گرینگی کۆنتڕۆڵی مووشەکە دوورمەوداکانی ڕێژیم کە بە تایبەت هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ئیسڕائیل و پاراستنی هێمنایەتی ناوچەی کەنداو وازهێنان لە هەڕەشە و سازکردنی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەو ناوچەدا و باس لە کێشەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و گەلێک بابەتی دیکە کە لە لیستی داخوازییەکانی ئەمریکادان ڕێگەی سەختی سازانی نێوان ئەو دوو لایەنەی دژوارتر کردووە و بێگومان دەبێتە هۆی زیاترکردنی فشارەکان. لە وەزعێکی وەهادا داخۆ جگە لە چاوەڕوانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی ڕەفتاری ڕێژیم ڕێگەیەکی دیکە نییە؟ گومان لەوەدا نەماوە کە درێژەی تەحریمەکانی ئەمریکا و بەرەبەرە قورستر کردنی باری تەحریمەکان بە پلانی یەک لە دوای یەک، بارگرانییەکی وەهای لە سەر ڕێژیم دروست کردوە کە کەسیان حاشا لە ئاسەوارە زیانبارەکانی بۆ سەر ڕێژیمەکەیان ناکەن. ئەم وەزعە پێشتر کاریگەریی خۆی لە سەر ژیانی خەڵک بە گشتی داناوە و بە هۆی کەمبوونی کەلوپەل و گرانبوونی نرخەکان و بێکاری و کەم دەرامەتی، ڕۆژ بە ڕۆژ ژیانی خەڵک بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار بردوە. ئیستا ئیتر هیچ چاوەڕوانییەکی هیوابەخش نییە بۆ چارەسەری ئەو هەمووە کێشە کەڵەکەبووە لە نێوخۆی وڵات کە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی تێکڕای خەڵکی ئێرانەوە هەیە. هەر بۆیە ڕەنگە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ئەم کێبەرکێیە تەنیا نێوخۆی وڵات و بەهۆی ئەو خەڵکەوە بێ کە لەو فەزا ئەمنییەتە قورسەدا بە هەموو شێوەیەک ناڕەزایەتیی خۆیان لە مانەوەی ڕێژیم دەردەبڕن. خەڵکی ئێران زیاتر لە یەک سەدەیە بە پێی کولتووری خەباتکارانەی خۆیان ڕێگەی خەباتی سەر شەقام و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی داخوازەکانیان بە شێوەی ئاشکرا تەجروبە کردوە. ئەزموونێک کە چ لە ئێران و چ لە زۆر وڵاتی دیکەش وڵامی داوەتەوە. شێوە خەباتێک کە هەر ئیستا لە وێنزۆئیلای دۆست و هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر سیستمێکی دیکتاتۆری هاوشێوەیان بەڵام بە ڕواڵەت چەپگەرا، دیکتاتۆر بەرەو بە چۆکداهێنان دەبا. ئیستا و لەو هەلومورجەدا کە فشارە دەرەکییەکان تەنگیان بە سەرکردەکانی ڕێژیم هەڵچنیوە، کاتی ئەوەیە کە خوازیارانی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێراندا بە بەرنامە و پلانی گونجاو بۆ وەڕێخستنی خەباتێکی گشتگیر و بە پشتیوانی و یارمەتیدانی دامەزراوە و ڕێکخراوە سێنفی و مەدەنییەکان ڕێخۆشکەر بن بۆ وەڕێخستنی خەباتێکی جەماوەری بە مەبەستی بەهێزکردنی فشاری نێوخۆیی و یەکلاکردنەوەی چارەنووسی دەسەڵاتێک کە جگە لە زۆڵم و بێدادی هیچی بۆ خەڵک نەکردوە. ئەمە دەتوانێ ڕێگەیەک بێ بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنێک دەسەڵاتداری دیکتاتۆری و گەیشتن بە ئازادی.