کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی سنووردار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایە

15:52 - 5 بەفرانبار 2719

سەرۆکی گشتیی ئەرتەشی ئیسراییل، ژێنێڕاڵ "ئاویووکووخاوی" لە لێدوانێکدا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی کەسێکی پلەبەرزی سەربازی ئەو وڵاتە و لە ناوەندی زانکۆی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەرتەشی ئیسراییل بۆسەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق کۆماری ئیسلامی تووڕەیە و لەوانەیە هەڵەیەک بکا وهێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و بێگومان ڕووبەڕووی وەڵامی توندی ئەرتەشی ئیسرائیل دەبێتەوە و کۆماری ئیسلامی تووشی شکستێکی سەربازی گەورە دەبێ و شەڕەکەش کورتخایەن دەبێ . شایانی باسە کە لەسەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران و هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسراییل لەسەر گۆی زەوی، دوژمنایەتی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەو وڵاتەدا بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەرەو هەڵکشان دەچێ . هەر لەو پێوەندییەدا و بەتایبەت لەماوەی جێگیربوونی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و عێراق، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەر بنکەکانی کۆماری ئیسلامی لەو دوو وڵاتە چڕترکردۆتەوە و تەنیا لە ماوەی یەک حەووتوودا دووجار هێرشی کردۆتە سەریان لە سووریە و ڕاشکاوانەش دەیگرێتە ئەستۆی خۆی و کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی تەنیا بێدەنگی هەڵدەبژێرن و توانای وڵامدانەوەیان نییە. لە تازەترین هەواڵدا، ڕێکخراوی چاودێریی مافى مرۆڤى سوریە ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە لە شارى "بووکەمال"ى سەر بە پارێزگاى دێرەزوورى سووریە، ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشى کردە سەر بنکەی گوردانى ٤٧ى گرووپە میلیشیاکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى و سوپاى قودس. لەو هێرشەدا جگە لە وێرانکردنى چەند شوێنى سەربازى و جبەخانە، زیاتر لە پێنج پاسدارى سوپاى قودسیش کوژراون.