کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناو گۆڕینی فەرماندەرانی سەرەوەی سپای پاسداران بۆ کام مەرام

17:12 - 1 جۆزەردان 2719

ماوەیەکە بەهۆی لێدوانەکانی عەلی دایی یاریزانی پێشووی تیمی میللیی فوتباڵی ئێران و ڕاهێنەری پێشووی باشگای سایپا لەسەر کەسێک بە ناوی مستەفا مودەبێر کە بەڕێوەبەری ئەو یانە وەرزشییەیە؛ پەردە لەسەر بابەتێک هەڵدراوەتەوە و ئەو باسە لە نێو ڕاگەیاندنەکاندا گەرم بووە. مستەفا مودەبێر هەمان سەردار غەفوور دەرجزییە کە یەكێک لە تێرۆریستەکانی عەمەلیاتی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانییەتی. ئەوە مستەفا دەرجزی یان بە واتایەکی دی هەمان ئەمیر مەنسوور بوزرگیانە کە لە تێرۆری دوکتور قاسملوودا دەستی هەبووە و لە لایەن پۆلیس و دادگای وڵاتی ئوتریش لە شاری ڤیەن گیراوە و، ماوەیەک دەستبەسەر بووە و لە دواییدا بە سات و سەودای دەوڵەتی ئەوکاتی ئوتریش و ئێران بەرەو تاران ئیسکۆرت کراوە. بەڵام ئەوەی لە لێدوانی عەلی داییدا جێگای سەرنجە ئەو تێرۆریستە ئەمجاریش ناوی خۆی گۆڕیوە و ناوی مستەفا مودەبێری بۆ خۆی هەڵبژاردوە، لێدوانی عەلی دایی و ئاشکرابوونی ناوی ڕاستەقینەی مستەفا مودەبێر دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و بۆ جارێکی دیکە تیرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی هێناوە سەر تیتری ڕاگەیەنە گشتییەکانی جیهان و لە نێوخۆی ئێرانیش هاتەوە بەر باس و تەئکید لەوە کراوە، کە غەفوور دەرجزی لە دەرەوی ئێران لە ڕابردوودا ئەرکی ئەمنیەتیی! گەورەی بۆ کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بردوە و ئەوەش بە جۆرێک تەئیدکردنی قسەکانی عەلی دایی لەمەڕ کەسێتیی مستەفا مودەبێردا بوون، بەڵام بەوحاڵەش عەلی دایی کەوتە بە ڕەخنە و پەلاماری توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی و بەوە تۆمەتبار کرا کە ناوبراو زانیاریی هەستیاری ئەمنیەتیی درکاندوە و داواکار بوون کە دەزگای قەزایی ئێران لێپێچینەوە لە عەلی دایی بکا. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆ سەردارانی سپا لە ناوی ڕاستەقینەی خۆیان لە کاروباری ڕۆژانەیاندا کەلک وەرناگرن؟ ئەوان کە، خۆیان بە پاسداری ئینقلابی ئیسلامیی ئێران دەزانن چۆن پێچەوانەی قانوونەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی دەجووڵێنەوە و لەژێر پێی دەنێن لە حاڵیکدا سوورن لەسەر ئەوە کە گەلانی ئێران دەبێ ملکەچی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی بن؟ پێش ئەوە بچینە سەر وڵامی پرسیارەکە لە پێشدا وا باشە سەرنجێک بدەینە قانوونی ناوەندیی (ثبت احوال)ی ئێران کە هەموو لە دایک بوون، ناولێنان، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نێوان کچ و کوڕ، لێک جیابوونەوە و مردن لە داڵانی قانوونەکانی ئەو ناوەندەوە تێپەڕ دەبێ. بۆ هەموو ئەوانەی باسمان کردن کۆمەڵێک یاسا و ڕێسایەک هەیە بەدەر لە باشی و خراپییەکانی، هەموو تاکێکی ئێرانی پێویستە جێبەجێیان بکا؛ بۆ وینە بەپێی قانوون لەسەر هەر دایک و بابێک واجبە کە ناوێکی شیاو لە منداڵەکەیان بنێ و پێناس (شناسنامە)ی لە ئیدارەی "ثبت احوال"ی شار یا شارستانی خۆی بۆ دەربێنێ و هەر بەپێی ئەو قانوونە هەر منداڵێک کە لە سجیلی ئەو ئیدارەیە ناونووس کرا دەبێتە خاوەن ناو و لە داهاتوودا بەو ناوە دەناسرێتەوە. بە هەر هۆکارێک ئەو کەسە ویستی ناوی خۆی بگۆڕێ بەپێی قانوون دەبێ چەندین قۆناغی قانوونی ببڕێ هەتا ئیزنی پێ دەدرێ کە ناوی بنەماڵەی بگۆڕێ و هەر بەپێی قانوونەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر کەسێک بەبێ تێپەڕاندنی قۆناغە قانوونییەکان ناوی خۆی بگۆڕێ، کارەکەی جەعلی ئەسنادە و حوکمی سزادانی لە قانوونی سزادانی کۆماری ئیسلامیدا بۆ دیاری کراوە. بەپێی قانوونی سەرپێچی (تخلفات) لە بابەت دەستبردن بۆ بەڵگەنامەکانی وەک شناسنامە و پاسپۆرت ... ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن دەدرێنە دادگا و بەپێی ڕادەی سەرپێچییان لە قانوونەکە سزا دەدرێن جا لە هەر پلە و پایەیەکدا بن. لێرەدا بە کورتی ئیشارە بە دوو مادەی ئەو قانوونە دەکەین کە بە ڕوونی باس لەو مەسەلەیە دەکەن. مادەی ٦ لە قانوونی (تخلفات) دەڵێ: "هەر یەک لە کاربەڕێوەبەرانی دەوڵەت لە لەشکری و کشوەری و هەروەها کار بەڕێوەبەرانی دامەزراوە گشتییەکان، شیرکەتەکانی دەوڵەتی و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەت و بانکەکان و دامودەزگای قانوونی ئیجازەیان پێ نەدراوە شناسنامەی بەتاڵ بوو بەکار بێنن یا بە هەر شێوەیەک جەعلی سەنەد بکەن. لە ئەگەری ڕوودانی شتێکی وا بێجگە لە سزای ئیداری و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەپێی شێوەی سەرپێچییەکە سزای مادەی ٥ی ئەو قانوونەیان بەسەر دادەسەپێ و لە مادەی ٧ی ئەو قانوونەدا هاتووە بۆ هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە لە مادەی ٦دا ئیشارەیان پێ کرا، ئەگەر بۆ ڕاییکردنی وەزیفەی قانوونیی خۆیان شناسنامەیەک کە لە ئیعتباری قانوونی کەوتووە کەلک وەر بگرن بێجگە لە سزای ئیداری و ئینتزامی و قەرەبوو کردنەوەی زیانەکان بە دانی سزای نەقدیش سزا دەدرێ و لە حاڵەتی دووپات بوونەوە؛ دادگا لە سەریەتی بە دیاریکردنی لایەنی زۆری سزا بۆ ئەو کەس بڕیاری بۆ ببڕێتەوە. بەو کورتە شیکردنەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە کە بۆ دەزگا پێوەندیدارەکان بە پرسی سجیل و پێناس (ثبت احوال) لەمەڕ فەرماندەهانی پاسدار بێدەنگن و هیچ هەڵوێستیکیان نەگرتووە و ئەوە لە حاڵێک دایە کە هێندێکیان لە چەندین ناو لە قۆناغی جۆراوجۆر و بۆ مەبەستە شوومەکانیان کەلکیان وەرگرتوە؟ بۆ نمونە پاسدار غەفوور دەرجزی لەژێر ناوی ئەمیر مەنسوور بوزرگیان کە بە عینوانی پارێزەری تیمی وتووێژکار لە ڤیەن ناسێندرابوو بەپێی هەموو بەڵگەکان دەتوانین بڵێین کە تەقەکەری ئەسڵی بووە لە دوکتور قاسملوو، چونکە لەو کاتەدا لە ژووری وتووێژەکە و لەسەر مێزی دانیشتنەکە نەبووە؛ بۆیە دەست ئاوەڵاتر بووە بۆ تەقەکردن. ئەوە ئێستا دەبینین بە ناوی مستەفا مودەبێر بە عینوانی بەڕێوەبەر سەر لە یانەی وەرزشیی سایپا دەردێنێ، یانی کەسێک لە ئێراندا لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا خاوەنی سێ کەسێتیی حەقیقی و حقووقیی جیاواز لە یەکتر بووە و ئەگەر ئەوە جەعلی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی نەبێ دەبێ چ شتێکی دیکە جەعل و تەزویر بێ؟! بۆ وڵامی ئەو پرسیارە کە بۆ فەرماندەهانی پاسداران بە تایبەتی ئەوانی لە دەزگاکانی ئیتلاعاتدا کار دەکەن ناوی ڕاستەقینەی خۆیان دەشارنەوە و لە کاری ڕۆژانەیاندا لە ناوی جەعلی کەلک وەر دەگرن، دەتوانێ چەند هۆکاری هەبێ، یەکەم ئەوەیە کە فەرماندەکانی سپاش دەزانن ئەو کارانەی لە نێوخۆی وڵات و تەنانەت دەرەوەی وڵات بەڕێوەی دەبەن لەگەڵ هیچ پێوەرێکی جیهانی و تەنانەت لەگەڵ قانوونەکانی کۆماری ئیسلامیش یەک ناگرێتەوە؛ بەو مانا کە کارەکانیان لە چوارچێوەی قانوون و شەریعەتی خۆشیاندا ناگونجێ و لە هەمان کاتدا لەوە ترسیان هەیە پێناسەی ئەسڵیی خۆیان ئاشکرا بێ و نەتوانن بە ئازادانە لە نێو کۆمەڵگەدا هاتوچۆ بکەن و تەنانەت ترسیان لەوە هەیە و هەبووە کە ڕۆژێک دادێ ئەو حکوومەتە ئینقلابییە ئیسلامییە لە دەسەڵاتدا نامێنێ و یا ناچار بێ خۆی لەگەڵ جیهانی سەردەم بگونجێنێ و شێوەی کار و بەڕێوەبردنی بگۆڕدرێ. هەر بۆیە ئەم خۆدزینەوەیە لە ترسی دواڕۆژ و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ شاکییەکانیانە، کە بەم شێوەیە نەناسراو دەمێننەوە و ئەگەری دەربازبوونیان زیاترە لە وەها دۆخێکدا. بۆ نموونە لەو ماوەیەدا کە دەوڵەتی ئەمریکا ڕێکخراوی سپای پاسدارانی لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان دانا و بەپێی ئەو قانوونە هەموو ئەو کەسانەی ئەندامی سپای پاسدارانن دەکەونە بەر ئابڵۆقەکانی سیاسی و ئابووریی دەوڵەتی ئەمریکا. لەو حاڵەتەدا پاسدار غەفوور دەرجزی یەکێک لەو کەسانەیە دەکەوێتە بەر سزاکانی ئەمریکا بەڵام لە ڕاستیدا غەفوور دەرجزی بە گۆڕینی ناوی خۆی بە مستەفا مودەبێر و دەرکەوتنی لە باشگایەکی وەرزشی لە ئێستادا خۆی لە سزاکانی ئەمریکا کە لە ڕادەی نێونەتەوەیی بە هۆی پێگەی بەهێزی ئەمریکا کاری پێ دەکرێ، ڕزگار بکا و ئەوە دەتوانێ نموونەیەک بێ لە سەدان نموونەی لەو بابەتە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ساختارێکی دەوڵەتداری کە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی ماوەی چل ساڵە فەرهەنگی کوشتن و تێرۆر و تازیەداری و گەندەڵی پەرە پێدەدا چۆن چاوەڕوانیی هەبێ کە فەرماندە نیزامییەکانیان لە سپای پاسداران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە جەعل و تەزویر کەلک وەر نەگرن. ئەوی دەمێنێتەوە بڵێین با بە هەموو لایەکمان هەوڵ بدەین ڕوخساری ڕاستەقینەی ئەو کەسانە کە دەستیان لە تێرۆر و کوشتار و چەوسانەوەی خەڵکدا بوو و ئێستا لەژێر ناو و عینوانی دیکەدا کار دەکەن بۆ بیر و ڕای گشتی لە ئێران و جیهان ئاشکرا بکەین.