کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٦ەمین ساڵی لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادی‌

21:26 - 12 جۆزەردان 2719

لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ڕێژیمی خوێنڕێژ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٥٩ لاوی بێتاوانی مەهابادی تەنیا بە تاوانی کوردبوون لە سێدارەدا. لە 12ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ڕێژیمی ئاخوندی بۆ چاوترسێن کردنی خەڵکی کوردستان، ٥٩ ڕۆڵەی کوردی لە شاری مەهاباد، شاری کۆمار و پێشەوا لە سێدارەدا. لەسێدارەدانی ئەو ٥٩ لاوەی مەهاباد لەگەڵ ئەوەی کە داخی خستە سەر دڵی هەموو خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران، لە هەمانکاتدا بۆ جارێکی تر ڕووی دزێو و ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆنەپەرستی خۆمەینی بۆ هەموو جیهانیان ئاشکرا کرد و هەر لەو کاتەشدا ڕقی تۆڵەی لەنێو لاوانی کورددا دژ بەو ڕیژیمە سەرەڕۆیە بەهێز کرد و لاوانی کورد دەستە دەستە هاتنە نێوڕیزی شۆڕشگێران و تێکۆشەرانی لایەنە خەباتگێرەکانی کوردستانە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکارییەوە نەک هەر باوەڕی بە ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران نەبوو، بەڵکوو یەکێک لەو حکوومەتە دیکتاتۆرانە بوو کە بە زەبری چەک و کوشت و کوشتار وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی دایەوە و دەستی دایە سەرکوتکردنی ئازادییە ئینسانییەکان. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی کە دژی مافی هەموو گەلانی ئێران بوو، بەڵام لەبەرانبەر کورددا سیاسەتێکی شوینیستی و کۆنەپەرەستانەی گرتەبەر و لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییدا خۆمەینی وەک ڕێبەری ئایینی ئەو دەوڵەتە فەرمانی جیهادی دژ بە خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بە بەرچاوی دنیاوە ڕۆژانە خەریکی کوشتن و سەرکوتی خەڵکی کوردستانە. دوای فەرمانی جیهادی خۆمەینی، جینایەتکارێکی بە ناوی خاڵخاڵی ڕەوانەی کوردستان کرد و بوو بە قازیی شەرعی کوردستان و بێ دادگایی و لێکۆڵینەوە، تەنیا لە چەند چرکەیەکدا فەرمانی لە سێدارەدان و بەندکردنی ئازادیخوازان و خەڵکی بێتاوان و بێدیفاعی کوردی دەدا و بە سەدان کەسیان لە کوردستان لە سێدارەدا و خەڵکی کوردستانیان لە چەند شوێن قەتڵوعام کرد. بە فەرمانی کۆنەپەرستێکی وەک خۆمەینی و بە یاسای دارستان ڕەحمیان بە هیچ کەس نەکرد و ژن و مناڵ و پیر و گەنجی کوردستانیان غەڵتانی خوێن کرد و تا ئێستاش ئەو یاسا و فەرمانەی خۆمەینی هەر کاری پێدەکرێ و تا ئەمڕۆ نزیک بە پەنجا هەزار کورد بە دەستی ئەو ڕێژیمە خوێنڕیژە شەهید بوون. وێڕای کوشتنی خەڵکی کوردستان، بەندیخانەکانی ڕێژیمیش شوێنێکی تر بوون بۆ ترس و تۆقاندن و لە ڕێگەی ئەشکەنجە و ئازار و ئێعدامەوە ویستوویانە کورد واز لە مافە ڕەواکانی بێنێ و تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕژیمی ئاخوندی بێ. گەلی کورد دەیان ساڵە بۆ دابینکردنی مافە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانی خەبات دەکا و قەت لە ڕێگای سەرکوت و زەبروزەنگەوە تەسلیمی داوای دژمنان و داگیرکەرانی کوردستان نەبووە، لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆریداوە و ٥٩ لاوی مەهابادیش بەشێک لەو قوربانیانەن کە بە تاوانی کورد بوون لە سێدارە دران. لە یادی ئەو ڕۆژە تاڵەدا، خەڵکی کوردستان ڕیز دەگرن لە ڕوحی ٥٩ لاوی مەهابادی و لە هەمانکاتدا لاوانی کورد بە هەست بە بەرپرسایەتی کردن ناهێڵن خوێنی ئەو ٥٩ لاوەی کورد و شەهیدانی دیکەی کوردستان بەفیڕۆ بچێ و قەت تەسلیمی ویستی دژمن نابن و بە خەبات و خۆڕاگری خۆیان درێژە بە خەبات دەدەن و تا وەدیهێنانی ویست و داواکارییە ئینسانی و نەتەوەییەکانیان ڕیگای تێکۆشان و بەرەنگاری و بەربەرەکانی درێژە دەدەن و بۆ شاد کردنی ڕووحی شەهیدەکان مایە لە ژیان دادەنێن و تا سەرکەوتن لە خەبات بەردەوام دەبن.