کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندەرانی عێراقی چەند بارەگای لایەنە شیعەکانیان سووتاند

16:04 - 4 بەفرانبار 2719

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق کە ماوەی سێ مانگە درێژەی هەیە، تا ئێستاش هەر بەردەوامە و خەڵک بەدوای دەستەبەرکردنی مافەکانیانەوەن. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی عێراق، خۆپێشاندەران بارەگای حیزبی دەعوە و ڕەوتی حیكمە و رێكخراوەكانی بەدر و عەسائیبی ئەھلولحەقیان لە شاری دیوانیەی ناوەڕاستی پارێزگای قادسییە سووتاندووە. هەروەها خۆپێشاندەران رێگای محەممەد قاسمیان لە نێوەڕاستی شاری بەغدا داخستووە و چەند رێگەیەكی دیكەی سەرەكی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە لە پارێزگای نەجەف داخراون. لە شارەكانی كەربەلا و دیوانیەش چەند رێگەیەکی سەرەكی داخراون. خۆپێشاندەرانی عێراقی کە خوازیاری مافەکانیانن، لە هەمان کاتدا لە خۆپێشاندانەکانیاندا دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دا و کۆنسولخانەکانی ئەو ڕێژیمەیان لە نەجەف و کەربەلا سووتاند و وێنەی ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمەیان دڕاند و خستیانە ژێر پێ. خۆپێشاندەرانی عێراقی نەک هەر دژ بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامین لە وڵاتەکەیان، بەڵکوو بەشێک لە ماڵ و بارەگای ئەو گرووپ و لایانانەشیان سووتاندوە کە بە جۆرێک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیکن و بە هەر جۆرێک کە بۆیان بلوێ نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە دەردەبڕن و خوازیاری چوونە دەرەوەی ڕێژیمی ئاخوندەکانن لە وڵاتەکەیان و ئەوەش بۆتە هۆی لەرزۆک بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.