![](/files/9006806_969.jpg)
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان و کورد " لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد بانگهێشتی بەسیجییەکانی ئەو شارەی کردووە و لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر و لەوانە سەرکوتی خەڵک و پیلان داڕشتن بۆ خەڵەتاندنی خەڵک لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە و دواتر ناسین و دەسبەسەرکردنیان، داوای هاوکاری زۆرتری لە بەسیجەکان کردووە و ڕێنمایی پێداون.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە کەسانی بەسیجی شارەزا لە زمانی کوردی هانداوە بۆ کردنەوەی ماڵپەڕ و لاپەڕەی ئینتێرنێتی و قسەکردن لەسەر ڕێژیم تا ئاستی هێڵەسوورەکان و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵکی کورد و دواتر ناسینیان و دەسبەسەرکردنیان.
دیارە کە لە مێژە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندییەکانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئینتێرنێت و لە بەربڵاوی و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان تۆقیون و لەو بوارەدا چالاکن و لاپەڕەی جۆراوجۆریان هەیە، بەڵام دەیانهەوێ پەرە بەو کارانە بدەن و لە هێزی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ترساون و دەیانهەوێ لەو رێگەیەوە هەم خەڵک بە لاڕێدا بەرن و هەم زانیارییان لەسەر کۆبکەنەوە و دواتریش لە کاتی پێویستدا دەسبەسەریان بکەن.
هەربۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە چاوکراوەتر لە جاران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا چالاک بن و نەکەونە داوی دەست و پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە.