کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرخانکردنی ٦٠٠٠میلیارد تمەن لە بوودجەی ساڵی داهاتووی ئێران بۆ بواری مەزهەبی

04:54 - 5 بەفرانبار 2719

"موژگان خانلوو" وتەبێژی ستادی بوودجەی ساڵی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە تەرخانکردنی بوودجەی ساڵی داهاتوودا ٦٠٠٠میلیارد تمەن لە ژێر ناوی جیاجیادا بۆ بواری مەزهەبی و ناوەندە مەزهەبییەکان تەرخانکراوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران لە برسییەتیدا دەژین و دۆخی خەڵک گەیشتۆتە ئاستی قەیران و خەریکە تێپەڕیش دەبێ. شایەنی باسە کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لە لایەن کۆماری ئیسلامی و ئاخوندەکانەوە ساڵانە بوودجەی زۆر و زەوەند لە داهاتی ئەم وڵاتە بۆ ئاخوندەکان و ناوەندە مەزهەبییەکان لەژێر ناو و وشەی جیاجیادا تەرخاندەکرێ و جیا لەمەش بوودجەیەکی زۆرتریش بۆ پەرەپێدانی بواری مەزهەبی و بیری خرابکارانە و تێرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا بە تاڵان دەبەن و خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیش لە برسییەتی و قات و قڕیدا دەژین و ڕۆژبەڕۆژ ئاستی ژیانیان دادەبەزێ و بەو هۆیەشەوە ئێران پڕبووە لە کێشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی و فەرهەنگی کە هەرە بەرچاوترینیان خۆکوشتن و بێکاری و خووگری بە ماددە هۆشبەرەکانە، پەنا بۆ کردەوەی نەشیاوب دەبەن. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی شێرپەنجەیەکە کە چل ساڵە تووشی خەڵکی ئێران بە تایبەتی و خەڵکی ناوچەکەو جیهانیش بۆتەوە و سەرەڕای خەرجکردنی ئەم هەموو پارەیە لە ماوەی تەمەنی دەسەڵاتداری ئاخوندەکاندا بەڵام هەم لە ئێران و هەم لەو وڵاتانەی ناوچەکەش کە شیعە مەزهەبیشن بیری مەزهەبی خەڵک هەتادێ کاڵتر دەبێتەوە و دژایەتی کۆماری ئیسلامی و بیڕو بڕواکەی تادێت زۆرتر دەبێت و خەڵک زۆرتر لە بیری ماف ویستی و ئاشتی و برایەتیدان.