کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەرلە لایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە

15:50 - 4 بەفرانبار 2719

بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندن و تۆقاندن و هەروەها بۆ پێشگرتن لەهەر کۆبوونەوەیەک کە بۆ یادی قوربانیانی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەر بەڕێوەبچێ، دەستیانکردووە بەدەسبەسەرکردنی بنەماڵەی ئەوکەسانەی کە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیمدا گیانیان لە دەستداوە. یەک لە نموونە هەرە بەرچاوەکان بنەماڵەی" پوویا بەختیاری "یە کە ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی باوکی پوویا بە ناوی" مەنووچێهربەختیاری" و ناوبراویان لە گەڵ هاوژینی بەناوی"ناهید شیربیشە" و چەند کەسێکی دیکە لە بنەماڵەکەی دەسبەسەرکردووە و گوشاریان خستۆتە سەریان کە نابێ چلەی ماتەمینی کوڕەکەیان بگرن، بەڵام ئەو بنەماڵەیە سوورن لەسەر گرتنی ڕێوڕەسمی چلەی کوڕەکەیان و ڕاشیانگەیاندووە کە هەمووکەسێک بۆی هەیە لەو ڕێوڕەسمەدا کە لە شاری کەرەج بەڕێوەدەچی بەشداری بکا. هەرلەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە توندی دەسبەسەرکردنی باوک و دایکی" پوویا بەختییاری" مەحکووم کرد و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد کە هەڵوێستی توند و جیددی بەرا نبەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر و داوای دەسبەجێ ئازادکردنی دەسبەسەرکراوان و بەتایبەت بنەماڵەی بەختیاری دەکا. شایانی باسە کە ڕێژیم بە پچڕانی ئینتێرنێت لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا هەوڵی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی یادی گیانبەختکردوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر دەدا و بەتەواوەتی لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ترسی لێنیشتوە و بەو ئاستە گەیشتووە کە خامنەیی بە شڵەژاوی فەرمانی ڕاستەوخۆی بۆ کوشتنی خەڵک دەرکردووە و بە پێی دوایین ئامارەکان زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بەدەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندار و دەسبەسەرکراون. جێگای ئاماژەیە کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش بڕیار وایە کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار بۆ ڕیزگرتن لە یادی چلەی گیانبەختکردوانی ڕیگای ئازادی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بکرێ و هەر لەو پێوەندییەشدا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوایان لەخەڵک کردووە کە بەشداری لەو ڕێوڕەسمانەدا بکەن.