کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد، حیزبی دێموکرات و ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست

17:40 - 1 جۆزەردان 2719

ڕێکخراوی ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست گەورەترین فۆرۆمی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخراوه سیاسییەکانی دونیایە. ئەو ڕێکخراوە ڕابردوویەکی دوورودرێژی هەیە و به میراتگری ئەو ڕێکخراوە نێونه‌ته‌وه‌ییه کرێکارییانه داده‌نرێ که کاتی خۆی لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ڕێبەرانی مارکسیستی دامەزرابوون. بەڵام بەدرێژایی مێژووی خۆی زۆر ئاڵوگۆر و هەوراز و نشێوی بەخۆوه دیوە و تەنانەت چه‌ند جار به‌ره‌و دابڕان و هه‌ڵوه‌شانیش چووه. له‌ڕاستیدا کێشەی ئیدئۆلۆژی و سیاسی لە کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیست و ڕووداوه‌کانی پاش شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی ڕاستەوخۆ شوێنەواریان لەسەر ئەو ڕێکخراوەیەش دانابوو. ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست له شکڵ و ماهیه‌تی ئێستایدا لەراستیدا هه‌مان ئەو ڕێکخراوەیە کە ساڵی ١٩٥١ لە کۆنگرەی فرانکفۆرت دامەزرایه‌وه. بەکورتی دەتوانین بڵێین ئیس ئای، رێکخراوە سۆسیالیست و سۆسیال دێموکرات و کرێکارییەکانی دونیا دەگرێتە خۆی. ئه‌گه‌ر لە سەره‌تاکانی دەورەی نوێیدا زۆرتر پارته چەپە ئورووپییه‌کانی دەگرتە خۆی، دواتر مه‌یدانی چالاکی و بازنه‌ی ئەندامەتیی ئەو ڕێکخراوەیە فراوانتر بۆوە بۆ قاڕەکانی دیکەش بەتایبەتی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و ئورووپای ڕۆژهه‌ڵات. وه‌ك ئامانج، ئێس ئای بۆ ئامانجەکانی دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ لە دونیادا تێ دەکۆشێ. ئەم ڕێكخراوەیە هەر چوار ساڵ جارێك کۆنگرە دەبەستێ و تاکوو ئیستا ٢٤ کۆنگرەی گرتوە و لە نێوان کۆنگرەکاندا ساڵێ دوو جار کۆبونەوەی شووڕا دەگیرێ. سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی ئەم ڕێکخراوەیە ئەندام و دۆستانی رێکخراوەکە دابینی دەکەن. ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست لە چەندین کۆمیتەی بەرێوەبەری و بڕیاردان پێك هاتووە. ئەوەی لە هەموویان زیاتر بۆ ئێمەی کورد گرینگی هەیە ئەوەیە کە لەنێو ئەو کۆمیتانەدا کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بریاری دا کۆمیتەیەك بۆ پرسی کورد بە ناوی گرووپی کاری کورد پێك بێ و لە ساڵی ١٩٩٠ ئەم کۆمیتە دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم کۆمیتەیە چەندین کۆبونەوە و بریاراتی گرینگی لە پیوەندی لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان داوە. دوایین جار «کۆمیته‌ی پرسی کورد» لە ڕێکەوتی ١٢ی ئاپریلی ٢٠١٣ لە کۆبوونه‌وه‌ی ئیس ئای لە کوردستانی باشوور (سلێمانی) بە بەشداری و تەئییدی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی جێگای گرووپی کاری کوردی گرتۆتەوە. ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست تاکوو ئێستا ٧ سکرتێر و ٣٤ جێگری سەرۆکی بووە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەنترناسیۆنال سۆسیالیستدا بەڕێز جەلال تاڵەبانی وەک کوردێک و سەرۆککۆماری وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆنگرەی ٢٢ی ئەم ڕێکخراوەدا کە لە یۆنان بەسترا، بە جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا و هەتا کۆتایی تەمەنیشی لەم پۆستەدا مایەوە. ئەم ڕێکخراوە نێونەتەوەیەش وەك زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان دوور نەبووە لە کێشەی سیاسی و بەرێوەبەری و بەداخەوە دوای گرتنی کۆنگرەی ٢٤ لە ئەفریقای باشوور (کیپ تاون) لە ٣٠ی ئۆگوستی ٢٠١٢ لەسەر هەڵبژاردنەوەی دووبارەی بەرێز لویس ئەیالا و هەڵنەبژاردنی خاتوو مۆناسالین، سەرۆکی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئید کێشە کەوتە نێو ئەم رێکخراوەیە. لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئێس ئای لە پۆرتۆغال (کاسکای) لە ڕێکەوتی ٤ و ٥ی فێبریوێری ٢٠١٣ کە بەمیواندارەتیی حیزبی سۆسیالیستی ئەو وڵاتە و بە دروشمی ئابووریی جیهان و ڕوانگەی ئێمە بۆ گەشەپێدان و کار و پەرەسەندنی پایه‌دار به‌ڕێوه چوو، لە ئێوارە خوانێکدا کە لەلایەن حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان لە پۆرتۆغاڵ پێکهاتبوو و بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسان و نوێنەرانی حیزبەکان بەشدار بوون؛ جارێکی دیکەش باسی شێوەی بەرێوەبردن و هەروەها قۆرغکردنی دەسەڵات لەدەستی سکرتێری ئیستای «ئیس ئای» دا هاتەوە بەر باس و موناقشەی زۆری لەسەر کرا. بناخەی لێكدابرانی ئەم حیزبانە لە ئیس ئای لەوێوە دەستی پێکرد و بەداخەوە بەشێک لەوان لە ئێستادا بێ ئەوەی وازیان لە ئەندامەتیی ئیس ئای هێنابێ _ جیا لە حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئید_ ئەو چەند حیزبە لە ڕێکەوتی ٢٢ی مانگی مەی ٢٠١٣ی زایینی رێکخراوێکیان بە ناوی «بەرەی یەکگرتوخوازان» دامەزراندوە و کۆنگرەی یەکەمیان لە ڕۆژانی ١١و ١٢ی مارسی ٢٠١٧ لە ئالمان (برلین) بەڕێوە برد. ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست له‌سه‌ر یه‌ک لە ٨٥ وڵات ئه‌ندامی ئه‌سڵیی هه‌یه که حیزبی ئێمه‌ش یه‌کێک لەوانە. ئه‌و ڕێکخراوه هه‌روه‌ها ١٧ ئه‌ندامی ڕاوێژکار و ٧ ئه‌ندامی چاوه‌دێر و سێ رێکخراوی تایبه‌ت به ژنان و لاوان و په‌روه‌ردەی هه‌یه. له‌‌نێو ڕێکخراوە کوردییه‌كاندا حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و یه‌كیەتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌ندامی ئه‌سڵیین، مه‌رجه‌كانى وه‌رگیران له‌و رێكخراوه‌ چییه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی حیزبێک به ئه‌ندامی ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست وه‌ربگیرێ پێویسته هه‌ڵگری ڕێباز و پێره‌و و پڕۆگرامێک بێ که له‌گه‌ڵ ئیدەئال و ئامانجه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوه‌دا، به‌تایبه‌تی له بواری عه‌داڵه‌تخوازی و یه‌کسانیدا و هه‌روه‌ها پێوه‌ره ئینسانی و دێموکراتییه‌كانی تری ڕێکخراوه‌که‌دا یه‌ک بگرێته‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نییه و به‌پێی کۆمه‌ڵێک ڕێوشوێنی تایبه‌ت به ئه‌ندام وه‌رگرتن له‌و ڕێکخراوه‌دا، پێشینه و ئیعتباری ئه‌و حیزبه‌ی ده‌بێته ئه‌ندام به وردی ده‌درێته‌ به‌ر سه‌رنج و لێکۆڵینه‌وه. به واتایه‌كی دیکه پێویسته پارته‌که به‌شێوه‌ی مه‌یدانی تاقیکردنه‌وه‌ی خۆی دابێ و هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵ ئیدەئاله‌كانی ئێس ئای له مه‌یدانی کرده‌وه‌دا به ڕوونی سه‌لماندبێ. حیزبی دێموکرات و ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست سەفەری حیزبی ئێمە بە دەقیقی لە ساڵی 1364 بۆ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوەیە دەستی پێکرد، و دواتر ڕێبەری شارەزا و بلیمەتمان دوکتور قاسملوو وەک میوان لە کۆنگرەی شانزدەهەمی ئەنتەرناسیۆناڵ سوسیالیستدا بەشدار بوو کە ساڵی 1365 لە لیمای پێتەختی پێرۆ بەڕێوە چوو. له‌و کاته‌وه تا ئێستا حیزبی ئێمه به ڕێکوپێکی له هه‌موو کۆنگره و کۆبوونه‌وه‌کانی تری ئه‌و ڕێکخراوەیە‌دا به‌شدار بووه تا ئه‌وه که لە ساڵی 1375، واتە لە بیستەمین کۆنگرەی ئەنتەرناسیۆناڵ سۆسیالیستدا که له نیۆیۆرک به‌سترا، حیزبی ئیمە وەک ئەندامی چاوه‌دێر وەرگیرا. لەم کۆنگرەیەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی بەرێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سکرتێری گشتیی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوو. بەداخەوە دوای لەت بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە 1385 جێگە و پێگەی ئێمە لەو ڕێکخراوەیەدا ڕوون نەبوو، چون ئەو حیزبە ببووە دوو بەش. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان جارێکی دیکە دەستمان بە جێخستنەوەی پێوەندییەکانمان کردەوە. حزوور حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مەیدانی سیاسی و پێشمەرگانە و دیپلۆماسیدا وایکرد کە نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست ئەو شانازییەی پێ ببرێ بۆ دەستەبەرکردنی ئەندامەتیی حیزبەکەمان تێبکۆشێ و ئەم پڕۆسەیە سەر بخا. بەمجۆرە لە کۆبوونه‌وه‌ی شووڕای ئه‌و ڕێکخراوه‌یە لە ٢٧ی نوامبری ٢٠١٥ و لە ڕۆژی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا کە له لوواندا پێته‌ختی ئانگۆلا بەرێوەچوو، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەندامی ڕەسمیی ڕێکخراوەی ئێس ئای وەرگیرا. ئەوەش هەر درێژەی کاری ڕێبەرانی شەهیدی حیزب بەتایبەت دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندییە کە بەمجۆرە کاتی خۆی ئەم دەروازەیان بۆ دەنگی حەقخوازانەی حیزبی دێموکرات و تەنانەت هەموو کورد بۆ نێو کۆر و کۆمەڵ نێونەتەوەییەکاندا کردەوە. ئێمه ئێستاش هه‌ر و‌ه‌کوو پێشوو له ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست بۆ بردنه‌پێشی مه‌سه‌له‌ی کورد به‌گشتی و مه‌سه‌له‌ی کورد له ڕۆژهەڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی که‌ڵک وه‌رده‌گرین و وه‌ک پێشووش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ببینه پردێکی پێوه‌ندی له ‌نێوان ئه‌نترناسیۆناڵ سۆسیالیست و لایه‌نه دۆسته‌کانی دیکه‌مان به‌تایبه‌تی له کوردستان. جیا له‌وه‌ش پله‌ی ئه‌سڵیی ئه‌ندامه‌تیمان مافی زیاترمان له‌بواری ئه‌ندامه‌تی و به‌شداری له ئۆرگان و کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌و رێکخراوهیە‌دا پێ ده‌به‌خشێ و تێده‌کۆشین له ئاست ئه‌و به‌رپرسایه‌تیه‌شدا بین که له‌مه‌ولا زیاتر ده‌که‌وێته سه‌ر شانمان. ئه‌مڕۆ کێشەی کورد زۆر گەورە بۆتەوە و دونیای دەرەوەی ئێستا زۆرتر لە جاران لەگەڵی ئاشنا بووە، بەتایبەت به‌هۆی شه‌ڕی داعش و بەرگریی پێشمەرگە که له کۆبوونه‌و‌ه‌که‌ی لۆوانداش به رێز و ته‌قدیری زۆره‌وه ئاماژه‌ی پێکرا. ئێمه پێش به ئه‌ندام وه‌رگیرانیشمان له‌و ڕێکخراوه‌یەدا له‌گه‌ڵ وڵاتانی خاوه‌ن نفووزی جیهان و له‌گه‌ڵ بنیاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان تۆڕێک له پێوه‌ندییه‌كانمان دروست کردبوو. بەڵام به‌هۆی ئه‌وه که پرسی کوردی ڕۆژهه‌ڵات له چاو پارچه‌کانی تری کوردستان که‌متر له ڕۆژه‌ڤی باس و خواسی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه، بێگومان به‌ئەندام بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان له «ئێس ئای»دا دەتوانێ گوڕ و تینێکی دیکه بداته په‌یوه‌ندییه دیپڵۆماسییه‌كانمان چونکه ئه‌مجاره هه‌م بۆخۆمان له مه‌وقعییه‌تێکی دیکه‌دا ده‌توانین که‌ڵك له ده‌رفه‌ته لۆبیگه‌رییه‌كانی تایبه‌ت به‌و ڕێکخراوه بکه‌ین هه‌‌م له‌گه‌ڵ باقی حیزبەکانی دەستە خوشك ئاسانتر ده‌توانین بۆ کێشەی کورد و به‌تایبه‌تی کوردی رۆژهه‌ڵات دۆست و پشتیوان په‌یدا بکه‌ین. کورد و ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست هێندێک لایەن بۆ کەمکردنەوە لە گرینگیی ئێس ئای ئیشارە بەوە دەکەن کە ئەو ڕێکخراوە هیچی بۆ کورد نەکردوە. پێویسته بزانین که ئەو ڕێکخراوە وەك خۆی دەزگایەکی جێبەجێکار نییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، به‌ڵام بەهۆی ئەوە کە فۆڕۆمێکی زۆر بەرفراوانه و بەشێوەی دایمی لانیکەم یەک له سێی ئەحزابی ئەندام لەو رێکخراوەدا دەسه‌ڵاتی وڵاتی خۆیان بەدەستەوەیە یا لە حکومەتدا بەشدارن، دەتوانین بڵێین هەم لە ڕووی سه‌مبولیکەوە هەم لە ڕووی سیاسەتی عەمەلیەوە، شوێنێکی گرینگ بۆ باس و موناقشەی سیاسەتی نێونەتەوەیی و تریبوونێکی باش بۆ ناساندنی کێشه‌کانی گه‌لانی بێده‌وڵه‌تی وه‌ک گه‌لی کورده. جیا له‌وه که ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست ده‌توانێ وه‌ک که‌ناڵێک بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی کاری هاوبه‌شی نێوان پارته کوردییه‌کان نه‌ک هه‌ر له به‌شێكی کوردستان به‌ڵکوو له‌نێوان هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا که‌ڵكی لێ وه‌ربگیرێ، لانیکەمی دەسکەوتێکیش کە ئەو ڕێکخراوە بۆ کوردی هەبووە ئەوەیە کە کوردەکان له‌وێ توانیویانە تۆرێکی پیوەندی بۆ خۆیان دروست بکەن وە ئیستاشی لەگەل بێ جێی متمانەترین و دایمیترین شوینی ناساندنی پرسی کورد بە دونیای دەرەوەیە.