![](/files/photo_2019-12-26_09-53-29.jpg)
بەشێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ داواکارن کە ئەنجوومەنی ئاسایش بە دژی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارنامەیەک دەربکات و هەڵوێستی بە پەلەو جیددی هەبێت.
لە نامەی سەرئاوەڵەی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی مافی مرۆڤ بۆ "کلەی کرێفت" باڵوێزی ئەمریکا کە سەرپەرەستی دەورەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە ئەستۆیە، باس لە خەمساردی نێونەتەوەیی کراوە لە هەمبەر سەرەڕۆیی و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەو نامەیەدا کە ١٦ چالاکی مافی مرۆڤ واژۆیان کردووە، ڕوو بە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش هاتووە: "کۆماری ئیسلامی دەست ناپارێزێ و خەریکی جینایەتە و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا بە سەدانی کەس لە خۆپێشاندەرانی کوشتووە و هەزاران کەسی دیکەشی دەسبەسەر کردووە.
چالاکانی مافی مرۆڤ لەو نامەیەدا دەڵێن: "ئێمە داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە لە زووترین کاتدا بە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی هەبێ و پاڵپشتی لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بکات".
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە تەنیا لە خۆپێشاندانەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵدا جیا لە پچڕانی ئینتێرنێت و پێکهێنانی کەشی ئەمنیەتی، زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژران و باس لە دەسبەسەرکرانی ٨٠٠٠ کەسیش دەکرێ و خەڵکێکی زۆریش بریندار بوون.
هەروەها لە درێژەی کاردانەوەکان لەو پێوەندییەدا ١٣٥ هونەرمەندی دێکیومێنت ساز لە پەیامێکدا وێڕای مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامی، خوازیاریی پاڵپشتی نێونەتەوەییان کردووە لە خەڵکی ئێران و ئازادی ڕادەربڕین و مافی خۆپێشاندان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی سەرکوت دەکرێ