کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان

05:02 - 5 بەفرانبار 2719

لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا شەش کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراو و بریندار بوون. لە درێژەی بەردەوامیی کوشتنی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەز لە سنووری چاڵدران" کۆڵبەرێک بە ناوی "وەهاب حەسەنزادە" تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی "عیسا گولیک" سەر بە چاڵدران بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی لەدەستدا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "ئەفشین ئەعلایی" بە سەختی بریندار بووە و سەری بە گووللە پێكراوە و کەوتۆتە کۆماوە و گیانی لە مەترسیدایە. ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانبار لە سنووری زەڵێی بانە، دەستەیەک لەو کۆڵبەرانە دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی سەر سنوور و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی " سەعدووڵڵا مەحموودی" خەڵکی گوندی سەرسۆڵ" لە بەشی نەمەشیری بانە و "عەزیز عەزیزی" بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری برینەکانیان ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراون و هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەمان ڕۆژدا کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی " سەلاح درزیانی" لە گەردەنەی تەتەی هەورامان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە تووندی بریندار بووە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ هەر ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران کرد و کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "تەقی کەند"ی، سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ، بە ناوی "شەهرام ئەعلایی" بریندار بوو. شایانی باسە کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی کار ناچارن و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و ساڵانە بە سەدان کەس لەو ڕ‌ێگایەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕاوەدوونانی ئەو هێزانە، بەربوونەوە لە بەرزایی و ڕەق هەڵاتن لە سەرمادا و کەوتنە ژێر ڕنوو گیانیان لە دەست دەدەن .