![](/files/NEWSKURDISTAND.jpg)
کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی بانەیی لە هەوڵدان کە بەندکراوێکی مەحکووم بە ئێعدام لە پەتی سێدارە ڕزگار بکەن.
بەشێک لە چالاکان و خێرخوازانی شاری بانە لە هەوڵدان کە پێش لە ئێعدامی لاوێک بگرن کە چەند ساڵ پێش لە ڕووداوێکدا بووەتە هۆی کوژرانی کەسێک و ئێستا سزای قەساسی بەسەردا سەپاوە.
هەڵسووڕاوان و چالاکانی مەدەنیی شاری بانە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک داوای یارمەتی ماددی و مەعنەوییان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە لەو کارە خێرخوازانەدا بەشدار بن.
لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتووە:
خەڵکی تێگەیشتوو، وشیار و دڵۆڤان و مرۆڤدۆستی کوردستان ئاگادارتان دەکەینەوە کە کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، مامۆستایانی ئایینی، باوەڕپێکراوانی دڵسۆزی شاری بانە، پێکەوە کۆ بووینەوە و بۆ ڕزگاری گیان و ژیانی لاوێک کە چەند ساڵ لەمەوبەر، بەداخەوە لە دەرەنجامێکی ناشارەزا و بەپەلە، تووشی ڕووداوی کوشتن بووە و ئێستاکە لە سەروبەندی ڕووبەڕووبوونەوەی حوکمی لە سێدارەداندایە بۆ ڕزگارکردنی هەوڵەکانمان دەستپێکردووە.
بە تێکۆشانێکی زۆر و دانیشتنگەلی بەردەوام، توانیومانە قەناعەت بە بنەماڵەی بەڕێزی قوربانییەکە بێنین کە بەخاتری ڕەزای خودا و کۆتایی توندوتیژی و نەمانی دژمنایەتی نێوانیان و هێمنی و تەبایی کۆمەڵگە، لە تۆڵەسەندنەوە چاوپۆشی بفەرموون و بە پێدانی خوێن بایی لە قاتڵی کوڕەکەیان خۆش بن.
لە درێژەی پەیامی چالاکانی مەدەنی و خێرخوازانی بانەییدا هاتووە کە دۆخی ژیانی تاوانبار لە ئاستی جێبەجێ کردنی بڕە پارەی قەساسدا نییە و هەر بۆیە پێویستی بە هەرەوەزی یارمەتییە .
هاونیشتمانییەکی بانەیی لەو پێوەندییەدا بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند کە ئێمە وەکوو کەسانی خێرخواز بە ڕێکخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی "نجات محکوم بە قصاص" و بڵاوکردنەوەی ژمارە حیسابی بانکی لە هەوڵداین ئەو لاوە لە مەرگ ڕزگار بکەین.
شایانی باسە میلاد فەتحی لاوی بەندکراو چەند ساڵ پێش تووشی قەتڵ دەبێ و ئێستاکە سزای ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کە چەند ساڵێکە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی توندوتیژی و ژیانی دووبارە بەخشین بە تاوانباران بووتە نەریتێکی مەدەنی و تاکوو ئێستا بە تێکۆشانی چالاکانی مەدەنیی کورد چەند کەس لە مەرگ ڕزگار کراون.