کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی قوتابخانەیەک لە مەهاباد بە هۆی هەڵپەڕکێی کوردییەوە سزا دران

18:42 - 11 جۆزەردان 2719

حەوتووی ڕابردوو هەڵپەڕکێی کوردی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بوو بە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا. هەڵپەڕکێی کوردی بۆ دەربڕینی هەستی شادی و لە شایی و جێژن و بۆنەی جۆراوجۆردا بەڕێوە دەچێ. لەمڕۆژانەدا هەڵپەڕکێی قوتابیان و مامۆستایانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد بوو بە بابەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە یەکەمین کاردانەوەدا، کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دژی هەر چەشنە دەربڕینی شادی و خۆشییەکن، دوای لێکۆڵینەوە ئەو پەروەندەیان ڕەوانەی دادگا کرد و یەکەم هەنگاویان دەرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو. بەپێی هەواڵەکان ڕەنگە دادگا بڕیاری نوێ نەکردنەوەی گرێبەستی مامۆستایان پەسەند بکا و قسە لە داخستنی قوتابخانەکەش دەکرێ. دەرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی شارێکی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەر یەکساڵ بەر لە ئێستا لە قوتابخانەیەکی شاری تاران بەهۆی گەندەڵی ئەخلاقییەوە دەیان مناڵ تێوەگلان و زیاتر لە ١٦ بنەماڵە سکاڵایان لە سەر بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکە تۆمار کرد، بەڵام نەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەرنەکرا، بەڵکوو هیچ کەسیش سزا نەدرا. لە گوندی شیناوێی ناوچەی پیرانشار کۆمەڵێک لە کچانی قوتابی لە ئاگردا سووتان بەڵام ئەوەی کە پێویست بوو و دەبوو بکرێ بەداخەوە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ نەکرا و مناڵانی ئەو قوتابخانەیە ئێستاش بە ئازارەوە ڕۆژ دەکەنەوە و لەو کارەساتەدا بەداخەوە دوو قوتابیش گیانیان لەدەستدا. هەر لەمڕۆژانەدا سێ قوتابی کچ لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سیستان و بلووچستان بەهۆی نەبوونی کەرەسەی فێنککەرەوە چوونە ناو ئاوی ڕووبار و بەداخەوە لە ڕووبارەکەدا خنکان. ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە لە کەم کاری، خەمساردی و کەموکوڕی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە بە میلیۆن مناڵی ئەو وڵاتە لە خوێندن بێبەشن یا بەهۆی نەبوونی و نەدارییەوە وازیان لە خوێندن هێناوە. هەڵپەڕکێی کوردی نەک هەر هیچ شەرمێکی تێدانییە و بە عەیبە بە حیساب نایە، بەڵکوو یەکێک لە کۆڵەکەکەکانی فەرهەنگ و کەلتووری کوردەوارییە و بە درێژای میژووی کورد هەر هەبووە و دەربڕینی خۆشی و شادی و هەڵپەڕینی ژن و پیاو دەست لە ناو دەست بە یەکێک لە نیشانەکانی فەرهەنگی پێشکەوتووانەی مرۆڤایەتی بە ئەژمار دێ.