کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە بە تەمای دزینی تەمبووری کوردییە

16:05 - 4 بەفرانبار 2719

دەوڵەتی تورکیە لە هەوڵ دایە کە ئامێری تەمبوور کە تایبەتە بە کوردانی یارسانی و سازێکی پیرۆزە لەو بەشە لە کوردستان بە ناوی خۆی لە ڕێکخراوی فەرهەنگی یۆنسکوودا تۆمار بکا. لە بەرانبەر ئەو دزین و چەواشەکارییە‌دا بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی کرماشانی هەڵوێستیان گرتووەو پرۆژەیەکی هونەریی و فەرهەنگییان بە دەستەوەیە. ئەنجوومەنی مووسیقی کرماشان بە پیشنیاری مامۆستا شارام نازری و بە هاوکاری ٦٠٠ تەموورژەن بڕیارە سێ بەرهەمی بەنرخی مامۆستا نازری سەرلەنوێ تۆمار بکەن و مەبەست لەو کارەش پێشگرتن لە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکییەیە . بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە خۆجێیەکان بڕیارە ئەو کۆنسێرتە لە شوێنی مێژوویی و گەشتیاری بێستوون لە مانگی ڕەشەممەی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت. جێی‌ئاماژەیە کە تەمبوور، سازی تایبەت بە پانتایی جوغرافیای کرماشان و کوردستانە. بڕیارە ئەو پرۆژە هونەرییە کە هەڵوێست گرتنە لە هەمبەر سیاسەتی دەوڵەتی تورکیە ئەمساڵ لە مانگی ڕەشەممە لە بێستون کە شوێنێکی مێژوویی و گەشتیارییە و لە یونسکۆ تۆمار کراوە، بەڕێوە بچێت. شایانی باسە کە ئامێری تەمبوور ، سازێکی تایبەت بە پانتایی جوغرافیای کرماشانەو لە نێو کوردانی یارسانی ئامێرێکی ئایینی و پیرۆزە و ساڵانە لە دەڤەری کرماشان چەند فستیڤاڵی پێوەندی‌دار بە ئامێری تەمبوور بەڕێودەچێت و جیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئامێرە لە خانەقین تا سنوورەکانی هەمەدان بە ئامێرێکی پیرۆز و کوردانە دەناسرێ. دەگوترێ هەڵمەتی ئەو ٦٠٠ ژەنیار و هونەرمەندە لە سەر هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیە کاریگەریی هەیە و دەتوانن پێش لەو هەوڵە چەواشەکارانە بگرن.