کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمدرانی سێ بەندکراوی سیاسی لە شنۆ، ئیلام و سنە

04:59 - 5 بەفرانبار 2719

سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە شارەکانی سنە، ئیلام و شنۆ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی حوکمی بەندکرانیان بەسەر داسەپا. بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە شاری شنۆ گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی"سەید نەجمەدین حوسێنی" لەلایەن دەزگای قەزایی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بە ٣ساڵ و شەش مانگ بەندکران حوکمدرا . ئەو لاوە کوردە پێشتر لە ناوچە سنووریەکانی سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەرکرابوو و دوو حەوتوو دوای لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لە لایەکی دیکەوە لە شاری ئیلام، دەزگای قەزایی ڕێژیم "ئەحمەد شاهید" ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، حوکمی یەک ساڵ بەندکران و بێبەش بوون لە دنیای مەجازی بەسەر دا سەپا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە "ئەحمەد شاهد" ئەندامی هێزەکانی بەسیج و بەرپرسی یەکێک لە ناوەندە هەواڵدەرییەکانی ناوەندی بەسیج بووە کە بە تۆمەتی هاوکاریکردن و زانیاری پێدان بە حیزبەکانی دژبەری نیزام، لەلایەن دەزگای قەزایی لە سەر کارەکەی لابراوە و لە چالاکی کردن لە بڵاوکراوەکاندا بێىەش کراوە. ناوبراو دوو مانگ دوای دەسبەسەرکران و تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوەی بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. هەروەها لەشاری سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، چالاکێکی ژینگەیی بە ناوی"هومایون بەهمەنی" کە بە بەندکران حوکمدرابوو بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا. هومایون بەهمەنی" بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە پێنج ساڵ بەندکران حوکمدرابوو و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.