کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ١٠ کۆڵبەری کورد لە نیوەی سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا

22:12 - 17 بانەمەڕ 2719

هێشتا یەک مانگ و نیو لە ساڵی نوێ تێ‌نەپەڕیوە کە تا ئێستا لانیکەم ٢٤ کؤڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی سیاسەت و هەڵاواردنە نەرێنیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە زۆربەیان بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و چەندکەسێک بەهۆی سەرما و بەربوونەوە لە بەرزاییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ١٠ کەس لەم قوربانیانە لە ماوەی نیوەی یەکەمی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لە ناوچەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی.
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە ١٤ی بانەمەڕ دەستەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی شاری نەوسوود لە کەمینی هێزەکانی سپای پاسداران کەوتن و لە ئاکامدا بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپا،  کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سادق عەزیزی" گیانی لە دەستدا و،  برای ناوبراویش  بە سەختی بریندار بوو.
هەروەها لە شاری سەڵماس تاقمێکی دیکە لە کۆڵبەران لە ناوچەی "شناتاڵ" کەوتنە بەر تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و "ڕزگین موحەممەدی" بریندار بوو.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی بانەمەڕ دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "فەرزاد نووری" و "بورهان توربی" خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕ لە شاری ورمێ بەهۆی بەربونەوە و خنکان لە چۆمی "جێرمی" گیانیان لەدەستدا و،  تەرمیان لە گوندی بەردەسۆران کێشرایە دەرەوە. لە ناوچەی سەردەشت ڕۆژی دووشەممە تاقمێک لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی سەردەشت لە کەمین کەوتن و لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپادا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "تاهیر دارەنگ " خەڵکی سەردەشت کوژرا .
جێگای ئاماژەیە "حامد ئەسڵان"و " کامران ڕەحیمی" خەڵکی بانە و "حەیات مووسازادە" و "عەباس قادرزادە" خەڵکی سەقز ، چوار کۆڵبەری کوژراوی دیکەن کە لە سەرەتای مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا کوژراون.
شایانی باسە کە کوشتن و برینداربوونی ٢٤ کۆڵبەری کورد لە سەرەتای ئەمساڵدا لە درێژەی کوژران و برینداربوونی ٢٤٢ کۆڵبەری دیکە لە ساڵی ڕابردوو دایە،  کە زۆربەیان بەهۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لەدەستداوە و،  هەندێکیان بەهۆی سەرما و بەربوونەوە لە بەرزاییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە یان بە تەقینەوەی مین بریندار بوونە و لەو ئامارەدا ١٤٢کەس قوربانی و ١٦٢ کەس بریندار بوونە.