کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سبەی ساڵێک بەسەر هاتنەدەری ئەمریکا لە بەرجام تێدەپەڕێ

16:16 - 17 بانەمەڕ 2719

سبەی ساڵێک بەسەر هاتنەدەری یەک لایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام تێدەپەڕێ. لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی باراک ئۆبامادا بۆ پێشگرتن لە دەست وێڕاگەیشتنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەکی ناوکی، ڕێککەوتنێک لە نیوان وڵاتانی زلهێزی دنیا لە گەڵ ئێران ئەنجامدرا. لەو ڕێککەوتنەدا هەموو ڕێگاکانی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بەکارهێنانی چەکی ناوکی لە ئێران بەستران و کۆمەڵێک شەرت و مەرج بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کران و لە بەرابەردا هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران سووک کران و بەشێک لە کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان کار و چالاکی خۆیان لە ئێران دەستپێکردەوە. دوای ئەو ڕێککەوتنە کۆماری ئیسلامی بە پارەیەکی زۆرەوە دەستی ئاواڵە بوو بۆ ئەوەی پەرە بە چەکوچۆڵی سەربازیی بدا و دواتر چەند مووشەکێکی بالستیکی تاقیکردەوە کە لەگەڵ ڕوحی ڕێککەوتنەکەی بەرجام ناتەبا بوون. بە پارەی نەوت و داهاتی ئێران گرووپ و میلیشیای لە وڵاتانی دەوروبەر پێکهێنا و کارە تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی رۆژبەڕۆژ زیاتر و بەربڵاوتر کردەوە. دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، فەلەستین، عێراق، یەمەن و سووریە و پشتیوانی لە گرووپە توندئاژۆکان وایکرد کە چەند جار لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەمریکا و ئورووپاییەکان هۆشداری پێبدرێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی بێ گوێدانە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بوو لەسەر کردەوە ئاژاوەگێڕیەکانی خۆی و ڕێزی لە ڕێککەوتن و پەیماننامەکان نەگرت. دوای هاتنە سەرکاری دۆناڵد تڕامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەڕەشەی هەڵوشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجامی کرد و سەرەنجام ساڵێک لەمەوبەر ئەمریکا یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە هاتەدەر و دەوری دووهەمی گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردەوە. لەگەڵ ئەوەی کە ئورووپاییەکان ڕازی نەبوون بە هەڵوشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە و تا ئێستاش هەر لەوێدا ماونەوە، بەڵام ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە هەموو ئەو کۆمپانیا و بانکانە سزا دەدا کە ئاڵووێری بازرگانی و بانکی لەگەڵ ئێران دەکەن. لەگەڵ ئەوەی کە ئورووپاییەکان قەولیان بە ئێراندا کە ڕێکارێک بۆ کاری بانکی و بازرگانی ببیننەوە، بەڵام لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا دوای چەندین کۆبوونەوە تا ئێستا کێشەکە هەر بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و نەیانتوانیوە هیچ ڕێگایەک بۆ کاری بانکی و بازرگانی کۆمپانیا ئێرانی و ئورووپاییەکان ببیننەوە و کۆمپانیا ئورووپاییەکانیش ئامادە نین بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتێکی تێرۆریستی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بخەنە مەترسییەوە. لەگەڵ دەسپێکی دەوری دووهەمی گەمارۆکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر و توندتر دەبن. لە ماوەی دوو مانگدا دوو بڕیاری زۆر گرینگ لە کۆشکی سپی دەرچوون، یەکیان بە تێرۆریست ناسینی سپای پاسدارنی سەر بە کۆماری ئیسلامی و دووهەم تازە نەکردنەوەی مۆڵەت بۆ ئەو هەشت وڵاتەی کە ڕێگەیان پێدرابوو بۆ ماوەی شەش مانگ نەوتی ئێران بکڕن. ئەو دوو بڕیارە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی گەورەی نێوخۆیی و دەرەکی ڕووبەڕوو کردۆتەوە و تووشی دووڕیانێکی مەترسیداری کردووە. هەر لەم ڕۆژانەد کۆشکی سپی بڕیاری توندتر کردنی گەمارۆکانی بۆ سەر ناوەندی وزەی ناوکی ئێران پەسەند کرد. دوای ئەوەی کە سپای پاسداران خرایە لیستی تێرۆرەوە و نەوتی ئێران ڕاگیرا، کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمزی کرد کە لەگەڵ دژکردەوەی توندی ئەمریکا ڕووبەڕوو بۆوە و دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا پاپۆرێکی گەورەی بە ٩٠ فڕۆکەی شەڕکەر و تۆپخانەوە ڕەوانەی کەنداو کرد. هێندێک لە کاربەدەستانی ئێرانی هەڕەشەی دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەنەوە کە بێگومان لەو حاڵەتەدا ئەوەش دژکردەوەی دەوڵەتان بەدوای خۆیدا دێنێ و کۆماری ئیسلامی بەرەو قەیرانێکی دیکە دەبا. لە لایەک دیکەش بڕیارە سبەی چوارشەممە ١٨ی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی دوناڵد تڕامپ بەسێکی دیکە لە گەمارۆوە نوێیەکان بۆ سەر ئێران ڕابگەیەنێ. ئەو ڕێژیمە بە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی خۆی هەر ڕۆژە تووشی داوێک و شەڕێک دەبێ کە بەداخەوە بەشی زۆری ئەو نەهامەتیانە تا ئێستا هەر بەرۆکی خەڵکی هەژار و بێتاوانی ئێرانی گرتۆتەوە.