کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەفەری لەناکاوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق

15:32 - 18 بانەمەڕ 2719

دوای ئەوەی کە ئەمریکا سپای پاسدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی تێرۆرەوە و دواتر گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئێران خرایە بواری جێبەجیکردنەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرموزی کرد و بۆ خۆپاراستن و بەرپەرچدانەوەی هەر کردەوەیەکی سەربازیی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایی بەرەو کەنداوی فارس کەوتە ڕێ. دوای ئەوەی کە دەزگای زانیاریی ئەمریکا زانیاریان لەسەر خۆئامادەکردنی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە سووریە وعێراق دەسکەوت، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی، مایک پۆمپێئۆ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک‌وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبۆوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێوەندی دوو لایەن و مەترسی کردەی چەکداریی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کرا و کاربەدەستانی دەوڵەتی عێراق لەو پێوەندییەدا ئاگادار کرانەوە. دوای کۆتایی هاتنی سەردانە لەناکاوەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کاربەدەستانی عێراقی بەڵێنیان پێداوە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەپارێزن.